لە دوو مانگدا زیاتر لە دوو هەزار و ٥٠٠ توندوتیژی دژ بە ژنان ئەنجامدراوە
بەپێی ئەو ئامارانەی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و خێزان بڵاویکردووەتەوە، لە دوو مانگی ڕابردوودا دوو هەزار و ٥٢٠ توندوتیژی بەرامبەر ژنان ئەنجامدراون، زۆرترینیشیان لە هەولێر تۆمار کراون.

ناوەندی هەواڵ
بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و خێزان لە نوێترین ئاماردا کە بڵاویکردووەتەوە ئاشکرایدەکات تەنها لە ماوەی مانگی ئابدا یەک هەزار و ٦٢٦ توندوتیژی تۆمار کراون.
بەگوێرەی ئەو ئامارانەی بڵاوکراونەتەوە، لە ماوەی مانگی ئابدا سێ حاڵەتی کوشتن، سێ خۆکوشتن و چوار خۆسوتان هەبووە، هەروەها ٩ دەستدرێژی سێکسی تۆمارکراوە، ئەمە جگە لەوەی یەک هەزار و ٦٠٧ سکاڵا تۆمارکراوە.
لەم توندوتیژیانەدا کە تۆمارکراوە، توندوتیژی لە پارێزگای هەولێر لە شارەکانی دیکە زیاترە، کە ٧٢٨ توندوتیژی تۆمارکراوە، لە دهۆکیش ٣٥٦، لە سلێمانی ٣٢٩ توندوتیژی تۆمارکراون.
لە گەرمیان ١١٦، لە ڕاپەڕین ٤٦، لە سۆران ٤١ توندوتیژی تۆماکراوە، کۆی ئەم ئامارانەش بەراورد بە مانگی تەمموز ٪٣٥ کەمترە.
لە کاتێکدا لە مانگی ئابدا ١٦٢٦ توندوتیژی تۆمارکراوە، لە مانگی تەمموزدا ٨٩٤ توندوتیژی تۆماکراوە، کە یەک کوشتن، ٥ خۆکوشتن، سێ خۆسوتان، ١٤ دەستدرێژی سێکسی و ٨٧١ سکاڵا تۆمارکراون.
هاوکات زۆرینەی توندوتیژییەکانی مانگی تەمموز لە هەولێر بووە، کە ٢٩٥ توندوتیژی بووە، لە دهۆک ٢٥٠، سلێمانی ٢١٢، گەرمیان ٨٣، ڕاپەڕین ٢٥ و سۆران ٢٨ توندوتیژی تۆمارکراون.