کۆیە یادی نەورۆزی بەرز ڕاگرت و ژنان پێشەنگی یادەکە بوون
شاری كۆیەش هاوشێوەی هەموو شارەكانی دیكەی كوردستان لەناو شوێنەواری دێرینی قشڵەی كۆیە بە ئامادەبونی بەشێك لە خەڵكی سنورەكەو میوانانی شاری هەولێر و ئەوروپاو ئەمریكا، ئاگری نەورۆزی كردەوە.

شیا كۆیی
کۆیە- ئێوارەی ٢٠ی ئادار، بەچاودێری قایمقامی کۆیە بە داگیرساندنی مەشخەڵ و ئاگری نەورۆز پێشوازی لەساڵی نوێی کوردی کرا،و بڵێسەی ئاگر لەلایەن كچە شەهیدێك بەناوی (نازەنین یوحنا یوسف) لەگەڵ شانۆكار كەیفی ئەحمەد کرایەوە، بڵێسەی ئاگر ئاسمانی شینی داپۆشی و بەچەپڵە ڕێزان پێشوازی لە ساڵی نوێی كوردی وجەژنی نەورۆز كرا.
"ژنان هەمیشە ڕۆڵی گرنگیان هەبووە لە جەژنی نەورۆز"
دەلال سڵێوە عیسا لە شاری هەولێرەوە سەردانی كۆیەی کردبوو بۆ بەشداری كردن لە كردنەوەی ئاگری نەورۆزو وتی: پیرۆزبایی لە گەلی كورد دەكەم لە هەر پارچەیەکی كوردستان، هیوادارم ساڵی داهاتوو هەر چوار پارچەی كوردستان یەك بگرن ودەوڵەتی كوردی رابگەیەنن.
سەبارەت بەڕۆڵی ژنان لە بۆنەكان لە جاران وئێستادا دەلال وتی: ژنان هەمیشە رۆڵی گرنگیان هەبووە لە جەژنی نەورۆز و بۆنەكان بەڵام بەهۆی ئەوەی مانگی رەمەزانە جەژنی نەورۆز وەك جاران بەڕێوە نەچوو، ژنان كەمتر بەشداریان كردووە، جاران ژنان هەمو پێكەوە بە جلی كوردیەوە دەهاتنە دەرێ و بەشداریان دەكرد لە جەژنی نەورۆز دەچوونە سەیرانگاكان، هەروەها بەهۆی قەیرانەكان كەمێك هەستی نەتەوایەتی كاڵ بۆتەوە بەڵا پێویستە ئەو بۆنانە دووبارە زیندوو بكرێنەوە وەك جاران.
بنار سڵێوە عیسا لە وڵاتی سویدەوە گەڕاوەتەوە خۆشحاڵە كەتوانی بەشداری ئاهەنگی نەورۆز بكات وتی: لە وڵاتی سویدەوە هاتومەوە تا بەشداری جەژنی نەورۆز بكەم، لە سویدیش ئاهەنگی نەورۆز دەكرێت، بەڵام نەورۆز لە كوردستان خۆشترە.
ئایە سەڵاح جەبار وتی: بە شانازییەوە بەشداری ئەو بۆنە تایبەتەم كردو پیرۆزبایی لە سەرجەم كوردێك دەكەم و هاوكات پیرۆزبایی لە دایكان دەكەم چونكە ۲۱ی ئادار رۆژی دایكانە، هیواخوازم لە باكوورو ڕۆژئاواو ڕۆژهەڵاتیش وەك هەرێمی كوردستان ئازادبن لە كردنەوەی ئاگری نەورۆز و جەژنی نەورۆز، هەروەها بەهۆی ئەوەی مانگی ڕەمەزانە و هەندێك هەستی نەتەوایەتی كەم بۆتەوە هاوكات بوونی ئەو هەمو قەیرانە داراییە كەمتر ژنان بەشداریان لە بۆنەكان هەیە.
"ژنانی کورد هەمیشە پێشەنگ بوون"
نەما میكایل، خەڵكی شاری كۆیەو چالاکوان وتی: ژنانی كورد هەمیشە پیشەنگ بوون و ئێستاش بەرادەیەكی باش ژنان ئازادن و دەتوانن بەشداری بۆنەكان بكەن بەڵام بۆ ئەمساڵ جیاوازی هەیە بەهۆی ئەوەی لە ناو مانگی پیرۆزین، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەگەڵ ئەوەی ئازادیش نین وەك ئێمە، بەڵام چەند ڕۆژە ئاهەنگی نەورۆز دەگێرن، بەڵام لای ئێمە بەو شێوەیە نییە بۆیە هیوادارم لە هەر چوار پارچەی كوردستان ساڵی داهاتوو ئاهەنگی نەورۆز بە جۆرێك بەڕێوە بچێت كە ببێتە جێی خۆشحاڵی بۆهەموو گەلی كورد، چونكە نەورۆز یەكەم جەژن و بۆنەی نەتەوەی كوردە.
جەمیلا كچێكی ئەمریكیە لە زانكۆی كۆیە کار دەکات و و بەجلی كوردی بەشداری ئاگری نەورۆزی كرد لەشاری كۆیە لەگەڵ هاوڕێكانی و وتی: ئەمڕۆ نەورۆزەو رۆژێكی زۆر زۆر تایبەتە و خۆشە لام، بۆهەموو ژنان لەبادینان تا سلێمانی و هەولێر پیرۆزباییان لێدەكەم و نەورۆز پیرۆزبێت.