بە ئامانجگرتنی کۆمەڵەی ژنانی زەنوبیا لە دێرەزوورهەوڵێکە بۆ بێهیواکردنی ژنان

شانەکانی داعش لە دێرەزوور لە باکوورو ڕۆژهەڵاتی سووریا لەم دواییانەدا هێرشەکانیان بۆ سەرخەڵکی مەدەنی چڕتر کردووەتەوە و کۆمەڵەی ژنانی زەنوبیایان کردۆتە ئامانج کە کۆمەڵەیەکی مافی ژنانە و لەو پارێزگایە کاردەکات.

نور ئەحمەد

 

ڕەققە- کاردانەوەی توڕەیی بەرامبەر بە هێرشی سووتاندنی ناوەندێکی کۆمەڵەی ژنانی زەنوبیا لە پارێزگای دێرەزۆر لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەردەوامە.

 

ڕۆژی ١٧ی تشرینی یەکەم، گرووپێک لە شانە تیرۆریستییەکانی داعش لە شارۆچکەی ئەبو حەمام لە پارێزگای دێرەزۆر ئاگریان لە بارەگای کۆمەڵەی ژنانی زەنوبیا بەردا و زیانی ماددییان لێکەوتەوە، شەهرەزاد جاسم، ڕێکخەری ئەنجوومەنی کۆمەڵەی ژنانی زەنوبیا، لە لێدوانێکدا سەبارەت بە هێرشەکە ڕایگەیاند: هەوڵێکی ترسنۆکانە بووە و ئامانجەکەشیان شکستی هێناوە، بەڵام ئیرادەی ئازادی ژنان شکستی پێنەهاتووە وتەسلیمی هیچ هێرشێک نەبووە.

 

شەهرەزاد جاسم جەختی لەوە کردەوە، کە دامەزراندنی ئەنجومەنی کۆمەڵەی ژنانی زەنوبیا گرنگە و بەردی بناغەی پڕۆژەی دیموکراسیش لە ناوچەکەدا لەسەر بنەمای یەکسانی ڕەگەزییە، هەروەها "لەگەڵ ڕزگارکردنی ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لەدەستی داعش لەسایەی قوربانیدانی هێزەکانی سووریای دیموکرات و کۆتاییهاتنی توندوتیژی دژی ژنان، پێویست بوو ئەم کۆمەڵەی ژنانە دابمەزرێنین بۆ زیندووکردنەوەی ڕۆڵی ژنان، کە دەیان ساڵە پشتگوێ خرابوو".

 

بەو پێیەی سەدەی بیست و یەک سەدەی ئازادی ژنانە، کۆمەڵەی ژنان کارەکانی زیاتر کردووە، بەڵام لە بەرامبەردا ڕاستەوخۆ دەکرێتە ئامانج، "ژن تا قۆناغی دوای ڕزگاری لە ماڵەکانی خۆیاندا پێشەنگن و لە هەموو بوارەکانیشدا پێشەنگایەتی شۆڕشەکەیان دەکەن، ئەمەش پێچەوانەی سیاسەتی عەقڵیەتی توندڕەوییە، بۆیە ژنان لەلایەن توخمە دەرەکی و ناوخۆییەکانی دوژمنی بیرۆکەی ئازادیی ژنەوە دەکرێنە ئامانج، چونکە نوێنەرایەتی ئەو توخم و ئامرازە دەکەن لە ڕێکخستن وهۆشیاری و دیموکراسیدا، بۆیە بە بەئامانجگرتنیان هەوڵی لەناوبردنی ئیرادەی ئازادی دەدەن، وە ژنان و دەستکەوتە شۆڕشگێڕییەکانیان تێکدەدەن و بە دوورخستنەوەی ڕۆڵ و بەشداریکردنیان لە بنیاتنانی ئاشتیدا هەوڵدەدەن بیانگەڕێننەوە بۆ سەردەمی نەزانی''.

 

وتیشی: ئامانجی ئاگر تێبەردانی بینای ئەنجومەنی کۆمەڵەی ژنانی زەنوبیا لە گوندی ئەبو حەمام لە پارێزگای دێرەزۆرلەلایەن شانە تیرۆریستییەکانی داعشەوە ڕوون بووە، بەو پێیەی ئەو ئەنجومەنە شوێنێکە تێیدا بەرگری لە ژنان دەکرێت و داوای مافەکانیان دەکرێت و دادپەروەری پێشکەش دەکرێت، هەروەها کاردەکات بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ پرسە کۆمەڵایەتی و خێزانییەکان، وە سنووردارکردنی هاوسەرگیری منداڵان و فرەژنی، ئەمەش پێچەوانەی ئەو عەقڵیەتە پاوانخواز و پیاوانەیە کە ساڵانێکە بە ناوی ئەو داب و نەریتەوە ژنانیان بە کۆت و بەند کردووە.

 

جەختیشی لەوە کردەوە کە ئامانجی گروپەکە شکستی هێناوە، "هەوڵی دووبارە هەیە، ئەمە یەکەمجار نییە ژنێک بکرێتە ئامانج، باسی پەیامە هەڕەشە ئامێزەکانی کوشتن و ڕفاندن و زۆر شتی تریش ناکەین، ئەوان پێیان وایە کە ئێمە دەترسێنن و ئیرادەمان لاوازدەبێت، وە ئەو کردەوانە ڕێگریمان لێدەکات لە درێژەدان بە ڕێبازی خەبات و پێشکەوتنمان، بەڵام ئەوەی ڕوودەدات تەواو پێچەوانەیە، بەڵکو ئیرادەمان زیادیکردووە، وە هێزیشمان دوو هێندە زیادبووە''، هەروەها ئیرادەمان بەردەوامە بەو شتەی دەستمان پێکردووە لەسەر ڕێگای ئازادی و ڕزگاری بۆ هەرژنێکی ستەملێکراو و ئازاردراو کە داوای ئازادی و دادپەروەری خۆی دەکات، هەروەها بۆ گەیشتن بە هەموو ژنانی جیهان و بەردەوامبوون بەو شتانەی کە بەڵێنمان بەخۆمان داوە لە پاراستن و پشتیوانیکردن و بەهێزکردنی ڕۆڵی ژنان لە کۆمەڵگەدا بەردەوام دەبین.

 

 شەهرەزاد جاسم وتیشی: کۆمەڵەی ژنان نوێنەرایەتی ئینکوباتۆر و چەترێکی فێمینیست دەکات کە هەموو ژنانی ناوچەکە دەپارێزێت، هەروەها  "بەڵێن دەدەین کە بەردەوام دەبین لە پابەندبوون بەو پرەنسیپانەی دەستمان پێکردوە، وە بە دروشمی ''ژن، ژیان، ئازادی'"، دژی هەموو ململانێیەکی تائیفی دەوەستینەوە کە هەوڵی تێکدانی شۆڕشی ژنان و دەستکەوتەکانی دەدات، هەروەها وەڵامی ئێمە توند دەبێت بەرامبەر بەو کەسانەی کە هەوڵی دەستێوەردان یان لە ڕێگەی ئازادیی ژنانەوە دەوەستن.

 

وتیشی: "بەم کردەوە ترسنۆکە تێکدەرەی کە ئەنجامی دەدەن، ئێوە هەڵەتان کرد کە واتانزانی ژنان لاوازن و توانای بەرگریکردنیان نییە و ناتوانن درێژە بە خەباتی خۆیان بدەن، بە پێچەوانەوە ژنان ئیرادەیەکی بەهێزیان هەیە و تەسلیمی ئەو هێرشانە نابن هەرچەندە توند بن، وە شکست قبوڵ ناکەن یان ناکەونە ژێر دەسەڵاتی ڕژێمە تاکڕەوەکان کە وەک ئامراز بەکاریان دەهێنن، '' لە توندوتیژی و کۆیلایەتی''.

 

ژنان لە دێرەزۆر، وەک شەهرەزاد جاسم پشتڕاستی دەکاتەوە، بەردەوامن لە خەباتیان بۆ سەلماندنی ڕۆڵی خۆیان لە هەموو بوارەکاندا بۆ ئەوەی یەکەم کەس بن بۆ بەهێزکردنی ئاشتی و بەشداریکردن و نوێنەرایەتی کاریگەر لە دەستووری نوێی سووریادا، هەروەها "هێز و هاوپشتی ژن دەکەین بە چەک لە بەرامبەر هەر هێرشێک، هەرچەند باڵەخانە بسوتێنن بەردەوام دەبین تەنانەت ئەگەر لە چادریشدا بین، تەنانەت ئەگەر تەنیا ژنێکیش بمێنێتەوە، ئەو ڕێگایەی گرتومانەتە بەر پڕ بووە لە خەبات و بەرخۆدان، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دوای چەندین سەختی ئەوەی ویستمان بەدەستمان هێنا، ژنان باجێکی زۆر بەرز و گرانبەهایان داوە بۆ بوون و دەنگیان'.