پێشێلکردنی مافەکانی ژنانی ئەفغانستان بەردەوامی هەیە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بێدەنگە

تاڵیبان بەردەوامە لە سەپاندنی سنووردارکردنی توند بەسەر مافەکانی ژنان لە ئەفغانستان، بەهۆی ئەوەی پرۆگرامە پەروەردەییەکانی بۆ ژنان لە پارێزگای بەنجشیرهەڵوەشاندەوە و خوێندنگەیەکی ئامادەیی پیشەیی داخست.

ناوەندی هەواڵ

 

 ڕەتکردنەوەی خوێندن لە لایەن تاڵیبانەوە بۆ ژنان یەکێکە لە پێشێلکارییە گەورەکانی مافی مرۆڤ لە سەردەمی نوێدا، بەو پێیەی ملیۆنان ژنی گەنج لە مافێکی سەرەتایی ژیان و گەشەکردن بێبەش کراون، لەوەتەی گەڕانەتەوە بۆ سەر دەسەڵات، سنووردارکردنی توندیان بەسەر خوێندندا سەپاندووە، لە ڕێگریکردن لە چوونە خوێندنگە تا قەدەغەکردنی خوێندنی زانکۆ.

 

لە پارێزگای بەنجشیرلە ئەفغانستان، پێشێلکارییەکانی مافەکانی ژنان بەردەوام لە زیادبووندایە، چونکە بەشی پەروەردەی تاڵیبان بەرنامەکانی خوێندەواری بۆ ژنان هەڵوەشاندەوە، ئەم بەرنامانە کە مێژووەکەیان بۆ سەردەمی کۆماری دەگەڕێتەوە، دەرفەتێکی پەروەردەیی بۆ ئەو ژنانە ڕەخساند کە پێشتر وازیان لە خوێندن هێنابوو.

 

هەروەها تاڵیبان خوێندنگەیەکی ئامادەیی پیشەیی داخست کە خوێندنی جیاوازی بۆ ژنانی گەنج و کوڕان دابین دەکرد، وە لەو کاتەوەی تاڵیبان دەسەڵاتی گرتە دەست خوێندنی منداڵانی کچی سنووردارکرد تا پۆلی شەشەی سەرەتایی.

 

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە هەژماری دیجیتاڵی خۆیدا سەبارەت بە سەپاندنی باڵا پۆشی لەلایەن تاڵیبانەوە بەسەر ژنان لە پارێزگای هەرات بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و دووپاتیکردەوە، کە تاڵیبان ژنان لە هەموو بوارەکاندا پەراوێز دەخات و بە شێوەیەکی سیستماتیکی ماف و کەرامەتیان لێ زەوت دەکات.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا تاڵیبان پۆشینی باڵاپۆشی ''نیقاب''ی بەسەر ژنانی هەراتدا سەپاندووە و ڕێگرییان لە چوونە ژوورەوەی ژنانی بی نیقاب کردووە بۆ فەرمانگە و نەخۆشخانەکانی حکومەت، ئەم کارانە دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی چاودێری تەندروستی ژنان بە توندی سنووردار دەکەن، داوای هاودەنگی لەگەڵ ژنانی ئەفغانستان و پشتیوانی لە مافەکانیان دەکەن.