لە هەڵەبجەوە ٨ داواکاری ئاڕاستەی سێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێم کراو داوای هەنگاوی کرداریی دەکەن
ليژنەی باڵای ٣٧ەمین ساڵیادی كیمیابارانكردنی هەڵەبجە لە مەزاری شەهیدان لە پەیامێکی ٨ خاڵیدا بە سێ زمانی كوردی و عەرەبی و ئینگلیزی هۆشداری دایە سێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێمی کوردستان.

هەڵەبجە
ئەمڕۆ ١١ی ئادار، بە نزیکبوونەوە لە ١٦ی ئادار کە ٣٧ەمین ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجەیە، لە مەزاری شەهیدان لە هەڵەبجە، كەسوكاری شەهیدان و قوربانییانی چەکی کیمیایی و دانیشتووانی هەڵەبجە، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییان سەبارەت بە خستنەڕووی چەند داواکارییەکیان ئەنجامدا و بە هەرسێ زمانەکانی کوردی، عەرەبی و ئینگلیزی داواکارییەکانیان گەیاند بە هەر سێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێمی کوردستان.
ئاهەنگ فەخرەدین، خاوەن جوار شەهیدو دوو خوشک و برایەکی ونبوو، بەیاننامەی توێژە جیاوازەكانی هەڵەبجەی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنووسییەکەدا خوێندەوەو وتی: ئەگەر بەناو مێژووی کورددا بچینە خوارەوە بەشێکی گرنگی راپەرینەکان لە هەڵەبجەو شارەزوور هەورامان بووەو شانازی تیکۆشانی مێژووە کە لانکەی هەزاران شاعیری گەورەو بەردەوام سەرگەرمی خەبات بووە لە پێناو گەلی کورد، بەو هۆیەەوەو ڕژێمە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق بە چاوی ڕقەوە لە هەڵەبجەیان ڕوانیوەو هەر کات بۆیان ڕەخسابێت تاوانیان بەرامبەر هەڵەبجەو هەلەبجەییەکان ئەنجامداوە، دیارترینیان تاوانی ١٦-٣-١٩٨٨ کە بووە هۆی شەهید بونونی ٥ هەزار هالاتی بیتاوان و بریندار بوونی ١٠ هەزار کەس و ئاوارە بوونی تەواوی خەڵکەکەی بۆ خاکی ئێران و تا ئیستاش کاریگەری بەسەر خەڵکی هەڵەبجەوە دیارە، لە رۆژی ١٦-٣ی هەموو ساڵی ئەم یادە دەکەنەوە بەناوی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفال کراوان و منداڵی ون بوو ئەم خاڵانە دەگەیەنین.
داواکارییەکان بریتیین لە:
١-حکومەتی هەرێم هەنگاوی کرداری بنین بۆ کەسوکاری شەهیدان و ئەنفال کراوان و برینداران و تاقانەکان و منداڵانی ونبوو زیانلێکەوتووان.
٢-دابین کردنی پڕۆژەو تایبەتمەندی هەڵەبجە لە بەرچاو بگیرێت پێچەوانەی خەڵکەکەی و ژمارەی دانیشتووانەکەی.
٣-حکومەتی هەرێم وەک پارێزەری مافەکانی کوردستان فشار لە حکومەتی عێراقی فیدراڵ بکات تاوەکو داواکان بەجێگەیەنێت بۆ ناساندنی جپنۆسایدی هەڵەبجەو دابین کردنی بودجەی پێویست بۆ ئاوەدان کردنەوەی هەڵەبجەو بە سزا گەیاندنی ئەو کەسانەی تاوانیان بەرامبەر هەڵەبجە کردووە.
٤-دەرکردنی بریارێک لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە بۆ کەوتنەوە گەری پڕۆژە وەستاوەکانی هەڵەبجە ئەوەی پەیوەستە بە کەسوکاری شەهیدانەوە.
٥-دابین کردنی بودجەیەکی پێویست بۆ کەسوکاری قوربانیان کە بەشێکیان لە چاوەروانی چارەسەر کۆچی دواییان کردو بە یەکجاری بەجێیان هێشتین.
٦-سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان پەیوەندیە هەرێمی و نیودەوڵەتییەکان بەکاربهێنێت بۆ ناساندنی جینۆسایدی کوردستان.
٧-پەرلەمانی داهاتووی کوردستان با یەکەم کاریان پەسەند کردنی پرۆژەی بە جینۆساید ناساندنی هەڵەبجە بێت تاوەکو ئیستا بناسێندرێت.
٨-یەکخستنەوەی هەوڵەکان بۆ دەنگدان بۆ پرۆژەی ناساندنی هەڵەبجە وەک چوار پارێزگای هەرێم.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا داوایان لە خەڵک کرد بە هەموو جیاوازیەکانەوە بە گوێی دۆست و نەیاردا بڵێن بژی ئاشتی و مرۆڤ دۆستی نەفرەت لە جەنگ و تاوان.