لە یەمەن لە دوو مانگی یەکەمی ئەمساڵدا ٤٧ منداڵ کوژراون

بە گوێرەی هەواڵی یونیسێف، ژمارەی ئەو منداڵانەی لە یەمەن کوژراون لە مانگی کانوونی دووەم و شوباتی ئەمساڵدا گەیشتووەتە ٤٧ منداڵ.

ناوەندی هەواڵ

 

سندوقی منداڵانی نەتەوە یەکگرتووەکان "یونیسێف" ئاماژەی بەوەکردوە کە بەهۆی زیادبوونی توندوتیژییەکان لە یەمەن، ژمارەی ئەو منداڵانەی کوژراون و بریندار بوون زیادی کردووە، دەشڵێت: "ئەنجامەکە بۆ ملیۆنان منداڵ و خێزان مەترسیدارە" یونیسێف بڵاویکردەوە کە تەنیا لە دوو مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٢دا لانیکەم ٤٧ منداڵ لە یەمەن گیانیان لەدەستداوە.

 

لە ماوەی ١٠ ساڵدا زیاتر لە ١٠هەزار منداڵ کوژراون

یونیسێف بەبیری هێنایەوە کە لە ١٠ ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە ١٠ هەزار منداڵ کوژراون، هەروەها نیگەرانی خۆیان دەربڕیوە کە پێدەچێت ژمارەکە زۆر زیاتر بێت.

 

ئاماژە بەوەشکراوە کە دوای توندبوونی پێکدادانەکان لە ساڵی ٢٠٢١ەوە ئەمساڵ توندوتیژی بەردەوامە و وەک هەمیشە منداڵان گەورەترین زیانیان بەرکەوتووە، یونیسێف وتی: "توندوتیژی و هەژاری و کۆمەڵکوژی لە یەمەندا بەربڵاوبووەو ئەنجامێکی خراپی بۆ ملیۆنان منداڵ و خێزان هەبووە".