بۆ مانگرتووانی سلێمانی نامەیەک ئاڕاستەی دۆناڵد ترامپ دەکرێت

لقی هەرێمی کوردستانی ڕێکخراوی جیهانی مافی مرۆڤ لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەبارەی دۆخی مانگرتووانی سلێمانی نامەیەکیان ئاڕاستەی دۆناڵد ترامپ كرد.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ ٤ی شوبات، ڕێکخراوی جیهانی مافی مرۆڤ لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لقی هەرێمی کوردستان لەبەردەم خێمەی مانگرتووانی سلێمانی كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیان ئەنجامدا و تێیدا لەبارەی دۆخی مانگرتووانەوە پەیامێكی ئاڕاستەی سەرۆكی ئەمریكا كرد.

 

لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە، حكومەتی هەرێم دابینکردنی مافە سەرەتاییەکانی هاوڵاتیانی پشگوێ خستووە، کە ئەمەش جێگەی قبوڵ نییە و خەڵکی کوردستان شایەنی حکومەتێکن کە خزمەتیان بکەن و مووچەیان بە دادپەروەرانە بەسەردا دابەشبکات نەک حکومەتێک کە ئیستیغلالیان بکەن، تا کاتێک نادادپەروەری بەردەوامبێت، ئێمە لەگەڵ خۆپیشاندەران و مانگرتوواندا دەبین و بێدەنگ نابین.

 

ئاماژە بەوەشكراوە، هەرێمی کوردستان، ماوەیەکی زۆرە بەدەست گەندەڵی و خراپ بەڕێوەبردنی حکومڕانییەوە دەناڵێنێت ئەمەش کاریگەری لەسەر هەموو سێکتەرەکانی ژیان درووستکردووە، ساڵانێکی زۆرە فەرمابەران لە هەرێم چەندین جار لە مووچەکانیان بێبەشکراون لە کاتێکدا سەروەت و سامانی هەرێم بەتایبەتی نەوت و سامانە سرووشتییەکان لە رێگەی گەندەڵییەوە خراپ بەکار هێنراون.

 

ئەوەش خراوەتەڕوو، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی سەرکوتکردن و پێشێلکاری بەردەوامی مافەکانی گەلی کوردستانەوە قەیرانێکی ئابووری و کۆمەڵایەتی درووستكردووە و دەسەڵاتە خۆجێیەکان بەشێوەیەکی نایاسایی دەستیان گرتووە بەسەر داهاتی نەوتدا بۆ بەرژەوەندییە سیاسییە تایبەتەکان.

 

ئاماژە بەوەشكراوە، هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان لە دۆخێکی ناجێگیردا ماونەتەوە و بەشێوەیەک کە ناتوانن پێداویستییە سەرەتاییەکانیان دابین بکەن.