فیدراسیۆنی زیندانیانی سیاسی داوای هەڵوێست دەکەن

فیدراسیۆنی زیندانیانی سیاسی کوردستان، بە توندیی ئیدانەی هێرشەکانی سوپای داگیرکەری تورک دەکات و داوا لە لایەنە سیاسییەکانی دەکات خاوەن هەڵوێستبن، داوا لە خەڵکیش دەکات، بایکۆتی کاڵای تورکیی بکەن.

ناوەندی هەواڵ

 

فیدراسیۆنی زیندانیانی سیاسی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی سەبارەت بە هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیای بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەداوە ئامانجی هێرشەکانی ئەو هێزە داگیرکەرە داگیرکردنی تەواوی خاکی باشوری کوردستانە و بە تاڵانبردنی نەوت و غازی هەرێمە، بۆ ئەوەش لە ناوەڕاستی مانگی نیسان دەوڵەتی داگیرکەری تورک هێرشێکی ئاسمانی و زەمینی بۆ سەر ناوچەکانی کوڕوژارۆ و مەتینا و ئاڤاشین و زاپ دەستپێکردووە.

 

فیدراسیۆنەکە ئیدانەی هێرشەکانی سوپای تورکی داگیرکەر دەکات و بە پێویستی دەزانێت، لایەنە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان خاوەن هەڵوێستبن، بێدەنگییش بەرامبەر هێرشەکانی تورکیا بە واتای قبوڵکردن ناودەبات، داواش لە خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکات، بایکۆتی کاڵای تورکیی بکەن.

 

دوای چوونی مەسرور بارزانی بۆ وڵاتی تورکیا و دانیشتنی لەگەڵ ئەردۆغانی سەرۆک کۆماری تورکیا، هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر خاكی باشوری كوردستان له‌ ناوچه‌كانی کوروژارۆ، شیلادزێ، ئامێدی و زاپ لە ڕێگەی هێرشی ئاسمانی و زەمینییەوە دەستیپێکرد و پەدەکە لەم هێرشانەدا هاوکارە، لە ئێستادا مەترسییەکی گەورەی داگیرکاری بۆ سەر باشوری کوردستان لە ئارادایە و لایەنەکان داوای هەڵوێستی هاوبەش دەکەن.