لە کامپی هۆل تەرمی سێ ژن دۆزرایەوە
شەوی ڕابردوو لە کامپی هۆل هێزە ئەمنییەکان تەرمی سێ ژنیان دۆزیوەتەوە کە یەکێکیان عێراقیە و ناسنامەی دووانەکەی دیکە هێشتا نەزانراوە.
ناوەندی هەواڵ
هێزە ئەمنییەکان لە کامپی هۆل لە ٤٥ کیلۆمەتری ڕۆژهەڵاتی ناوەندی پارێزگای حەسەکە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا کە مەترسیدارترین کامپی جیهانە، تەرمی سێ ژنیان دۆزیەوە کە یەکێکیان عێراقیەو ڕەگەزی دوو ژنەکەی دیکە تا ئێستا نەزانراوە.
لەکاتی کارکردنیاندا، هێزە ئەمنییەکانی کەرتی یەکەمی کامپی پەنابەرانی هۆل تایبەت بە عێراقییەکان ڕۆژی دووشەممە ١٨ی نیسان تەرمی ژنێکی عێراقییان دۆزیەوە کە لەناو چادرەکەیدا کوژرابوو، هەروەها تەرمی دوو ژنی دیکە لە کەرتی چوارەم دۆزرایەوەو کە گولـلە لە سەریان درابوو.
ئەو ژنە عێراقییەی کوژراوە ناوی سورەیا عەواد عەویدە لە ساڵی ١٩٨٢ لە عێراق لە بەعاج لە دایک بووە و دوو گولـلە لە سەری دراوەو گولەیەکی دیکەش بەر شانی کەوتووە، ئە دوو ژنەی دیکەش کە ناسنامەیان نادیارە لێکۆڵینەوەیان لەسەر دەکرێت.
بەم تاوانە نوێیانە ژمارەی کوژراوان لەسەرەتای ئەمساڵەوە بۆ ٩ کەس بەرزبووەتەوە و چاودێرانی بارودۆخی کامپەکەش پێیانوایە ئەو ژنانە دەکرێنە ئامانج کە لەهەوڵی ڕزگاربووندان لە ئایدۆلۆژیا توندڕەوەکانی داعش.
بەپێی ئامارەکانی ئەم دواییە، کامپی هۆل ٥٧ هەزار و ٤٦٠ کەسی تێدایە کە ژن و منداڵن.