بە ملیۆنان منداڵی سودان لە خوێندن بێبەشن

لە سودان بەهۆی شەڕی ناوخۆوە هێشتا بەشێکی زۆر لە منداڵان بێبەشن لە خوێندن و بۆ ماوەیەکی نادیار لە خوێندنگە دوور کەوتوونەتەوە، دیاریکراوە کە ئەگەر ئەم منداڵانە نەخوێنن ڕوو لە چەکداران دەکەن و شەڕی سودان هەرگیز کۆتایی نایەت.

مەیسا قازی

 

سودان -بەپێی ئاماری نەتەوە یەکگرتووەکان ١٩ ملیۆن منداڵ بەهۆی شەڕی سودانەوە لە خوێندن بێبەش بوون، چاودێران هۆشدارییان دا سەبارەت بە دەرئەنجامەکانی ئەو شەڕانە، هەروەها کاریگەرییە دەروونییەکانی دەرئەنجامی شەڕەکە، دووبارە بەشداریکردنیان لە پەروەردەدا دەکاتە شتێکی قورس.

 

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی ڕزگارکردنی منداڵان، زیاتر لە یەک ملیۆن و ٥٠٠ هەزار منداڵ لەگەڵ خێزانەکانیان سنووریان بەزاندووە و چوونەتە وڵاتانی دراوسێ، هەروەها نزیکەی ٦ ملیۆن منداڵ بەهۆی ململانێکانەوە لەگەڵ خێزانەکانیان لە ناوخۆی وڵاتەکەیان ئاوارە بوون، ڕێژەی ئەو منداڵانەی لە دۆخە سەختەکاندا دەژین و لە پەناگە و کامپەکاندا دەژین ٤٥% دیاریکراوە.

 

 "منداڵانی ناو کامپەکەمان ناچنە خوێندنگە"

فایزە یەعقوب یەکێکە لەو دایکانەی کە لە ڕێگەی سنوورەوە منداڵەکانیان ڕزگار کردووە، دەیەوێت لە شەڕەکە ڕزگاری بێت، ئەو لەم بارەیەوە وتی: لەپێناو پارێزراوی خێزانەکەم وڵاتەکەمم بەجێهێشت، من ئاسایشم دابین کرد بەڵام منداڵەکانم لە خوێندن بێبەش بوون، زۆر ئازار دەچێژم بەم شتە، فێربوون بە یەکجار ڕوونادات، هەموو ئەو منداڵانەی لە کامپ لەگەڵمانن ناچنە خوێندنگە هیچ دەرفەتێک نییە بۆ فێربوون و چوونە خوێندنگە، لە کامپێکی کۆچبەران دەژین تەنانەت ناتوانین پارەی ئامێری گواستنەوەش بدەین بۆ ئەوەی بەردەوام بین لە خوێندن، ئێمە لە دۆخێکی سەختدا دەژین.

 

 "ئێمە ئێستا لە کامپێکی پڕ لە مار و مێرووداین"

فایزە یەعقوب بەم قسانە باسی سەردانەکەی لە سودانەوە بۆ ئەو گوندە و ئەو کاتە سەختانە کرد و وتی:خەڵک گاڵتەیان پێکردین، ئەو پارەیەی کە هەمانبوو دزرا، دوو هەفتە لە باشووری سودان ماینەوە تا جارێکی تر توانیمان بچینە ئۆگەندا، ئێستا لە کامێکی پڕ لە مار و مێرووداین، ئاو و خۆراک دابین ناکرێت، نەخۆش هەیە بێ دەرمان، خەڵکەکە چێشتخانەیەکی خێرخوازییان کردەوە بۆ یارمەتیدانی کۆچبەران، هەندێک جار خواردن نییە.

 

 "منداڵان ناخوێنن، کە گەورە دەبن دەبنە چەکدار"

قەمەریە عومەر، ئەندامی لیژنەی مامۆستایانی سودان، ، پچڕانی پەیوەندیی منداڵان لە خوێندنی بە کارەسات پێناسە کرد و وتی: ژمارەیەکی زۆر لە منداڵان لە پرۆسەی پەروەردەی ڕێکخراودا بەجێدەهێڵدرێن، ئەگەر منداڵان ئاستی سەرەتایی خوێندن بەجێبهێڵن، دەگەڕێنەوە بۆ ئاستی نەتوانینی خوێندنەوە و نووسین، ئێستا سێ ئاستمان لەدەستداوە، نزیکەی ٢٠ مانگە ناکۆکییەکان بەردەوامن، بڕیار بوو ئەمڕۆ خوێندکارانی پۆلی یەکەم بگەنە پۆلی سێیەم، ئەمەش جگە لەو خوێندکارانەی کە لە پۆلی سێی بنەڕەتیدا دەیانخوێند کاتێک شەڕ دەستی پێکرد، ئێمە ٦ نەوەمان هەیە و بە منداڵی نەخوێندەوار پێناسەیان دەکەین، ئەمە جگە لە خوێندکارانی ڕیزی پێشەوە وەک ٥ و ٦ و خوێندکارانی ئاستی ناوەڕاست و ئامادەکاری، هەموو ئەم قۆناغانە سێ نەوەی خوێندکار لەخۆدەگرن کە زۆربەیان واز لە خوێندن دێنن، کار نادۆزنەوە و زۆربەیان ناچار دەبن چەک هەڵبگرن و بچنە ناو چەکدارانەوە، بەمەش لە چوارچێوەی ململانێکاندا دەمێنینەوە.

 

"هەرچەندە دامەزراوەیەکی خێرخوازی هەیە، بەڵام دۆخەکە باش نییە"

قەمەریە عومەر سەرنجی بۆ بوونی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان ڕاکێشا و وتی: کۆمەڵێک دەستپێشخەری نیشتمانی لە ناوەندەکانی داڵدەدان بە هاوکاری یونیسێف و یونسکۆ و لیژنەی مامۆستایان هەیە، ئەم دامەزراوانە لە هەندێک وڵاتی وەک چاد، کینیا، ڕواندا، میسر و لیبیا بوونیان هەیە، هەروەها دەستپێشخەرییەکی سودانی هەیە بە ناوی مەشەت، کاردەکەن بۆ ئەوەی ژینگەیەکی خوێندن بۆ خوێندکاران دابین بکەن، بەپێی دەرفەتەکانی ئێستا لەو ناوچانەی کە تێیداین.