کۆمەڵەی ژنانی زەنوبیا: پێویستە ئازادیی کارکردنی ژنان و پاراستنی مافەکانیان دەستەبەر بکرێت

کۆمەڵەی ژنانی زەنوبیا ڕایانگەیاند، لێدوانەکانی عائیشە ئەلدبس هەوڵێکی بێهیوایە بۆ دوورخستنەوەی ژنان لە ڕۆڵی چالاکیان لە بونیادنانی سووریای نوێ، پێویستە ئازادیی کارکردنی ژنان و پاراستنی مافەکانیان دەستەبەر بکرێت.

ناوەندی هەواڵ

 

کاردانەوەکان بۆ وتەکانی عائیشە ئەلدبس، سەرۆکی نوسینگەی کاروباری ژنان لە حکومەتی کاتی سووریادا لە شام  فراوانتر دەبن کە لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا دەرکەوت و تیایدا وتی، هیچ بۆچوونێکی فێمینیست یان رێکخراوەکانی تر قبوڵ ناکات کە پێچەوانەی ئارەزووی ڕۆشنبیری ئەو بێت یان لەگەڵ مۆدێلی حکومەتدا نەگونجێت.

 

کۆمەڵەی ژنانی زەنوبیا لەبارەی لێدوانەکانی عائیشە ئەلدبس، سەرۆکی نوسینگەی کاروباری ژنان لە حکومەتی کاتی سووریادا ڕاگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوەو تێیدا هاتووە: عائیشە ئەلدبس فەرامۆشکردنی تەواوی نیشاندا بۆ ڕۆڵی پێشەنگایەتی ژنانی سووریا لە شۆڕشدا، کە ئەوەش پێچەوانەی خواست و مافەکانیان بوو کە یاسای نێودەوڵەتی و مافەکانی مرۆڤ بۆی دەستەبەر كردوون.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، وتەكانی هەوڵێکی بێهیوایە بۆ دوورخستنەوەی ژنان لە ڕۆڵی چالاکیان لە بونیادنانی سووریای نوێ و پشتگوێخستنی خەباتی درێژخایەنیان بۆ مافەکانیان لە هەموو بوارەکانی ژیاندا، پرسی ژنان بابەتێکی سیاسییە، چونکە بە بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیکی دادپەروەر و یەکسانەوە گرێدراوە.

 

کۆمەڵەی ژنانی زەنوبیا چەند داواکارییەکان ئاڕاستەی حکومەتی سووریا کرد و لەوانە، پەیڕەوکردنی سیاسەت و بەرنامە بە مەبەستی بەهێزکردنی ژنان لەهەموو بوارەکاندا و نوێنەرایەتیکردنیان لەهەموو دەزگاو ناوەندەکانی بڕیارداندا، دەستپێکردنی دیالۆگێکی نیشتمانی گشتگیر بە بەشداریی سەرجەم لایەنەکانی ژنانی سووریا بۆ داڕشتنی دیدێکی نیشتمانی گشتگیر بۆ بەهێزکردنی ژنان و پاراستنی مافەکانیان.

 

کۆمەڵەکە وتیشی: پێویستە ئازادیی کارکردنی ژنان و پاراستنی مافەکانیان دەستەبەر بکرێت.