کەژەکە: دەبێت ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە غەززە بوەستێندرێن
کۆردیناسیۆنی کەژەکە بە ڕاگەیەندراوێک دووپاتی کردەوە، کە هەبوونی گەلی جوولەکە و گەلی فەڵەستین بە خوێنڕێژیی و لەناوبردنی یەکتر، مسۆگەر نابێت؛ داوای کرد لەپێناو چارەسەرێکی ئاشتییانە و درێژخایەندا، ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان بوەستێنرێن.

ناوەندی هەواڵ
کۆردیناسیۆنی کەژەکە بە ڕاگەیەندراوێک دووپاتی کردەوە، کە هەبوونی گەلی جوولەکە و گەلی فەڵەستین بە خوێنڕێژیی و لەناوبردنی یەکتر، مسۆگەر نابێت؛ داوای کرد لەپێناو چارەسەرێکی ئاشتییانە و درێژخایەندا، ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان بوەستێنرێن و پێشنیاری پڕۆژەی نەتەوەی دیموکراتیک دەکەین.
ڕاگەیاندراوەکەی کەژەکە بەم جۆرەیە: “لەپێش چاوی هەموو جیهاندا، دەبینین چۆن کێشەیەکی مێژوویی کە بەرئەنجامی سیاسەتی هەڵەیە، ڕێگە بۆ جینۆسایدی نوێ دەکاتەوە. ئەو سیاسەتانەی کە پشتدەبەستن بە لەناوبردنی نەیارەکان، وەکچۆن لە مێژوودا ڕێخۆشکەر بوون بۆ جینۆسایدی مەزن، ئەمڕۆش بوونەتە سەرچاوەی ئێش و خەسارەت و تراژیدیای مەزن. شەڕی ئیسرائیل و فەڵەستین خەریکە دەگاتە ئاستی بنبەست و جینۆساید، هۆکارەکەشی پێداگریی ئەوانە بۆ لەناوبردنی یەکدی.
ئیسرائیل بە شەڕێکی داگیرکاریی مەزن وەڵامی هێرشەکەی ٧ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ـی حەماسی دایەوە، ئەم شەڕە تا ئەمڕۆش بەردەوامە و تادێت دژوارتر دەبێت. شەڕی ئیسرائیل_حەماس گۆڕاوە بۆ ئۆپەراسیۆنی سزادانی هەموو گەلی فەڵەستین و ئەمەش سەردەکێشێت بۆ تراژیدیایەکی مرۆیی قەرەبوونەکراو. بەگوێرەی داتا فەرمییەکان، لەم شەڕەدا، تا ئێستە ٦٢ هەزار و ٧٠٠ کەس گیانیان لەدەستداوە و نزیکەی ١٦٠ هەزار کەس برینداربوون.
گەمارۆی سەر غەززە هەیە، گەلی فەڵەستین ڕادەستی مەرگ کراون و سیستەمی تەندرووستی داڕماوە. تا ئێستە ٢٥٠ ڕۆژنامەنووس کە ڕووداوەکانیان بە ڕای گشتی گەیاندووە، لە هێرشە سەربازییەکاندا کوژراون. گەلی فەڵەستین لە غەززە، بە مەرگ گەمارۆدراون. ڕادەستکردنی گەلان بە مەرگ و برسێتی و تینوێتی و داگیرکاری، قبووڵکراو نییە. وەک هەر شەڕێکی داگیرکاری و کۆڵۆنیاڵیستی، زۆرینەی قوربانییەکان بەر خەڵکی سڤیل کەوتووە. بەگوێرەی داتاکانی یونیسێف (UNICEF)، ڕۆژانە نزیکەی ٢٨ منداڵ بەهۆی بۆردوومانی سەر غەززە یان گەمارۆی برسێتییەوە دەمرن.
لە سەرانسەری جیهاندا، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و دامەزراوە و ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان، بۆ وەستاندنی ئۆپەراسیۆنەکان و هەڵگرتنی گەمارۆکان، هەڵوێستیان وەرگرتووە. بەڵام حکومەتی ئیسرائیل لەبری گوێگرتن لەم بانگەوازانە، پێداگرە لەسەر سیاسەتەکانی. سەرەڕای هەموو ناڕەزایەتییەکان، حکومەتی ئیسرائیل بڕیاریداوە تەواوی غەززە داگیربکات. گەلی جوو کە بەدرێژایی مێژوو ڕووبەڕووی جینۆسایدی دڕندانە بوونەتەوە، نابێت لەڕێگەی جینۆساید و داگیرکارییەوە مێژوو و ئایندەی ڕەوای خۆیان بپارێزن. چارەسەری پێکەوەژیان لەگەڵ گەلی فەڵەستین، گونجاوترین ڕێوشوێنی ئەمنییە بۆ هەردوولا. پێویستە هێزە سیاسییەکانی فەڵەستین، هەبوونی گەلی فەڵەستین لەسەر بناغەی دانپیانان بە هەبوونی گەلی جوو، بنیات بنێن. دەبێت حکومەتی ئیسرائیل لەسەر ئەم بنەمایە بەدوای چارەسەردا بگەڕێت و گرنگی بدات بە هەوڵەکانی کۆتاییهێنان بە شەڕ و ئەم هەوڵانە وەک ئەنتی_سامیزم (دژە_جوویەتی) تۆمەتبار نەکات. دەبێت بزانێت کە داگیرکردن و گەمارۆدان، ئەنتی_سامیزم فراوانتر دەکات.
ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جوگرافیایەکی فرەناسنامەیە
وەک گەلی کورد، ئەو هەستی ئازار و هاوسۆزییە قووڵەی کە لە ئەنجامی شەڕەکانی ئینکار و لەناوبردن کە نزیکەی ١٠٠ ساڵە ڕووبەڕووی بووینەتەوە بەدەستمان هێناوە، ئەوەیە کە بەهەندنەگرتن، نەبوون و قبوڵنەکردن ئازارێکی بێوێنەیە و نابێت ئازار ببێتە چارەنووسی گەلان، ئەو سیاسەتانەی کە لەسەر بنەمای دەوڵەتی نەتەوەیی و ڕەگەزپەرستی دامەزراون، نەک هەر ناتوانن کێشەکان چارەسەر بکەن، بەڵکو خۆیان هۆکاری سەرەکیی کێشەکانن.
ڕەگەزپەرستی، ئایینپەرستی و سێکسیسم سەرەتا ڕاستی و ئەخلاق، پاشان مرۆڤایەتی، سروشت، ژن و ژیان لەناو دەبەن، ئەگەر لە دەرەوەی چوارچێوەی ڕەگەزپەرستی، ئایینپەرستی و سێکسیسم سەیری کێشە مێژوویی-سیاسی و جڤاکییەکان بکەین، ڕێگا بۆ ئاشتی و چارەسەری هەمیشەیی خۆش دەکات.
ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جوگرافیایەکی فرەناسنامەیە، لەبەر ئەوەی زۆرێک لە سەرەتاکان لەم خاکەدا دروست بوون، پێی دەوترێت لانکەی مرۆڤایەتی، دەربڕینی گەڕانی مرۆڤایەتی بەدوای مانادا، سەرچاوەکەی لە باوەڕ و ئایینەکانی ئەم جوگرافیایەوە وەرگرتووە، بەڵام ئەو دەسەڵاتەی لەسەر ئایین و جڤاکەکان بنیات نراوە، لەگەڵ ململانێ و شەڕ و لە کۆتاییدا لەگەڵ مۆدێلی دەوڵەت-نەتەوەی سەرمایەداریدا، میکانیزمێکی کۆمەڵکوژیی دامەزراندووە، ئەو خاکەی کە بەشی هەمووان دەکات، بۆتە گۆڕی هەمووان.
سەرۆک ئاپۆ بۆ تێپەڕاندنی ئەو میکانیزمە کۆمەڵکوژییەی کە هەموو گەلان – کورد، عەرەب، جوو، ئەرمەنی و ئاشووری – پێیدا تێدەپەڕن و تەنانەت بوونەتە کۆیلەی، لە بەرامبەر تاک ڕەهەندیی دەوڵەت-نەتەوەدا، چارەسەری نەتەوەی دیموکراتیکی خستەڕوو، لە بەرامبەر دوالیزمی “بمرە-بکوژە”، دوالیزمی “بژی و بهێڵە بژین” و لە بەرامبەر “بدۆڕێنە-بدۆڕێنە” بنەمای “سەرکەوتن-سەرکەوتن” فەلسەفەی چارەسەریی نەتەوەی دیموکراتیک پێکدەهێنێت.
سیستەمێکی کۆنفیدراڵی کە لە چوارچێوەی کۆمەڵگەی دیموکراتیک و کۆماری دیموکراتیکدا خۆبەڕێوەبەریی هەموو گەلان مسۆگەر دەکات، دەتوانێت کۆتایی بە هەموو ئازارەکانمان بهێنێت و مەترسییەکانی قڕکردن لەناو ببات.
چارەسەریی نەتەوەی دیموکراتیک بۆ ململانێی ئیسرائیل-فەلەستین گونجاوترین چارەسەرە، نەک سەپاندنی دەسەڵاتێکی پشت بەستوو بە ئایین و ڕەگەزپەرستی، گەڕان بەدوای باڵادەستیدا، عەقڵییەتی لەناوبردنی یەکتر و چارەسەرییە دەوڵەتخوازەکان، بەڵکو ئەو سیاسەتانەی پشت بە یەکێتیی دیموکراتیک و هاوکاریی گەلان دەبەستن، چارەسەریی دەئافرێنن.
سەرۆک ئاپۆ، هێندەی بایەخ بە کێشەی کورد دەدات، ئەوەندەش بایەخ بە کێشە و چارەسەرییەکانی گەلانی جوو و فەلەستین دەدات، چونکە چارەنووسی هەموو گەلان هاوبەشە، چارەنووسی هەر یەکێکیان چارەنووسی ئەوی دیکەیە، کاتێک لەسەر ئەم بنەمایە مۆدێلی نەتەوەی دیموکراتیکی خستەڕوو، بۆ کێشەی کورد، ململانێی ئیسرائیل-فەلەستین و هەموو کێشەکانی تر، لە ڕوانگەی چارەسەرییەکی هاوبەشەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لێی نزیک بۆتەوە، ئەمە خەیاڵێکی یۆتۆپیا نییە، بەڵکو مۆدێلێکی چارەسەرییە کە لە بەردەم جێبەجێبووندایە.
مۆدێلی نەتەوەی دیموکراتیک لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا سەرکەوتنی بەدەستهێناوە، مۆدێلی خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا نموونەیەکی سەرەتاییە (پرۆتۆتایپ)ـە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سیستەمێکی سیاسییە کە پێکەوەژیانی مرۆڤەکان لەخۆدەگرێت، ئەو چارەسەرییەی کە مۆدێلی خۆبەڕێوەبەریی پێشکەشی دەکات، دەکرێت لە تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پەرەی پێبدرێت.
هاوکات، دەوڵەت ئامرازی سەرەکیی سیستەمی داگیرکاری و تاڵانکارییە کە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا لەلایەن سیستەمی پیاوسالارییەوە پەرەی پێدراوە و هەر بۆیەش باڵادەستیی پیاوانەیە، هۆکاری سەرەکیی ئەوەی کە شۆڕشی ڕۆژئاوا توانی نەتەوەی دیموکراتیک پەرە پێبدات، ئەوە بوو کە پشتی بە ئازادیی ژنان بەستبوو، تاوەکو لەسەر بنەمای ئازادیی ژنان نەبینە بکەری چارەسەری، ناتوانین داهاتوویەکی ئاشتییانە، دادپەروەرانە و ئازاد بنیات بنێین، پێویستە هەموو ژنان بزانن کە بنەڕەتیترین هێز کە دەتوانێت نەتەوەی دیموکراتیک پەرە پێبدات و کێشە و ململانێ بنەڕەتییە نەتەوەیی و ئایینییەکان چارەسەر بکات، ئازادیی ژنانە، ئازادیی ژنان تەنها هێزە کە دەتوانێت باڵادەستیی پیاو، سێکسیسم و ئەو شەڕەی دەسەڵاتخوازیی پیاوانە، کە لەسەر نەتەوە و ئایین سەپێنراوە، لەناو ببات.
لەسەر ئەم بنەمایە، بانگەوازی لە حکومەتی ئیسرائیل دەکەین کە گەمارۆی سەر گەلی فەلەستین هەڵبگرێت و ڕێگە بدات هاوکاریی مرۆیی بگاتە ناوچەکە، بۆ چارەسەرییەکی هەمیشەیی، پێویستە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە غەززە بوەستن و پرۆسەیەکی چارەسەریی ئاشتییانە دەست پێبکات، مافە ڕەواکانی بوونی گەلانی جوو و فەلەستین بە ڕشتنی خوێن و لەناوبردنی یەکتر بەدەست نایەن، گەڕانی هەردوو گەل بەدوای چارەسەریدا کە پشت بە شەڕ و ململانێ دەبەستێت، سەرەکیترین بەربەستە لەبەردەم ئاشتیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کاریگەری لەسەر چارەنووسی هەموو گەلانی ناوچەکە هەیە، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستێک کە کێشەکانی کورد و فەلەستین لەسەر بنەمای نەتەوەی دیموکراتیک چارەسەر بکات، ئاشتی بۆ جیهانیش دەهێنێت، هەموو مرۆڤایەتی و هەموو گەلان شایستەی ئەم ئاشتییەن.