لە بەردەم دادگای هەولێر دژی دەستگیرکردنی چالاکوانانی بادینان مان دەگیرێت
کەسوکاری دەستگیرکراوان و سزادراوانی بادینان لەبەردەم دادگای هەولێر گردبوونەوە و ئاماژە بەوەدەکەن تا ئەو کاتەی کەیسی کەسوکارەکانیان یەکلایی دەکرێتەوە بەردەم دادگا چۆڵ ناکەن.

ناوەندی هەواڵ
ئەمڕۆ ٤ی تشرینی یەکەم کەسوکاری زیندانیانی بادینان لەگەڵ چەندین پەرلەمانتارو چالاکوان لەبەردەم دادگای دووی تاوانەکانی هەولێر گردبوونەوەو لە کۆنگەرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا ڕایانگەیاند، تا ئەو کاتەی کەیسی کەسوکارەکانیان یەکلایی دەکرێتەوە ئەوان لەبەردەم دادگا دەبن.
ئامەد سلێمان کەمال، کوڕی یەکێک لە دەستگیرکراوەکان لە کۆنگرە ڕۆژنامەنووسیەکەدا وتی: "ماوەی ١٤ مانگە ئەنجومەنی دادوەریی و حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هەموو شێوەیەک شەڕی دەروونیی لەگەڵ ئێمە و کەسوکارەکانمان لەناو زیندانی ئاسایشدا دەکات، ئێمە ئیتر بەردەم دادگای دووی تاوانەکانی هەولێر بەرنادەین و مان دەگرین، تاکو ئەوکاتەی کەیسەکان یەکلایی دەکرێتەوە".
وتیشی: "ئەگەر سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی پەرلەمان لە خەمی خەڵکدان، با لەجیاتی دابەشکردنی شوقە و ڤێلا، بفەرموون لەم بەناو دادگاییەدا ئامادەبن و ڕاستییەکان ببینن، ئەو ڕۆژنامەنووس و چالاکوانانەی بە شەش ساڵ حکوم دراون، دەبێت سەرۆکی هەرێم فەرمانی لێبوردنی گشتییان بۆ دەربکات".
ئامەد سلێمان، سوپاسی خەڵکی هەرێمی کوردستانی کرد، کە لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات پشتیوانیی لە دەستگیرکراوان دەکەن.
ئەوە لە کاتێکدایە ئەمڕۆ لە زۆربەی شارو شارۆچکەکانی باشوری کوردستان گردبوونەوەی ناڕەزایی لە دژی بە ناهەق دەستگیرکراوان و سزادراوانی بادینان بەڕێوەدەچێت.