لە ساڵێكدا ٣٨ ژن لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران لە سێدارە دراون

کامپەینی”سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان” ڕایگەیاند، لە ٢١ی ئاداری ساڵی ڕابردوو تا ٢١ی ئاداری ئەمساڵ لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران ٣٨ ژن لەسێدارە دراون.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ کامپەینی “سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان” لە ٦١ـەمین هەڵمەتی خۆیدا، کە لە زیندانیانی ٣٨ زیندانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران پێکهاتووە سەبارەت بە لەسێدارەدانی هاوڵاتییان لە وڵاتەکەدا ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوەو تێیدا هاتووە: لە مانگی یەکەمی بەهاری ساڵی ڕابردوو تا مانگی بەهاری ئەمساڵ لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی كوردستان هەزار و ١٥٠ کەس لە زیندانەکان لەسێدارەدراون، کە لەو ژمارەیە ٣٨ کەسیان ژنن.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، لە نێو ژمارەی لەسێدارەدانەکان ١٣٥ کەسیان بەلووچی و ١٠٤ کەسیان کورد بوون.

 

باس لەوەشکراوە، لە ٨٥٪ی لەسێدارەکان لە سەردەمی مەسعوود پزیشکیان سەرۆککۆماری ئێستای ئێران ئەنجامدراوە.

کامپەینی”سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارە” داوا لە خەڵکی کورد و ئێران دەکەن بە یەک دەنگ و یەکگرتووی دژی سزای لەسیدارەدان بوەستنەوە و پشتیوانی خۆیان بۆ چالاکوانانی سیاسیی و مافەکانی مرۆڤ و مەدەنیەکان دەرببڕن و ڕێوشوێنی کرداری تر و کاریگەرتر بگرنەبەر بۆ ڕووبوڕووبوونەوەی سزای لەسێدارەدان.

 

جێگای ئاماژەیە، کامپەینی “سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان” لە ٩ـی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣ وەک ناڕەزایەتییەک دژی لەسێدارەدانی دەستبەسەرکراوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دامەزرا، کە هەموو ڕۆژانی سێشەممەیەك ئەندامانی کامپەینەکە دەست بە مانگرتن لە خواردن دەکەن.