كۆبەندی ژنان دەتوانن: پێویستە ژنان بە دونیا بینینی قوڵەوە بچنە پەرلەمانی عێراق
لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا "کۆبەندی ژنان دەتوانن" ئاماژەیان بەوەدا کە بەشداری ژنان لە کایەی سیاسیدا گرنگە و پێویستە ژنان بە دونیا بینینی قوڵەوە بچنە پەرلەمانی عێراق.
هەڵەبجە/سلێمانی
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ کۆبەندی ژنان دەتوانن لە باخی گشتی هەڵەبجە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی بەست و هەڵوێستی خۆیان سەبارەت بە هەڵبژاردن و کاندیدە ژنەکان خستەڕوو.
لە کۆنگرەیەکەدا گوڵستان محمد، ئەندامی کۆبەندی ژنان دەتوانن، بەیاننامەی هاوبەشی کۆبەندەکەی خوێندەوە و ئاماژەی بەوەدا کە کۆبەندی ژنان دەتوانن ماوەی چوار ساڵە لە هەرێمی کوردستان دامەزراوە، ئامانجیان کارکردنە لەسەر گەشەپێدان و بەرەوپێشبردنی دۆزی ژنانە لە هەرێمی کوردستان، کۆبەندەکە بەشداری ژنان لە کایە جیاوازەکان و بەتایبەت سیاسەت و کێبڕکێی هەڵبژاردنەکان بە گرنگ دەزانێت.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە: "پێویستە پرسی سیاسەت و هەڵبژاردنەکان بە شێوەیەکی جدیتر کاری لەسەر بکرێت، بە تایبەت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پرسە جێندەرییەکان و بەدیهێنانی ژیانێکی دادپەروەرانە لە هەموو ڕوویەکەوە" کۆڕبەندەکە مەبەستیان کارکردنە لەسەر پلانە ستراتیژییەکان بە دەنگ و بەشداری ڕاستەقینەی ژنان و سەنگەرێک بن بۆ جیاکاری جێندەری.
هەر لە بەیاننامەکەدا باس لەوەکرا "لە پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەمجارەشدا پێویستە ژنان بە دونیا بینینی قوڵەوە بچنە پەرلەمانی عێراق و جگە لە ئەجێندا و کارنامەی حیزبەکانیان، بەدیدێکی یەکسانیخوازەوە هەول بۆ پێشخستنی دۆخی ژنان بدەن لە ڕووی کۆمەڵایەتی و یاسایی و ئابوریەوە.
سلێمانی
بۆ هەمان مەبەست کۆبەندی ژنان دەتوانن لقی سلێمانی لە بینای ڕێکخراوی خەڵک بۆ گەشەپێدان کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی بەست و
شنرێ کامەران بەیاننامەی هاوبەشی کۆبەندەکەی خوێندەوە و ئاماژەی بەوەدا پێویستە ژنان خاوەن پەیامێکی لۆژیکی و ئەکادیمی بن تا ئەو وێنایە کاڵببێتەوە کە دەوترێت ژنان لە سیاسەتدا تەواو پیاوسالارانە ڕەفتار دەکەن و گوزارشت لە پێویستی و داخوازییەکانی ژنان ناکەن.
هەر لە بەیاننامە هاوبەشەکەدا داواکرا کە کاندیدانی ژن بەڵێننامەیەک واژۆ بکەن کە سەنگەرێکی بەرگریی بەهێز و کاریگەر بن لە بەدەستهێنانی مافەکانی ژنان و دژایەتیکردنی هەر فۆرمێکی جیاکاریی ڕەگەزی، لەپێناو بەدیهێنانی کۆمەڵگەیەکی تەندروستدا.
لە کۆتای بەیاننامەکەشدا داوا لە کاندیدان دەکەن کە بەدەم داخوازی ئەندامانی کۆبەندی ژنانەوە بێن و ئەو بەڵێنانە کە داویانە بە هاوڵاتی بیبەنە سەر لە پەرلەمانی عێراقدا.
ت.پ