لە ماوەی ٩ مانگدا زیاتر لە ٢٠٠ ژن لە باکووری کوردستان و تورکیا کوژران
لە نێوان پەرەسەندنی توندوتیژی دژ بە ژنان لە تورکیا، پلاتفۆرمی "ژنکوژی ڕادەگرین" ئاشکرایکرد کە لە ماوەی نۆ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا زیاتر لە ٢٠٠ ژن کوژراون، ئەمە پشتڕاستی دەکاتەوە کە ئەم تاوانانە پەیوەستن بەو سیاسەتانەی کە مافی ژنان بەرتەسک دەکەنەوە.

ناوەندی هەواڵ
دیاردەی کوشتنی ژن لە باکووری کوردستان و تورکیا بۆ هۆکارە کۆمەڵایەتییەکان دەگەڕێتەوە، کەیسەکانی توندوتیژی کوشندە بەرامبەر بە ژنان لە سەرانسەری وڵاتدا دووبارە دەبێتەوە، زۆرجار لەلایەن ئەندامانی خێزانەکەیەوە ئەنجام دەدرێت.
ڕۆژی ٢٤ی ئەیلوول، پلاتفۆرمی ژنکوژی ڕادەگرین "KCDP" ڕایگەیاند، لە ماوەی نۆ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا زیاتر لە ٢٠٠ ژن کوژراون، کە ساڵێکە سەرۆک کۆماری تورکیا ناوی "ساڵی خێزان"ی ناوناوە.
بەپێی ئەو پلاتفۆرمە، لە نیوەی یەکەمی ساڵدا لانیکەم ١٣٦ ژن کوژراون و ١٤٥ ژنی دیکەش لە بارودۆخێکی گوماناویدا بە مردووی دۆزراونەتەوە.
بەپێی داتاکانی پلاتفۆرمەکە لە ٩٦%ی ئەو ژنانە لەلایەن ئەندامانی خێزانەکانیانەوە کوژراون، تەنها لە مانگی تەمووزدا ٣١ ژن کوژراون و لە مانگی ئابدا ٢٩ ژن کوژراون، لە هەمان دوو مانگدا ٥٨ ژن لە ژێر بارودۆخی گوماناویدا بە مردووی دۆزراونەتەوە.
پلاتفۆرمەکە پێی وایە ئەو سیاسەتانەی کە حکومەتی تورکیا پەیڕەوی دەکات، ڕۆڵی ژنان سنووردار دەکات بۆ ڕۆڵی دایکان یان ژنان، لەگەڵ هەوڵدان بۆ قەدەغەکردنی لەباربردنی منداڵ، هاندانی لەدایک بوونی چەندین منداڵی، سنووردارکردنی مافی ژن بۆ نەفەقە و جیابوونەوە و پێشێلکردنی مافی میراتیان، هەموو ئەو هۆکارانەن کە بەشداربوون لە توندوتیژی دژی ژنان لە وڵاتەکەدا.
شێرین یالینجاکئۆغڵو، نوێنەری پلاتفۆرمی "کوشتنی ژنان ڕادەگرین" ڕایگەیاند، دەسەڵاتدارانی تورکیا لە ژێر چەتری بەناو "سیاسەتی خێزانی"دا، هەوڵدەدەن ئازادی ژنان بەرتەسک بکەنەوە، بە ناچارکردنیان لە ماڵەوە بمێننەوە و ڕێگریکردنیان لە بڕیاردانی پەیوەست بە ژیانی تایبەتی خۆیان یان بەشداریکردن لە بازاڕی کار و ژیانی گشتیدا.
ئاماژەی بەوەشکردووە، کە ماڵەکان بوونەتە کێڵگەی کوشتن بۆ ژنان، لەسەر دەستی هاوژین و باوک و برا و تەنانەت کوڕەکانیان، بەڵام ژنان دەستبەرداری مافەکانیان نابن، بۆیە پێویستە هەموو ژنان بە هاودەنگی بوەستن و بەشداری لە خەبات بۆ بەرگریکردن لە ژیان و مافەکانیان ئازادانە بکەن