لاوێن کوردە: بەشێک لە ڕاگەیاندنەکان نائارامی دەروونی خوێندکاران زیاتر دەکەن

لاوێن کوردە تۆفیق، چارەسەرکاری دەروونی دەڵێت: خوێندکارانی قۆناغی سەرەتایی زیاتر ڕووبەڕووی ئاستەنگی دەروونی دەبنەوە، سەرەتایی دەستپێکی خوێندینیانە بەهۆکاری ئەزمونی تازەی خوێندن فشارێکی دەروونیان لەسەرە، بەشێک لە ڕاگەیاندنەکان نائارامی دەروونی زیاتر دەکەن.

هێلین ئەحمەد

 

سلێمانی- بایکۆتکردن، بریتییە لە هەڵوێستەیەکی کرداری یان شێوازێکی مەدەنیانە و ناتوندوتیژیانە، بۆ دروستکردنی فشار لە لایەن هاوڵاتیانەوە بۆ سەر لایەنێکی دەسەڵات بۆ گەیشتن بە ماف و داواکارییەکانیان، ئەمەش لە کاتێکدا ڕوودەدات کە دەسەڵاتدار دەستبگرێت بەسەر مافی هاوڵاتیاندا، واتە لە بەرامبەر جێبەجێکردنی ئەرکەکانیاندا مافەکانیان زەوتدەکرێت و دوور لە یاسا مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت، بۆیە هاوڵاتیان بۆ وەرگرتنەوەی مافەکانیان لە ژێر ناوی بایکۆتدا هەڵوێست وەردەگرن، کە بایکۆت هەڵوێستیکی هیمنانەیە و دوور لە هەموو جۆرە توندوتیژیەک ئەنجامدەدرێت، لە کۆمەڵگەی شارستانیەتدا، بایکۆت هێمایە بۆ گەشەی کۆمەڵگە و خەباتی مەدەنی پێشکەوتنی گەل، هەروەها بایکۆت ڕەنگدانەوە و کاریگەری زۆری هەیە بۆ بەدەستهێنانی مافە زەوتکراوەکان و هەڵوێستە کردن لەسەر ستەم و پێشێلکاریەکان  و ڕێگریکردن لێی، وە لە هەرێمی کوردستانیشدا زیاتر لە ١٠ ساڵە مامۆستایان و فەرمانبەران و بەشێک لە کاسبکاران، لە ڕێگەی بایکۆتەوە داوای مافە سەرەتاییەکانیان دەکەن، کە سەرئەنجام بایکۆتەکان زیانی دەروونی و فێرربونی زانستی بە خوێندکاران گەیاندووە، زۆرێک لە خوێندکاران لە ڕێگەی بایکۆتەوە ناتوانن زانست بە تەواوی لە سیستمی پەروەردەدا وەربگرن، هەروەها ئەو دابڕانە زۆرە لە خوێندنگە خولیا و ئاواتی خویندکارانی لەناوبردووە، خوێندکاران ڕوبەڕووی ئاستەنگی خوێندن و بێزاری دەربرین دەبنەوە، بەشێکی زۆر لە خوێندکاران ڕوبەڕوی نائارامی دەروونی دەبنەوە کە کاریگەری لەسەر داهاتووی خوێندکاران دروست دەکات، وە پێنەدانی موچەی مامۆستایان و ئەنجامدانی بایکۆت هۆکاری لاوازی پەرەپێدانە بە تواناکانی خوێندکاران کە کەمتر هەوڵ بۆ خوێندن و پەروەردە دەدەن و بەشیک لە خوێندکارانیش یاساکانی خوێندن جێبەجێ ناکەن، بۆیە ئەم تێکچونە دەروونییەی خوێندکاران لە ڕێگەی سیستماتیکەوە دروستکراون و منداڵانی لەسەر ڕادەهێندرێت.

 

''بەشێک لە خوێندکاران بە هۆکاری ئەو بارودۆخەی خوڵقێندراوە یاساکانی خوێندن پەیڕەو ناکەن''

لاوێن کوردە تۆفیق، چارەسەرکاری دەروونی، باس لە خراپی لایەنی دەروونی خوێندکاران دەکات، ئەو بارودۆخە دەروونییەی کە لە لایەن دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستانەوە بۆ کەرتی پەروەردە دروستکراوە، کەهۆکارێکە بۆ نائارامی دەروونی خوێندکاران، ماوەی ١١ ساڵە ناجێگیری لە کەرتی پەروەردەدا دروستبووە و خراپی باروودۆخی ئابوورییش بۆتە هۆکاری دروستبوونی بایکۆتی مامۆستایان لە کەرتی پەروەردە و خوێندنی باڵادا، کە ئەو ناجێگیرییە کاریگەری لەسەر دەروونی منداڵان دروستدەکات، ڕایگەیاند: ئەو بارودۆخە ناجێگیرییەی لە کەرتی پەروەردەدا هەیە ناجێگیری لە دەروونی منداڵاندا دروست دەکات، خوێندکاران زیاتر لە ١١ ساڵە بەردەوام دەکەونە بایکۆتی مامۆستایانەوە بۆیە لە ئێستادا ناجێگیریەکیان بۆ دروست بووە، کە ئایە دەستدەکرێتەوە بە خوێندن یان بایکۆت دەکرێت، کە ئەوەش بۆتە هۆکاری لاوازی پەرەدان بە تواناکانی خوێندکاران کە کەمتر هەوڵ بۆ خوێندن و پەروەردە دەدەن، بەشێک لە خوێندکاران یاساکانی خوێندن جێبەجێ ناکەن، هەروەها بەهۆی بایکۆتی خوێندنەوە چەندین ساڵە تەنها چەند مانگێکی کەم خوێندن لە خوێندنگاکاندا بەردەوامی هەبووە، ئەمەش وایکردوە بە شێوازێکی نا دروست خوێندن بە خوێندکاران تەواوبکرێت، ئەو لایەنە دەروونییەشی کە منداڵ تێیدایە دوریان دەخاتەوە لە گوێڕایەڵیبوونی یاساکانی خوێندن، کە بەهۆکاری دوبارەبوونەوەی بایکۆتەوە پەیڕەوی یاساکانی خوێندن ناکەن وخۆیان لە چوارچێوەی یاساکانی خوێندن وە دەردەخەن و سەربەخۆی هەڵدەبژێرن، کە  تەواوی ئەم تێکچونە دەروونییەی خوێندکاران لە ڕێگەی سیستماتیکەوە دروستکراوە و منداڵانی لەسەرڕادەهێندرێت، پاشان ڕاگەیاندنەکان لە ڕێگەی بەردەوامی هەواڵەکان و دواندنی بەشێک لە منداڵانەوە ڕێگەخۆشکەرن بۆ لاوازکردنی ئارەوزووی خوێندنی منداڵان، بەردەوامی دروستکردنی کێشمەکێشمی بایکۆتی مامۆستا لە ڕاگەیاندنەکاندا خولیای خوێندن کەمدەکاتەوە، هەروەها ڕاگەیاندکاران بەشێک لە خوێندکاران بە هۆکاری دروستکردنی گاڵتەوگەپەوە دەدوێنن کە خوێندنگەیان وەک دێوەزمەیەکی گەورە ببینن، بەنموونە خوێندکار خوێندگەکەی وەک زیندان دەبینێت، کاتیک منداڵ لە خوێندن دادەبڕێت بەرکەوتەی لەگەڵ شاشە و چەندین یاری دیکەدا دەبێت، کاتێکیش لە ناکاو خوێندن دەستپێدەکاتەوە لە لایەن خێزانەوە زیاتر هانی خوێندنی دەدرێت، لە ئاکامدا خوێندگە وەک زیندانێک دەبینێت کە هەموو ئازادییەکی یاریکردن و بەکارهێنانی ئامێرە ئەلکترۆنییەکانی لێ زەوتدەکات، هەربۆیە ئەو بارودۆخە دەروونی و بایکۆتانەی دروستکراون هۆکاری سەرەکین بۆ دروستبوونی لاوازی بارودۆخی کەرتی پەروەردە.

 

''بەشێک لە ڕاگەیاندنەکان نائارامی دەروونی خوێندکاران زیاتردەکەن''

لاوێن کوردە، ئاماژەی بەوەکرد، خوێندکارانی قۆناغی سەرەتایی زیاتر ڕووبەڕووی ئاستەنگی دەروونی دەبنەوە، بەشێوەیەک ئەو خویندکارانەی سەرەتایی دەستپێکی خوێندینیانە بەهۆکاری ئەزمونی تازەی خوێندن فشارێکی دەروونیان لەسەرە، ئەو ئەزمونە تازەیە بەهۆکاری دروستبوونی بایکۆتی خوێندنەوە چەند جارێک وەستانی تێدەکەوێت، هەربۆیە بارێکی دەروونی ناجێگیریان بۆ دروستدەبێت، ئەوناجێگیرییەش دەبێتە هۆکاری دروستبوونی سەربەستییان، بۆیە زۆرکات خوێندگاکان وەک قەفەزێکی داخراو و زیندان دەبینن، وە ئەو بارودۆخە خولیای کاری سەربەخۆ لە لای منداڵان دروست دەکات، هەروەها لە پاڵ تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان و ئەو بارودۆخەی بۆ خوێندکاران خوڵقێندراوە، بەشێک لە دایک و باوکان نەرێنیانە ڕۆڵیان گێڕاوە، سەرەتای خوێندنی منداڵ چەندین هەڵەی خوێندنی تێیدا ڕوودەدات کە بارودۆخێکی ئاساییە، بەڵام خێزانەکان بۆ دروستبوونی گاڵتەوگەپ لە تۆڕەکۆمەڵایەتیەکاندا بڵاویان دەکەنەوە، کە ئەمەش لاوازبوونی باری دەروونی و نەبوونی متمانە لە لای منداڵان دروستدەکات، هەروەها دەبیندرێت منداڵێک یەکەم ڕۆژی خوێندنیەتی بەڵام خێزانەکەی وێنەی گریان و شێوازی مامەڵەکردنی لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بۆ گاڵتە ئامێز بڵاودەکاتەوە، لە کاتێکدا ئەو منداڵە هەستی خۆی دەردەبڕێت بەوەی ئەزموونی تازەیەتی، بەڵام بۆ گاڵتە ئامێز بەکاردەهێندرێت، کە دەکرێت ئەو منداڵە لە لایەن هاوڕێ و کۆمەڵگەوە بە شێوازی گاڵتە ئامێز ڕەفتاری بەرامبەر ئەنجامبدرێت، ئەمەش دەبێتە هۆکاری دروستبوونی بارودۆخێکی نەرێنی و خۆشنەویستنی خوێندگاکەی کە بۆتە هۆکاری گاڵتە ئامێزپێی، هەروەها تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان دیمەنەکان ئەرشیف دەکات کە دەکرێت لەگەڵ گەورەبونیشیدا کاریگەرییەکەی لەسەر کۆمەڵگە و دەروونی بەجێ بمێنێت.

 

''لە ڕێگەی ئەنجامدای چەندین چالاکی دەکرێت دەروونی منداڵان بەرەو باشتر بچێت''

لە کۆتایی قسەکانیشیدا وتی: بەشێک لە کۆمەڵگەی ئێمە بارودۆخی ئابووری و بایکۆتی خوێندن بە خوێندکاران و نەبوونی داهاتوویەکی گەش دەبەستێتەوە، بۆیە پێویستە ئەو بابەتە نەرێنیانەی لە کۆمەڵگەدا دەربارەی خوێندن و دەسەڵات باسدەکرێت، لە شوێنێکدا ئاماژەی پێنەکرێت کە منداڵی تێدابێت، بە نموونە، لە زۆرێک لە منداڵەکانەوە دەبیستین، '' بۆ خوێندن تەواو بکەم، لەم وڵاتەدا داهاتوویەکی گەش چاوەڕێمان ناکات و ناگەم بە خولیاکەم "، ئەم وشانەش لە کۆمەڵگە و خێزانەکانەوە وەرگیراوە، بۆیە پێویستە ئەو بارودۆخەی لە ناوچەکەدا دەگوزەرێت بەرۆکی منداڵان نەگرێتەوە، منداڵان دەروونێکی پاکیان هەیە و زوو دەتوانن بارودۆخەکان لە دەروونیاندا جێ بکەنەوە، هەروەها پێویستە ئەو بارودۆخانەی لە دەروونی منداڵاندا دروستبووە کاڵی بکەینەوە و بۆیان شیبکەینەوە کە خوێندن زیندان نییە، یاساکانیشیان لەگەڵدا جێبەجێ بکەین ئەویش لە ڕێگەی پێدانی زانیاری لە بارەی پەروەردەوە، وە هەوڵی ئارامکردنەوەی دەروونیان بدەین، ئەو بارودۆخ و یاسایانەی لە خوێندگاکان بۆ خوێندکاران پەیڕەودەکرێت کاریگەری ئەرێینی لە دواڕۆژدا بەجێ دەهێڵێت، بۆیە پێویستە دایکان و باوکان ئاگاداری بارودۆخی دەروونی منداڵەکانیانبن لە کاتی ڕۆشتنیان بۆ خوێندگا، چونکە ئەگەرئەو بارودۆخە دەروونی و ئابووریەی کە هەیە لەگەڵ کاریگەری بایکۆت لەسەرمنداڵان بەردەوامی هەبێت لایەنی دەروونی منداڵان بەرەو لاوازی دەڕوات، وە ئەو بارودۆخانە کشانەوەی خویندکاران لە خوێندنگا دروست دەکات و ئەو ئەرکانەی پێیان دەسپێردرێت جێبەجێی ناکەن، کە لە ئێستا ڕۆژدەژمێرن بۆ تەواوبوونی خوێندنیان، بەڵام دەکرێت بارودۆخەکان باشتربکرێت، کە دەتوانرێت لە ڕێگەی چەندین گرتەی ڤیدۆیی هاندان بۆ خوێندن بارودۆخی دەروونی منداڵان باشتربکرێت، چونکە دەکرێت لە ڕێگەی کورتە فیلمەوە منداڵان خوێندنگا و وانەکانیان لا شیرنترببێت، کەواتە ئەم ڕێکارانە دەروونی منداڵەکان دەپارێزێت.