گۆڕەپانی هەڤرین خەلەف لە فەرەنسا کرایەوە
مەراسیمی کردنەوەی فەرمی گۆڕەپانی هەڤرین خەلەف لە شاری لیۆن-ی فەرەنسا بەڕێوەچو، تێیدا فرانی دوبۆت، سەرۆکی شارەوانی ناوچەی ٧ی لیۆن و سۆنیا زدۆرۆدزۆف، بەرپرسی هاودەنگی نێودەوڵەتی لە ئەنجومەنی شاری لیۆن ئامادەیی مەراسیمەکە بوون.

مەراسیمی کردنەوەی فەرمی گۆڕەپانی هەڤرین خەلەف لە شاری لیۆن-ی فەرەنسا بەڕێوەچو، تێیدا فرانی دوبۆت، سەرۆکی شارەوانی ناوچەی ٧ی لیۆن و سۆنیا زدۆرۆدزۆف، بەرپرسی هاودەنگی نێودەوڵەتی لە ئەنجومەنی شاری لیۆن ئامادەیی مەراسیمەکە بوون.
ناوەندی هەواڵ
ڕۆژی سێ شەممە، ٢٣ی ئەیلول مەراسیمی کردنەوەی گۆڕەپانی هەڤرین خەلەف لە ناوچەی ٧ی شاری لیۆن لە فەرەنسا بەڕێوەچوو، کە دەکەوێتە نێوان شەقامی مارسیلیا و سالۆمۆن-ریناچ لە گەڕەکی لا گیلۆتیری ناوچەکە، لە گۆڕەپانەکەدا بۆردی "مەیدانی هەڤرین خەلەف، ١٩٨٤-٢٠١٩، فێمینیست و سیاسەتمەداری ژنی کورد" جێگیرکرا تا ناوچەکەی پێ بناسرێتەوە.
هەڵبژاردنی ناوی هەڤرین خەڵەف بەشێک بوو لە هەوڵەکانی سەرۆک شارەوانی گریگۆری دۆسێت بۆ پێدانی ناوی ژنان بە شەقام، لە دوایین کۆبوونەوەی شارەوانییەکەدا ٨ی تەمموز ئەنجومەنی شاری لیۆن بڕیاریدا بە پێدانی ناوی ئەو ژنە سیاسەتمەدارە کوردە بە گۆڕەپانەکە.
سۆنیا زدۆرۆدزۆف، بەرپرسی هاودەنگی نێودەوڵەتی لە ئەنجومەنی شاری لیۆن، لە مەراسیمەکە ئاماژەی بەوەدا " ئەنجومەنی شار دەیانەوێت ستایشی تێکۆشانی گەلی کورد بکەن لە دژی داعش، هەروەها پیرۆزبایی لە هەموو ئەو ژن و پیاوانە کرد کە لەپێناو ئاشتی و دیموکراسی لە سوریادا تێدەکۆشن".
هەڤرین خەڵەف، سیاسەتمەداری کورد و سکرتێری گشتی پارتی ئایندەی سوریا، لە ١٥ی تشرینی دووەمی ١٩٨٤ لەدایکبووە، هەڤرین ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی ئەنجومەنی سوریای دیموکرات بوو، یەکەم ژنی سیاسەتمەدارە کە بە هەوڵی تیرۆریستی تیرۆر بکرێت، هەڤرین لە ١٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ لەلایەن چەتەکانی دەوڵەتی تورکیاوە لە نزیک گرێ سپی تیرۆر کرا.
ت.پ