لە عەفرین دوو ژن ڕفێندران
لە عەفرینی داگیرکراو ڕۆژانە خەڵک دەستگیر دەکرێن و بێسەروشوێن دەکرێن، فەریدە مستەفای تەمەن ٢٨ ساڵ کە دایکی دوو منداڵە لەگەل ئارین دەل حەسەن ژنێکی گەنجی ئێزدی ڕفێندراون.

شەهبا
لە عەفرین لە ١٨ی کانوونی دووەمی ٢٠١٨ کە لەلایەن چەتەکانی دەوڵەتی تورکەوە داگیرکراوە، ڕفاندنی خەڵک لە زیادبووندایە بەناوی "ئاسایشی سیاسی"ەوە، ڕۆژانە خەڵک لەشەقامە بێدەنگەکانەوە دەبرێن و بێسەروشوێن دەکرێن، لە سەرەتای مانگی ئەیلولەوە تا ئێستا ١٠ کەس ڕفێندراون.
چارەنووسی دایکی دوو منداڵ بە ناوی فەریدە مستەفا و هاوسەرەکەی نەزانراوە
دایکێکی تەمەن ٢٨ ساڵ، فەریدە مستەفا، کە هاوسەرەکەی "محەمەد عەبدولقادر سیرۆ" لە ١ی ئەیلولدا دەستگیرکرابوو، بۆ وەرگرتنی زانیاری لە هاوسەرەکەی ماڵەکەی بەجێهێشت و نەگەڕاوەتەوە، چارەنووسی فەریدە مستەفا تا ئێستا نادیارە.
ئارین دەل حەسەنی ئێزدی بۆ جاری دووەم ڕفێندرا
هەروەها ژنێکی گەنجی ئێزدی بەناوی ئارین دەل حەسەن، کە لە گوندی کیمار-ی شێراوا دەژی، دوو جار لەلایەن سەربازانی سوپای تورکەوە ڕفێندرا.
چەتەکانی ئەلحەمزەت سەر بە دەوڵەتی تورک داوای هەزار دۆلار دەکەن بۆ ئازادکردنی و هێشتا نازانرێت ئارین لە کوێیە و چی بەسەر هاتووە.
پێشتر ئارین لە ٢٧ی شوباتی ٢٠٢٠ لەلایەن هەمان گروپی ئەلحەمزەتەوە دەستگیرکرابوو و دوای ساڵێک لە دەستگیرکردن ئازادکرا ئارین یەکێک بوو لەو ژنانەی کە لە زیندانی پێشووی ناوەندی عەفرین "ئاسایش" لە گەڕەکی مەحمودی بوو کە وێنەکانی بڵاوکرانەوە.