مامۆستایانى خوێندنی كوردی لە كەركوك خۆپیشاندانیان ئەنجامدا
لە کەرکوک مامۆستایانی خوێندنی کوردی و مامۆستایانی گرێبەست لەپێش یەکەی سەرپەرشتیاری کەرکووک خۆپیشاندانیان ئەنجامداو داوای جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان کرد.
ناوەندی هەواڵ
ئەمڕۆ لەپێش یەکەی سەرپەرشتیاریی شاری کەرکوک، مامۆستایانی خوێندنی کوردی و مامۆستایانی گرێبەست خۆپیشاندانیان ئەنجامداو تیاییدا داوای جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان دەکرد كە خۆی دەبینێتەوە لە دابەشكردنی موچە لە وادەی خۆیدا و هەروەها تەوتینكردنی موچەكانیان.
هەروەها لەخۆپیشاندانەکەدا، یەکەی سەرپەرشتیاری کەرکووک وتارێکیان پێشکەشکرد، تیایدا پشتیوانی خۆیان بۆ مامۆستایان دەربڕی و داوایان لە هەردوو حکومەتی كاربەڕێكەری هەرێم و حکومەتی عێراق كرد کێشەی مووچەی مامۆستایان چارەسەر بکەن.
هەر لە خۆپیشاندانەکەدا چەند وتەیەک لەلایەن بەشێک لە ئامادەبووانەوە پێشکەشکرا، لەوتەکاندا داواکرا کێشەی مووچەی مامۆستایان و فەرمانبەران چارەسەر بکرێت.
هاوكات، تا ئێستا چارەنووسی مووچەی مانگی ١٢ـی ساڵی ڕابردوو نادیارە و تا ئێستا هیچ وادەیەك بۆ دابەشكردنی نییە لە كاتێكدا لە مانگی شووباتداین.
ئەوەش لەكاتێكدایە، ماوەی ٨ ڕۆژە بەشێك لە مامۆستایان و فەرمانبەران بەهۆی پێنەدانی مووچە و دەست پێنەكردنەوەی پلە بەرزكردنەوە مانگرتنیان ڕاگەیاندووە.