لە کابول هونەری ژنان لەژێر فشاردایە
گەلەری شەقایق لە ناوەندی هونەر لە کابول کە ژنانی ئەفغانیپەروەردەیان تێدا دەکرد، تەنها چەند ڕۆژێک دوای کردنەوەی لەلایەن یەکەی فەرمانی چاک "ئەمر بل مەعروف"ەوە هێرشی کرایە سەر، ژنان دەڵێن: دەستبەرداری هونەر و خەبات نابین.

بەهاران لەهیب
کابول-لەگەڵ هاتنی تاڵیبان بۆ دەسەڵات، ژنان لە خوێندن و ژیانی کارکردن بێبەش کران. بەڵام ئەمە هیوای ژنانی ئەفغانی لەناو نەبرد، دەستیان کرد بە گەڕان بەدوای ڕێگایەکدا بۆ بەشداریکردن لە کۆمەڵگەدا. ژنانی ئەفغانستان چەندین پڕۆژەیان دامەزراند، لە دامەزراندنی بازرگانییە بچووکەکانەوە تا پێشکەشکردنی خولی پەروەردە بۆ ژنان و بەڕێوەبردنی چێشتخانەکان. یەکێک لەو چالاکییانە نیگارکێشان بوو، کە زۆرێک لە ژنانی گەنج حەزیان لێ بوو، بەڵام لەو بوارانەدا ڕووبەڕووی فشارێکی زۆر و قەدەغەکردن و سوکایەتی و ڕێبازی جۆراوجۆر بوونەتەوە.
لەو کۆمەڵگەیانەی پیاوان زاڵن، زۆرجار نیگارکێشی وەک پیشەیەک سەیر دەکرێت کە زۆرینەی پیاوانە. بۆیە بە درێژایی مێژوو زۆر کەم ژنی بەناوبانگ لە بواری نیگارکێشیدا هەبووە و ئەوانەی کە هەن، زیاتر لەم ساڵانەی دواییدا ناسراون.
لە ماوەی چوار ساڵی دەسەڵاتی تاڵیباندا، ژمارەیەکی زۆر لە ژنان لە سەرانسەری ئەفغانستاندا بەشدارییان لە هەوڵە هونەرییەکان کردووە، بەڵام ئەم ژنانە ڕووبەڕووی ئاستەنگ بوونەتەوە. گەلەری شەقایق کە لە ٦ی ئاب لە شارۆچکەیەکی کابول لەلایەن ژنانەوە کرایەوە، یەکێک لەو نموونانە بوو. بەپێی وتەی شایەتحاڵەکان، تەنها چەند ڕۆژێک دوای کردنەوەی، لەلایەن یەکەی "ئەمر بل مەعروف" تاڵیبانەوە هەڵیانکوتایە سەری. هەموو کارە هونەریەکان لەناوچوون و فەرمانی بەجێهێشتنی کرێکارە ژنەکان درا، بەڵام دوکاندارەکانی نزیک ڕێگایان بەم کارە نەدا.
"هەوڵیاندا ژنان ببەن"
شایەتحاڵێک کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت ڕووداوەکەی گێڕایەوە و وتی: هەفتەیەک لەمەوبەر چەند ژنێکی گەنج لە نهۆمی سێیەمی گۆڕەپانەکەدا ژوورێکیان بەکرێ گرت کە دوکانەکەمی لێیە و مەراسیمی کردنەوەی فەرمییان ئەنجامدا، ئەوان وانەی وێنەکێشان و نیگارکێشانیان دەدا بە کۆمەڵێک ژنی گەنج کە لە خوێندن بێبەش بوون، دوێنێ دوانیوەڕۆ، بەشێک لە ئەندامانی ئەمر بل مەعروف هەڵیانکوتایە سەر دوکانەکە بە بیانووی ژنان "یاساکانی سەرپۆش و رەوشتیان پەیڕەو نەکرد" و هەوڵیاندا ژنان ببەن، بەڵام هەموو دوکاندارەکانی ئەوێ ڕێگەیان گرت و تۆمەتەکەیان ڕەتکردەوە.
ژنێکی فرۆشیار کە دوکانێکی لە نزییک ئەوێدا هەیە وتی: تاڵیبان تەنها ئەو ژنانە دەکاتە ئامانج کە لە فەرمانگە و کارە بەڕێزەکانی تردا کاردەکەن، ئەوان دەیانەوێت ژنان سواڵ بکەن یان وەک خزمەتکار لە ماڵی کەسانی دیکەدا خزمەت بکەن، ئەوان نایانەوێت ژنان خوێندن بەدەستبهێنن، چونکە ترسیان لە پۆستەکەیان هەیە، ئێستا پێشانگاکانی ئەم ژنانەیان داخستووە، بەڵام دڵنیام کە ئەوان وازناهێنن و بە نهێنی بەردەوام دەبن لە کارەکانیان.
سەرەڕای بەردەوامی فشار و سنووردارکردنی تاڵیبان بۆ سەر ژنان، ڕۆحی بەرخۆدان و داهێنان لە ناو ژنانی ئەفغانستاندا زیندووە، ئەزموونی گەلەری کابول ئەوە دەردەخات کە تەنانەت لە سەختترین هەلومەرجیشدا ژنان ڕێگاکانی بوون دەدۆزنەوە و ڕۆڵیان لە کۆمەڵگەدا دەگێڕن.