لە قەڵادزێ تۆمەتبارێک دەستگیر کرا بەناوی دامەزراندن داوای پارەی لە ژنان کردووە
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین بڵاویكردەوە، کەسێک دەستگیرکراوە، کە لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە ڕیکلامی کردووە گوایه ژنان دادەمەزرێنێت، داوای وێنە و زانیاری کەسیی و پارەی لە سەدان ژن کردووە.

ناوەندی هەواڵ
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین لەبارەی دەستگیرکردنی تۆمەتبارێک ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوەو تێیدا هاتووە: هێزەکانمان لە نووسینگەی نەهێشتنی تاوانی پشدەر کەسێکیان دەستگیرکردووە، کە لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە ڕیکلامی کردووە گوایه ژنان دادەمەزرێنێت وەک سکرتێری پزیشک و یاریدەدەری دەرمانساز بەبێ ئەوەی هیچ شارەزایەکی لە تەندرووستیدا هەبێت یاخود ڕاسپێردرابێت، لە ڕیکلامەکاندا ژمارە مۆبایلی خۆی داناوە و دواتر لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە داوای وێنە و زانیاری کەسیی و پارەی لە سەدان ژن کردووە.
ئاماژە بەوەشکراوە، لەدوای دەستگیرکردنی ئەو كەسە دانی بە تاوانەکەیدا ناوە و بە وتەی خۆی لە ساڵی ٢٠١٩ تا ئێستا خەریکی ئەو کارەیە، تۆمەتبار تۆڕەکانی سناپ و ڤایبەر و واتسئاپی بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵیاندا بەکارهێناوە.
باس لەوەشکراوە، بە بڕیاری دادوەر بە ماددەی ٤٥٦ لە یاسایی سزادانی عێراقی ڕاگیرکراوە، کە دانیشتووی سنووری ئیدارەی ڕاپەڕینە.