مافی مرۆڤی ئێران: زیندانی قەرچەک بووەتە شوێنی ئەشکەنجەدانی زیندانیانی سیاسی ژن
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران بڵاویکردەوە، زیندانی قەرچەک بووەتە شوێنی ئەشکەنجەدانی زیندانییانی سیاسی ژن، ژیانی دەیان ژنی زیندانی لە زیندانی قەرچەک لە مەترسیدایە.

ناوەندی هەواڵ
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران لە ڕاپۆرتێکدا سەبارەت بە بارودۆخی ژنانی زیندانی لە زیندانی قەرچەکی تاران ئاماژەی بەوەکردووە، زیندانی قەرچەک بووەتە شوێنی ئەشکەنجەدان، بێبەش بوون و قەیرانی مرۆیی بۆ زیندانییانی سیاسیی ژن، زیندانی قەرچەک بە توندوتیژیی سیستماتیک دژی زیندانیانی ژن ناوبانگی پەیدا کردووە و بووەتە سیمبولی ئەشکەنجەدانی بێدەنگ.
ئاماژە بەوەشکراوە، بڕینی کارەبا بۆ ماوەیەکی درێژ و گەرمای بەرگە نەگیراو، نەبوونی خزمەتگووزاری تەندرووستی و نەبوونی ئاوی پێویست ژیانی دەیان ژنی زیندانی سیاسیی خستووەتە مەترسییەوە.
ئاماژە بەوەشکراوە، بەشێک لە زیندانیانی سیاسیی ژن تووشبووی نەخۆشی درێژخایەنن و لە چارەسەری پزیشکی بێبەش کراون.
زیندانی قەرچەک یەکێکە لە زیندانە گەورەکانی شاری تارانی پایتەختی ئێران، ئەم زیندانیە دەکەوێتە بیابانەکانی ڕۆژهەڵاتی تاران، کە تاوانە جۆراوجۆرەکان وەک کوشتن، چەکداری، بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر لەخۆدەگرێت.