مەریەم یەحیوی: ڕژێمی ئێران ترسی لە ناڕەزایەتی دەربڕین هەیە

مەریەم یەحیوی، چالاکوان ڕایگەیاند، نابێت سەرکوتکردنی زیندانیانیی سیاسیی وەک ڕێوشوێنێکی کاتی سەیر بکرێت، ڕژێمی ئێران ترسی لە ناڕەزایەتی دەربڕین هەیە و توندوتیژییەکانی نیشانەی لاوازیین.

ناوەندی هەواڵ

 

مەریەم یەحیوی، چالاکوانی بواری مافەکانی ژنان لە پەڕەی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێنستاگرام لەبارەی دۆخی زیندانیانیی سیاسیی کورد و ئێران لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە پەیامێکی بڵاوکردەوەو ڕایگەیاند، لە کاتێکدا ئێران ڕووبەڕووی قەیرانی سیاسیی، ئابووری و کۆمەڵایەتی بووەتەوە و ناڕەزایەتییەکان بە شێوەیەکی بەرچاو ڕووی لە زیادبوون کردووە و نابێت سەرکوتکردنی زیندانیانیی سیاسیی وەک ڕێوشوێنێکی کاتی یان تەنها کاردانەوەیەک سەیر بکرێت.

 

وتیشی: ئەو ڕەوتە بەشێکە لە سیاسەتێکی ئامانجدار بە مەبەستی سنووردار کردن و سەرکوتکردنی تەواوی زیدندانیانیی سیاسیی، هەروەها زیندان تەنها شوێنی دەستبەسەر کردن نییە، بەڵکو ئامرازێکە بۆ فشاری دەروونی و جەستەیی، پچڕانی پەیوەندی و ڕێگریکردن لە هەر جۆرە ناڕەزاییەتییەک.

 

ئاماژەی بەوەشكردووە، ئەو توندوتیژییانە زیاتر نیشانەی لاوازی و دڵەراوکێ ڕژێمی ئێران نیشان دەدات، لەو ڕێگەیە پەیامێکی ڕوون بۆ کۆمەڵگە دەنێرێت، کە ترسی لە ناڕەزایەتی دەربڕین هەیە، ئەو کاردانەوەیە ئێران بۆشایی نێوان حکومەت و کۆمەڵگە قوڵتر دەکاتەوە و متمانەی سیاسیی ئێران لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی زیاتر دادەرمێنێت.

 

ئەوەش لە کاتێکدایە، لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لە بەرانبەر ماف و خزمەتگووزارییەکاندا دەست بە دەربڕینی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان کراوە، هەروەها ژمارەیەکی بەرچاو لە بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان سیمکارتەکانیان پچڕاوە و سەرکوتکردنی زیندانیانیی سیاسیی چڕتر بووەتەوە.