لە ڕۆژی جیهانی گەلانی ڕەسەنی جیهاندا؛ داوای دەستورێک دەکرێت کە ناسنامە و مافەکان بپارێزێت

هاوکات لەگەڵ ڕۆژی جیهانی گەلانی ڕەسەنی جیهان، مەبروکە حسێن، چالاکوانی مافی مرۆڤی تەبویە جەختی لەوەکردەوە کە پیرۆزکردنی ڕاستەقینەی گەلانی ڕەسەن لە ڕێگەی قسە و دروشمەوە بەدی نایەت، بەڵکو لە ڕێگەی یاسا و دەستووری دادپەروەرانە دەبێت.

مونا تۆکا


لیبیا- هەموو ساڵێک لە ٩ی ئاب، ڕۆژی جیهانی گەلانی ڕەسەنی جیهان بەڕێوەدەچێت، ئەم بۆنەیە لە ساڵی ١٩٩٤ لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بۆ یادکردنەوەی کولتووری ئەو کۆمەڵگەیانەی کە زمان و شوناس و شێوازی ژیانی نەریتی خۆیان پاراستووە، دامەزراوە سەرەڕای ئەوەی بە درێژایی مێژوو ڕووبەڕووی پەراوێزخستن یان هەوڵدان بۆ سڕینەوەبوون، ئەم ڕۆژە دەرفەتێکە بۆ وەبیرهێنانەوەی مافەکانی ئەو گەلانە، پێویستی پاراستنیان لە هەڵاواردن و دەستەبەرکردنی بەشداریکردنی دادپەروەرانەیان لە ژیانی گشتیدا.

 

لە لیبیا، تەبو یەکێکە لە کۆنترین گروپەکانی دانیشتوانی بیابانی گەورە، کە بوونی جوگرافیای باشووری لیبیا و تشاد و نیجر دەگرێتەوە، مێژووی ئەوان پەیوەستە بە کۆچ و بازرگانی و بەرخۆدان لە دژی کۆلۆنیالیزمەوە، تەبوەکان بە زمانی جیاواز و کولتووری دەوڵەمەند و پەیوەندی قووڵیان بە خاکی بیابانەوە جیا دەکرێنەوە، بەڵام هێشتا ئەم کەمینەیە لە پاراستنی زمان و ناسنامەی خۆیان و لە گەیشتن بە مافە سیاسی و کۆمەڵایەتییە تەواوەکانیاندا بەرەوڕووی ئاڵەنگاری بەرچاو دەبنەوە.

 

مەبروکە حسێن، چالاکوانی مافی مرۆڤ کە خەمخۆری پرسی کەمینەکان و مافەکانی تەبوە لە لیبیایە، باسی لە ڕاستی ئەم کەمینەیە کرد لە ڕۆشنایی گۆڕانکارییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان و گرنگی ڕۆژی جیهانی گەلانی ڕەسەنی جیهان وەک سەکۆیەک بۆ نوێکردنەوەی داواکارییەکانی ماف و بەرگریکردن لە ناسنامە لە بەرامبەر هەڵاواردن و قسەی ڕق و کینە.

 

زمانی دایک... ناسنامەیەک کە لە ماڵەوە لەدایک بووە و بە یاسا پارێزراوە

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ژیانی ڕۆژانەمدا زمانی تەبو لەڕێگەی پراکتیزەکردنی ماڵەوە لەگەڵ منداڵەکانمدا بەشێوەیەکی بەهێز ئامادەیە، زمانەکە لەدایک دەبێت لەگەڵ دایکدا، لەماڵ و کۆمەڵگەدا گەشە دەکات و پێویستی بە پاراستنی بەیاسا هەیە، ئەگەر نەیپارێزین لەدەستی دەدەین، هەر بۆیەش خەریکی زیندووکردنەوەین بۆ ئەوەی بتوانێت بۆ نەوەکانی داهاتوو بەردەوام بێت.

 

ڕوونیکردەوە کە زمانی تەبو ساڵانێکی زۆرە پەراوێزخراوە، بەڵام دۆخەکە دەستی بە گۆڕانکاری کردووە، ئەمڕۆ بەهۆی هەوڵی چالاکوانی مافی مرۆڤەوە، بابەتێک هەیە کە وەک زمانێکی هەڵبژێردراو لە خوێندنگەکانی ئەو ناوچانەی کە تەبو تێیدا نیشتەجێیە دەوترێتەوە، بەڵام لە ڕاگەیاندنەکاندا هێشتا زمانەکە بە تەواوی نییە، بەو پێیەی هیچ بەرنامە و بڕگەیەکی لەم زمانەدا نییە.

 

ڕێکخراوەکانی پاراستنی ناسنامە

ئاماژەی بەوەشکرد، هەوڵی کۆمەڵایەتی ڕێکخراو هەیە بۆ پاراستنی زمان و ناسنامەی تەبو، کۆمەڵ و ڕێکخراومان هەیە کە گرنگی بە زمانەکەمان دەدەن، وەک ڕۆڵەکانی کۆمەڵەی بیابان و ناوەندی لێکۆڵینەوەکانی تەبو، جگە لە ڕۆژنامە سەرهەڵداوەکان کە هەوڵی بەرگریکردن لە ناسنامەکەمان دەدەن، تەبو بوون بەو واتایەیە کە من سەر بە کۆمەڵگەیەکی دەوڵەمەند و هەمەچەشنم، مێژوویەکی بەرخۆدانم هەیە، هەروەها ناسنامەیەک کە ڕەگ و ڕیشەی قووڵی داکوتاوە، سەرەڕای هەوڵەکانی هەڵوەشاندنەوە، نەتەوەیەک بەبێ هەموو پێکهاتەکانی تەواو نییە و منیش بەشێکم لەم نەتەوەیە.

 

هەڵاواردن لە دامەزراوە فەرمییەکان

پاراستنی ناسنامە تاکە خەبات نییە، تەبوەکان ڕووبەڕووی کێشەی کارگێڕی و یاسایی دەبنەوە، وەک مەبروکە حسێن ڕوونیکردەوە، ئەستەمە لە بەدەستهێنانی هەندێک ڕێکارە فەرمییەکان بەتایبەت پاسپۆرت، سەرەڕای جێبەجێکردنی هەموو مەرجەکان، کێشەکە لە دەقە یاساییەکاندا نییە، بەڵکو لە جێبەجێکردنیاندایە. هەندێکجار بەرپرسی پەیوەندیدار ڕێگری لە ڕێکارەکان دەکات لەسەر بنەمای ڕەنگ، نەتەوە، یان ناو، ئەم کێشەیە کێشەی زۆری بۆ تەبوەکان دروستکردووە، هیوادارین ڕێگرییەکی ڕاستەقینە هەبێت بۆ ئەوانەی ڕەگەزپەرستی دەکەن.

 

ئەو هیواخوازە پلاتفۆرمی ڕاگەیاندن بۆ تەبو بەرپەرچدانەوەی قسەی ڕقاوی و دەنگۆی خراپەکارانە هەبێت، بەڵام بە شێوەیەک کە بۆشایی کۆمەڵایەتی کەم بکاتەوە نەک فراوانتر بکات.

 

قسەی ڕقاوی... شێواندن و زیادبوونی پەراوێزخستن
مەبروکە حسێن بە بێزارییەوە وتی: قسەی ڕق و کینە بەرامبەر بە کەمینەکان وێنەی ئێمەی شێواندووە و پەراوێزخستنمانی زیاتر کردووە، تا ئەو ڕادەیەی تۆمەتبار دەکرێین بەوەی جوداخوازین یان پلانمان هەیە بۆ دابەشبوون، ئەم قسەکردنە کاریگەرییەکی بەرجەستەی هەیە.

 

پێی وایە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم پرسە لە گفتوگۆوە دەست پێدەکات، من بەشێک بووم لە کۆمەڵێک ژن لە دەستپێشخەرییەکی ئاشتی بۆ چارەسەرکردنی کێشەی گەلی تەبو لە مورزوق، ئێمەش سەرنجمان خستە سەر بیرۆکەی قبوڵکردنی فرەچەشنی وەک هەنگاوی یەکەم بەرەو پێکەوەژیانی ئاشتیانە، پێش هەر ڕێکەوتنێک پێویستی بە لێکتێگەیشتن و قبوڵکردنی ئەویتر هەیە، چونکە ئەو نیشتمانەی کە تەبو و تواریق و عەرەب و ئەمازیغ لەخۆدەگرێت، نیشتمانێکی بەهێزە کە بە یەک هیوا یەکگرتووە: دەوڵەتی یاسا، دەوڵەتی دامەزراوەکان و دەوڵەتی دادپەروەری و ئاسایش و خزمەتگوزاری.

 

دەستووریکردنی مافەکان... پاراستن لە سازشەکان
مەبروکە حسێن جەختی لەوە کردەوە کە دەبێت مافەکان لە دەستووردا پارێزراو بن، وتی: لە ڕاگەیاندراوە دەستورییەکەدا دەبێت ئەوە بخاتەڕوو کە تەبو و کەمینەکان بەشێکی دانەبڕاون لە گەلی لیبیا، هەروەها مافەکانمان بۆ زمان و ناسنامەی کولتووری و نوێنەرایەتیی سیاسی دادپەروەرانە مسۆگەر بکرێن، ئێمە داوا دەکەین کە کورسی بۆ کەمینەکان لە ئەنجومەنی یاسادانان و ناوخۆییەکان تەرخان بکرێت، ئەم مافانە بەبێ دەستدرێژی و بێ دەستبەسەرداگرتن دەستەبەر بکرێن.

 

ڕوونیشیکردەوە، سیستەمی زۆرینەی ژمارەیی لە پەرلەماندا کەمینەکان دەچەوسێنێتەوە، وتی: ئەگەر یەک یان دوو تەبو بگەنە پەرلەمان، ناتوانن بڕیار لە بەرژەوەندی ئێمە دەربکەن یان ڕێگری لەوە بکەن کە زیانمان پێدەگەیەنێت. بۆیە دەبێت مافەکانمان لە دەستوور و دەنگدانی ژمارەیی و سەوداگەری سیاسی بپارێزرێن.

 

پیرۆز کردن بەبێ یاسا... تەنها ڕازاندنەوە
مەبروکە حسێن لە کۆتایی قسەکانیدا بە پەیامێک وتی: ڕۆژی جیهانی گەلانی ڕەسەنی جیهان ئاهەنگێکە بۆ ئەو گەلانەی کە سەرەڕای پەراوێزخستن ناسنامەی خۆیان پاراستووە، بەڵام ئاهەنگگێڕانی ڕاستەقینە لە ڕێگەی قسە و دروشمەوە بەدی نایەت، بەڵکو لە ڕێگەی یاسای دادپەروەرانە و مسۆگەرکردنی دەستوورەکانەوە بەدەست دێت، بەبێ ئەوان ئاهەنگەکە وەک فۆرماڵیزمێک دەمێنێتەوە، لە کاتێکدا کێشەکانمان بەردەوامن.