"شەریفە وەک دایکێک سەرەڕای ئازارەکانی بەردەوامە لە خۆشەویستی ژیان"

هەڵمەتی بەرگری لە شەریفە محەمەدی بڵاویکردەوە، شەریفە باس لە ژیانی ڕاستەقینەی خۆی و ملیۆنەها ژنانی دیکە دەکات،شەریفە وەک دایکێک سەرەڕای هەموو ئازارەکانی بەردەوامە لە خۆشەویستی و بەخشینی ژیان.

ناوەندی هەواڵ

 

هەڵمەتی بەرگری لە شەریفە محەمەدی سەبارەت بە پەسەندکردنی سزای لەسێدارەدانی شەریفە محەمەدی زیندانیی سیاسیی لە زیندانی لاکانی ڕەشت ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوەو تییدا هاتووە، شەریفە محەمەدی ژنێکی کرێکارە و لە سەرووی هەمووشیانەوە دایکە، ئەو باس لە ژیانی ڕاستەقینەی خۆی و ملیۆنەها ژنانی دیکە دەکات.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، شەریفە محەمەدی لە نامەیەکدا دەڵێت: “من دایکم، من ژنێکم ! ، بێ هیچ مافێک، لە سکی خۆمدا پەروەردەم کردووە و گەورەم کردووە، یاساکەیان بەبێ بوون هەژمارم دەکەن و بۆ بەخێوکردن دانراوم. من باخەوانێکم کە گوڵ بۆ کەسانی دیکە دەچێنم. من دایکم، من ژنێکم!.

 

هەڵمەتی بەرگری لە شەریفە محەمەدی ڕستەکانی شەریفە بە مانادار و ئەزموونی دایکێک پێناسە دەکەن کە دایکێک سەرەڕای هەموو ئازار و چەوساندنەوەکانی، بەردەوامە لە خۆشەویستی و بەخشینی ژیان. دەنگی شەریفە ئەو ڕاستییەمان بیردەخاتەوە کە دایکبوون و ژنبوون و کرێکار بوون بەیەکەوە گرێدراون و هەرسێکیان دژی جیاکاری و نادادپەروەری دەوەستنەوە.

 

ئەوەش لەکاتیکدایە، لە ١٦ـی ئابی ئەمساڵدا، لە لایەن لقی ٣٩ـی دادگای باڵای ئێران سزای لەسێدارەدانی شەریفە محەمەدی بە تەواوی پەسەند کرا.