لە سنە ژنێکی گەنج لەلایەن باوکییەوە سوتێنرا

داواکاری گشتیی پارێزگای سنە سووتانی ژنێکی گەنجی لە شارەکە پشتڕاست کردەوە و رایگەیاند، لێکۆڵینەوە لە هۆکاری سووتانەکەی دەکرێت.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ئەمڕۆ ٤ی تشرینی یەکەم  بڵاویکردەوە، "شەوی شەممە ٢ی تشرینی یەکەم، ژنێکی تەمەن ٢٢ ساڵ لە نەخۆشخانەی کەوسەر لەشاری سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی سوتاوییەوە گیانی لەدەستدا کە ٪٨٥ ی جەستەی سووتابوو."

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، "کچەکە ناوی فایزە مەلەکی-یە و خەڵکی گوندی کوڕکوڕەی سەر بە شاری سنەیە، لەبەر ئەوەئ کوڕێکی خۆشویستووە باوکی زانیویەتی و بەنزینی پێدا کردووە و ئاگری لە جەستەی بەرداوە."

 

هەنگاو دەڵێت، دوێنێ یەکشەممە لە گۆڕستانی گوندی کورکورە، تەرمی فایزە بەخاکسپێردراوە و پزیشکێکیش کە وێنەی کچەکەی لە ئینستگرامی خۆی بڵاوکردەوە و ڕووداوەکەی ئاشکراکرد، پۆستەکەی سڕیوەتەوە.

 

محەممەد جەباری، داواکاری گەشتیی سنە لەو بارەیەوە وتی: "وداوەکە هێشتا سکاڵاکەری نییە، بەڵام دەزگای دادی خەریکە لێکۆڵینەوەی لێدەکات".