چەوساندنەوەی ژنان و سیاسەتی دابەشبوون گێڕانەوەی دەستوەردانە لە ئەفغانستان
ئەفغانستان بە فرەچەشنی نەتەوەیی بەرفراوان، لە مێژە ئامانجی لەشکرکێشی و دەستێوەردانی دەرەکی بووە، ئەمڕۆ هێزە ناوخۆیی و دەرەکییەکان بەردەوامن لە هەڵگیرسانی دابەشکارییە نەتەوەییەکان بۆ پارچەپارچەکردنی بناغەی نەتەوەیی.

بەهاران لەهیب
ئەفغانستان- ئەفغانستان لە ڕیزی ئەو وڵاتە فرە نەتەوەییانەیە کە زلهێزە دەستدرێژکار و دەستێوەردانکارەکان هەمیشە هەوڵی هاندانی ململانێیان داوە، تەنانەت کاتێک بەریتانیا سێ جار داگیری کرد، دروشمی سەرەکی و سیاسەتی بنەڕەتی "دابەشکردن و حوکمڕانی" بوو.
سەرەڕای هەموو ئەو هەوڵانە، بەریتانیا و زلهێزەکانی تر نەیانتوانی ئەم گەلە دابەش بکەن، لە کاتی لێکۆڵینەوە لە مێژوو و جوگرافیای ئەفغانستان لە پارێزگا و ناوچە جیاوازەکانیدا، ئاماژە بەوە دەکرێت کە نەتەوە و گەلە جۆراوجۆرەکان شان بە شانی یەکتر دەژین، بە پەیوەندی خێزانییەوە بەستراونەوە.
بەداخەوە حکومەتە بوکەڵەییەکانی ئەو وڵاتانەی دەستوەردانیان لە ئەفغانستاندا کرد، زەمینەیان بۆ بڵاوبوونەوەی دابەشبوون دابین کرد و خزمەتێکی باشیان بە بەرژەوەندی ئاغا بیانییەکانیان کرد، ئەگەر ئاوڕێک لە مێژووی ئەفغانستان بدەینەوە، بە دەگمەن پادشا یان فەرمانڕەوایەک دەدۆزینەوە کە تاوانبار نەبوون یان بە فەرمانی بیانییەکان ستەمیان لە دژی گەلی ئەفغانستان نەکردبێت، لە نێو ئەم پاشایانەدا ئامانوڵا خان (١٩١٩-١٩٢٩) بوو، کە سەردەمی حوکمڕانیەکەی بە "سەردەمی ئامانییەکان" ناسراوە. لەگەل ئامانوڵا خان، سورەیا، شاژن هاوژینەکەی ڕۆڵێکی دیار و بەرچاوی هەبوو، هەوڵی ڕزگارکردنی ژنان و بەرگریکردن لە ماف و پەروەردە و کەمکردنەوەی ململانێ نەتەوەییەکانی داوە.
بە دەستێوەردانی بەریتانیا، ئەم قۆناغە خۆشگوزەرانییە لە ژیانی گەلی ئەفغانستاندا کۆتایی هات، ئەو حکومەتانەی کە بەدوایدا هاتن، تا لەشکرکێشی سەربازیی ڕووسیا، بەردەوام بوون لە سەرکوتکردنی ڕۆشنبیران و هەڵگیرسانی ململانێ نەتەوەییەکان و پراکتیزەکردنی ستەمی نەتەوەیی و پەرەپێدانی کولتووری پیاوسالاری، بەڵام لەگەڵ لەشکرکێشی سەربازی ڕووسیا و دامەزراندنی حکومەتی بوکەڵەییەکەیان، دیمەنی ئەفغانستان گۆڕا، هەموو ئەفغانییەکان بەبێ گوێدانە نەتەوە پێکەوە وەستانەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی داگیرکەرانی ڕووسیا، لە کۆتاییدا حکومەتەکەیان ڕووخاند کە لەلایەن ڕووسیا پشتیوانی دەکرا، دوای ئەوە موجاهیدین و تاڵیبان و ٢٠ ساڵ بوونی ئەمریکا لە ئەفغانستان بەردەوام بوو لە هاندانی دابەشبوونی نەتەوەیی تەنانەت بە توندتر لە پێشوو.
لە ماوەی ٢٠ ساڵی ڕابردوودا ژمارەیەکی زۆر لە ڕۆشنبیران و شاعیرانی ئەفغانی بە ژن و پیاوەوە سەرقاڵی وروژاندنی بابەتی ناسیۆنالیستی بوون نەک بەرەنگاربوونەوەی ستەم، دابەشکردنیان بە تاکە چارەسەری کێشەکانی وڵات زانیوە، خۆشبەختانە ئەم بیرۆکانە لەناو گەلی ئەفغانستاندا جێگەی خۆیان بەدەست نەهێناوە و تا ئێستاش هەروا بەدەست نەهاتووە. هەندێک کەس بە گاڵتەجاڕیەوە وتیان: من تاجیکیم، و هاوسەرگیریم لەگەڵ ژنێکی هەزارە کردووە، ئەم دابەشکاریانە چۆن دەتوانن کێشەکانمان چارەسەر بکەن؟ ملیۆنان کەس لە ئەفغانستان لە دۆخێکی وادا دەژین، هاوسەرگیریان لەگەڵ گروپە نەتەوەییە جیاوازەکاندا کردووە و خۆیان بە "هاوبەشی خوێن" ناودەبەن، دروشمی دابەشبوون لە ئامرازێک زیاتر نییە بۆ خۆدزینەوە لە لێپرسینەوە بەرامبەر بەو تاوانانەی لە سەردەمی موجاهیدین و تاڵیبان ئەنجامدراون، لەبری ئەوەی دان بەو خیانەتانەدا بنێن، خۆیان بە پڕۆژەی دابەشکردن و خەونی "خوراسانی گەورە"ەوە دەچەسپێنن.
لەوەتەی تاڵیبان هاتۆتە سەر دەسەڵات، سەرکوتی ژنان و کارە نامرۆڤەکانی دیکە بە فەرمی دەستی پێکردووە، تاڵیبان بەمەبەستی تێکدانی یەکڕیزیی هاوڵاتیان پڕۆژەیەکی دەستپێکرد بۆ هاندانی ململانێی نەتەوەیی لەڕێگەی ئاوارەکردنی زۆرەملێی دانیشتووان، لە پارێزگاکانی وەک تەخار و بامیان و بەدەخشان کە تاجیک و هەزارە زۆرینەی دانیشتوانەکەی پێکدەهێنن، تاڵیبان بە زۆر دانیشتووانی لە ماڵەکانیان دەرکرد و ئەندامەکانیان و خێزانەکانیان لەو ناوچانە نیشتەجێ کرد، هەروەها دەستیان بەسەر زەوییە کشتوکاڵییەکانی سەر بە دانیشتوانی ناوچەکەدا گرتووە، دانیشتوانی ئەو ناوچانە بۆ بەرگریکردن لە ماڵ و بنەماڵەکانیان خۆپیشاندانیان ئەنجامدا، بەڵام ڕووبەڕووی سەرکوت و گرتن و تەنانەت کوشتنیش بوونەتەوە، وەک هەمیشە ژن و منداڵان قوربانی سەرەکی بوون.
ئەمڕۆ تاڵیبان ڕێبازی شازادە عەبدولڕەحمان خان، پادشایەکی ستەمکار کە بە سەرکوتکردنی گەلی تاجیک و هەزارە ناسراوە، پەیڕەو دەکەن، سەرەڕای هەژاری و بێکاری و چەوساندنەوەی ژنان و ئازادیخوازان و هەزاران تاوانی دیکە، هاوڵاتیان ناچار دەکەن بۆ ئاوارەبوونی زۆرەملێ. بەداخەوە ڕۆشنبیرانی دابەشکەر و پێشەنگە جیهادیەکان و دەزگاکانی ڕاگەیاندنەکانیان و تەنانەت تۆڕی میدیایش ئەم دۆخە دەقۆزنەوە و هەستی ناسیۆنالیستی هەڵدەگرن بۆ پێشخستنی ئامانجە خراپەکارەکانیان کە دابەشکردنی ئەفغانستانە.
پێویستە جارێکی تر جەخت لەوە بکرێتەوە کە تاکە ڕێگە بۆ ڕزگارکردنی هاوڵاتیانی ئەفغانستان بەتایبەتی ژنان، خەبات بەرخۆدانی بوێرانە و بەردەوامە لە بەرامبەر هەموو تاوانباران و خۆفرۆشان، تەنیا لەم ڕێگایەوە دەتواندێت ڕێگری لە توندبوونەوەی ململانێ نەتەوەییەکان و چەوساندنەوەی ژنان و هەزاران تاوانی دیکە بکرێت و ئەفغانستانێکی دوور لە نادادپەروەری و نەزانی و دەستوەردانی دەرەکی بونیاد بنرێت.