بەهۆی بێدەنگی لە بەرامبەر تاوانەکانی سوەیدا چەند ناوەندێک کارەکانیان ڕادەگرن
چەند ناوەندێک لە شاری سوەیدا لە سووریا ڕایانگەیاند کە مامەڵەکردن لەگەڵ ناوەندەکان لە دیمەشق ڕادەگرن یان کارەکانیان ڕادەگرن، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە پشتگوێخستنی ئەوەی لە سوەیدا ڕوودەدات بەشداریکردنی ڕاستەقینە لە تاوانەکەدا پێکدەهێنێت.

ڕۆشێل جونیور
سوەیدا- دوابەدوای هێرشی ئەم دواییە بۆ سەر شاری سوەیدای سووریا و ئەو گەمارۆیەی کە بەسەر شارەکەدا سەپێندرا، کۆمەڵێک ناوەندی پیشەیی و مەدەنی لە سوەیدا هەڵپەساردنی هەموو جۆرەکانی هاوکاری و پەیوەندی لەگەڵ ناوەندییەکان لە دیمەشق ڕاگەیاند، ئەمەش وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بەو شتەی کە بە "بێدەنگی هاوبەش" پێناسەیان کرد سەبارەت بەو کۆمەڵکوژی و پێشێلکاریانەی لە ١٣ی تەمووزەوە پارێزگاکە تووشی بووە بۆ جینۆساید دژی ئەندامانی کۆمەڵگەی دروز.
ناوەندەکانی کە بایکۆتیان ڕاگەیاند
ناوەندی هونەرمەندان، ناوەندی ئەندازیارانی کشتوکاڵی، ناوەندی پارێزەران، ناوەندی مامۆستایان، ناوەندی پزیشکان، ناوەندی پزیشکانی ڤێتێرنەری، ناوەندی دەرمانسازەکان و ناو کرێکاران.
ئەم ناوەندانە ڕاگەیاندراوی فەرمییان بڵاوکردەوە و ڕاگرتنی هاوکاری لەگەڵ ناوەندییەکان یان ڕاگرتنی کارکردنیان لەگەڵیان ڕاگەیاند، ئەوان پشتگوێخستنی ئەوەی لە سوەیدا ڕوودەدات بە بەشدارییەکی کاریگەر لە تاوانەکەدا زانی و بێدەنگی سەبارەت بە کوشتن و گەمارۆدان و برسێتی تەنیا بە هاوبەشیکردن دەتوانرێت ڕوونبکرێتەوە.
پارێزەرێک دەستی لەکارکێشایەوە لە ناوەندی پارێزەران
سەلام عوبێد، پارێزەر و ئەندامی پێشووی ناوەندی پارێزەران، دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لە ناوەندەکە ڕاگەیاند، وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بەو کارەی کە بە "کردەوەی توندڕەوی" پێناسەیکردووە کە شارەکە تووشی بووە، هێرشبەرەکان هیچ پەیوەندییەکیان بە ئاسایش و سەقامگیرییەوە نییە، بەڵکو لەبری ئەوە بەبێ ڕێگریکردن کوشتن و سووتاندن و دزیکردن ئەنجامدەدەن.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئێمە لەلایەن هاوکارەکانمانەوە لە کۆبوونەوەی گشتیدا هەڵبژێردراین، لیژنەکانمان بۆ خزمەتکردنی کۆمەڵەکە پێکهێنا، هەموو هەوڵێکماندا بۆ ئاسانکاریکردنی کارەکانی سەرەڕای بارودۆخە سەختەکە، بەڵام کاتێک هەموو بەهاکان داڕما و کۆمەڵکوژییەکان دەستیپێکرد، چیتر نەمانتوانی بەردەوام بین.
سەلام عوبێد ئازاری خۆی لە نەبوونی هیچ هەڵوێستێک لە کۆمەڵەی ناوەندی دەربڕی و ئاماژەی بەوەدا کە دەستلەکارکێشانەوەکە "کەمترین شتە کە دەتوانین بیکەین" و نوێنەرایەتی هەڵوێستێکی ئەخلاقی دەکات بەرامبەر بەو شتانەی کە ڕوودەدەن، ئێمە داوای پشتگیری دارایی ناکەین، دەمانەوێت دان بە کارەساتەکەدا بنێین و بکوژەکان تاوانبار بکەین، بەڵام ئەوان بێدەنگیان هەڵبژارد، ئێمەش دەنگمان بۆ دادپەروەری هەڵبژارد.
سەرەڕای دەست لەکارکێشانەوەکە، سەلام عوبێید دڵنیایکردەوە کە خۆی و هاوکارەکانی بەردەوام دەبن لە خزمەتکردنی ناوەندەکە لەسەر ئاستی ناوخۆیی و بەڕێوەبردنی کاروبارەکانی بەشێوەیەک کە خزمەت بە هاوپیشەکان و شارەکە بکات، بەو هیوایەی لە ئەرکەکانیان بەرامبەر بە دانیشتووان کەمتەرخەم نەبن.
"ناوەند هاوبەشە لە جینۆسایدی سوەیدا دا"
دارین عەزام، ئەندامی لقی هەرێمی باشووری ناوەند هونەرمەندان، توڕەیی قووڵی خۆی دەربڕی لە بێبایەخکردنی ناوەند بەو شتانەی لە سوەیدا ڕوودەدەن، ئەوەی ڕوودەدات تەنها پشێوی ئاسایشی نییە، بەڵکو شەڕێکی سیستماتیکە کە هاوڵاتیانی مەدەنی بە تایبەتی ئەندامانی کۆمەڵگەی دروز دەکاتە ئامانج.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە سەرەتای شەڕی ئەم دواییەی سوەیداوە، ئێمە بە گەمارۆدان و برسێتییەکی سیستماتیکیدا دەژین، سەرەڕای هەموو ئەو بانگەوازە درۆیانەی دەسەڵاتداران کە هەوڵدەدەن دۆخەکە وەک ئەوەی لە کۆنتڕۆڵدایە پیشان بدەن، ڕاستییەکە ئەوەیە کە یەکێک لە ئەندامانی ناوەندەکەمان لەکاتی بەرگریکردن لە ماڵ و گەڕەکەکەی کوژراوە، ناوەندیش هیچ ڕاگەیاندراوێکی هاوسۆزی دەرنەکردووە.
دارین عەزام ئەم بێدەنگیەی بە "هاوبەشی هاوبەش لە تاوانەکەدا" پێناسە کرد و جەختی لەوە کردەوە کە یەکێتی ناوەندی یاسادانی ئەخلاقی و پیشەیی خۆی لەدەستداوە و لقی باشوور بە کۆی دەنگ بڕیاریدا هەموو هاوکارییەکانی لەگەڵیدا هەڵپەسێرێت، وتی: داوایان لێناکەین چەک هەڵبگرن، بەڵکو ڕاستییەکان قسە بکەن، دەبێت دان بەوەدا بنێن کە ئەوەی ڕوودەدات جینۆسایدە، نەک تەنها تیرۆری خێڵەکی، وەک خۆیان بانگەشەی بۆ دەکەن، ئەم پێناسە نادروستەی ڕووداوەکانی سەر زەوی ڕۆژ لە دوای ڕۆژ دەیسەلمێنن کە پلانێکی سیستماتیک هەیە بۆ لەناوبردنی سوەیدا.
ئاماژەی بەوەشکرد، گەمارۆدانەکە بەردەوامە، هەروەها هاتنە ناوەوەی هاوکارییەکان پێداویستییەکانی هاوڵاتیان دابین ناکات، سەرەڕای فشارە نێودەوڵەتییەکان، جگە لەوەش ئاو و کارەبا پچڕاوە، لەگەڵ کەمیی پێداویستییە پزیشکی و خۆراکییەکان، ئەمەش لە کاتێکدایە کە بەتەواوی هیچ پشتیوانییەک لەلایەن دامەزراوە فەرمییەکانەوە نییە.
ڕوونیشیکردەوە، ئێمە وەک هونەرمەندان لەم ئازارە بێبەرامبەر نین؛ لەڕاستیدا ڕەنگە هەستیارتر بین بەرامبەری، چونکە بەهاکانی ژیان و جوانی بەرز ڕادەگرین، بۆیە بڕیارمانداوە هەڵوێستێکی تۆکمە بگرینەبەر و داوا لە هەموو ناوەندەکان و ڕێکخراوە مەدەنی و ناحکومییەکان دەکەین بایکۆتی ناوەندییەکان بکەن تا ئەوکاتەی هەڵوێستی ڕاستەقینە و شەرەفمەندانە دەگرنەبەر.
لە کۆتایی قسەکانیدا دارین عەزام وتی: ئەگەر یەکێتیی ناوەندی درێژە بەو بێبایەخییە بدات، ئەوا بایکۆت بەردەوام دەبێت، بەڵام ئەگەر هەڵوێستی خۆی چاک بکاتەوە، ئێمە ئامادەین بگەڕێینەوە، چونکە یەکێتییەکە هی هەموومانە نەک هی کەس.
"بێدەنگی یەکێتییە ناوەندییەکان لە بەرامبەر کۆمەڵکوژییەکان، خیانەتێکی ئەخلاقییە"
ڕاقیە شاعیر، ئەندامی ناوەندی ئەندازیارانی کشتوکاڵی سوەیدا، باسی لە هێرشی سەر ئەو شارە کرد کە زیاتر لە سێ هەفتەیە بەردەوامە، کە بە "جینۆسایدێک دژی کۆمەڵگەی دروز" پێناسە کرد.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەوەی لە سوەیدا ڕوودەدات هێرشێکی خێرا نییە، بەڵکو لە ئەنجامی هاندان و کۆکردنەوەی سیستماتیکە کە چەند مانگێک لەمەوبەر دەستیپێکردووە، بە بەکارهێنانی هەموو ئامرازەکانی درۆ و بوختان، دوایین هێرش ترسناک بوو، کۆمەڵکوژیکردن لە دژی هاوڵاتیانی مەدەنی ئەنجامدرا، لە نێو بێدەنگیی ناوەندەکانی، بە پێشەنگایەتی ناوەندی ئەندازیارانی کشتوکاڵی لە دیمەشق.
دووپاتیکردەوە کە ناوەندی ناوخۆیی ڕاگەیاندراوێکی فەرمی بڵاوکردەوە و ڕاگرتنی هاوکارییەکانی لەگەڵ ناوەندەکە ڕاگەیاند وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بەم بێدەنگییە، کە بە "نەفرەت لێکراو" پێناسەی کرد، ناوەندەکانی دیکەی سوەیدا هەمان هەڵوێستیان گرتۆتەبەر، لەوانە ناوەندی پزیشکان، ناوەندی مامۆستایان و ناوەندی پزیشکانی ڤێتێرنەری.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئێمە داوای مەحاڵەکان ناکەین، بەڵکو هەڵوێستێکی مرۆڤانە و ئەخلاقیمان هەیە، ڕاگەیاندراوێکی تاوانبارکردن، وشەیەکی هاودەنگی، هەر شتێک کە نیشان بدات کەسێک دەیبینێت و گوێی لێدەگرێت، بەڵام ئەوان بێدەنگیان هەڵبژارد، ئێمەش دەنگمان بەرزکردەوە.
لە کۆتایی قسەکانیدا، ڕاقیە شاێعیر ڕایگەیاند، یەکێتی ناوخۆیی بەردەوام دەبێت لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانی بەرامبەر بە ئەندامەکانی، بەڵام مامەڵە لەگەڵ هیچ دەسەڵاتێکی ناوەندی ناکات تاوەکو دان بەو شتانەدا نەنرێت کە لە سوەیدا ڕوودەدات و نەناسرێت و هەڵوێستێکی ڕوون و ڕاستگۆیانە وەرنەگیرێت.