کۆمەڵەی ژنانی زەنوبیا: بە ئامانجگرتنی بارەگاکانمان هەوڵێکە بۆ تێکدانی ئیرادەی ئازادی ژنان

کۆمەڵەی ژنانی زەنوبیا سوتاندنی بارەگای کۆمیتەکەیان لە شارۆچکەی ئەبو حەمام لە گوندی دێرەزوور شەرمەزار کرد و جەختیان لەوە کردەوە، کە هەوڵێکە بۆ بێدەنگکردنی دەنگی ژنانی ئازاد و تێکدانی خەباتیان بۆ دادپەروەری و یەکسانی.

ناوەندی هەواڵ- باندێکی چەکداری سەر بە ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانی داعش ئاگر لە بارەگای کۆمەڵەی ژنانی زەنوبیا لە شارۆچکەی ئەبو حەمام لە گوندەکانی دێرەزوور لە ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەردا و زیانی ماددی لێکەوتەوە.

 

کۆمەڵەی ژنانی زەنوبیا ڕۆژی ١٧ی تشرینی یەکەم، ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ڕایگەیاند، ئێمە شەرمەزاری ئەو کارە تیرۆریستییە ترسنۆکانە دەکەین کە لەلایەن یەکێک لە باندەکانی سەر بە ڕێکخراوی تیرۆریستی داعشەوە ئەنجامدراوە، کە پێکهاتبوو لە سووتاندنی بارەگای کۆمیتەی کۆمەڵەی ژنانی زەنوبیا لە شارۆچکەی ئەبو حەمام لە پارێزگای دێرەزوور.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە، کە ئەم هێرشە قێزەونە تەنها دوایین هەوڵی هێزەکانی تاریکییە بۆ چاندنی ترس و تیرۆر لە دڵی ژنان و بێدەنگکردنی دەنگە ئازادەکانیانە، کە لە بەرگریکردن لە ئازادی و شکۆمەندی و دادپەروەری کۆمەڵایەتیدا سەریان هەڵداوە.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، کە ژنان لە ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەتایبەتی لە دێرەزوور توانای خۆڕاگری و بنیادنانیان سەلماندووە و لە کاتی شەڕەکانی ڕزگارکردنی ناوچەکە لە تیرۆرستی داعش لە بەرەکانی پێشەوە بوون، جوانترین  ژنە گەنجەکانیان وەک شەهید کردە قوربانی بۆ ئەوەی کۆمەڵگە بتوانێت بە ئازادی و ئاشتی بژی.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ڕوونیانکردەوە، کە خوێنی ژنانی شەهید، کە بە باوەڕبوونیان بە دادپەروەری دۆزی ژنان ڕووبەڕووی تیرۆر و توندڕەوی بوونەتەوە، وەک چرایەکی ڕۆشنکەرەوەی ڕێگای خەباتیان دەمێنێتەوە، وتیشی: رێگە نادەین ئەو قوربانیدانانە لە ژێر هەڕەشەی ئایدۆلۆژیای توندڕەو یان ئەو عەقڵیەتە پیاوانەی کە باوەڕیان بە بوونی ژن یان مافی ژیانێکی ئازاد و شکۆمەندانە نییە بەفیڕۆ بدرێن یان لەبیر بکرێن، چونکە بەئامانجکردنی بارەگای کۆمەڵەی ژنانی زەنوبیا هێرشێکە بۆسەر هەموو ژنێکی ئازاد کە کاردەکات بۆ بنیادنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک، هەروەها هەوڵێکی نەفرەت لێکراوانە بۆ تێکدانی ئیرادەی ژنانی ڕێکخراو کە ئێستا بوونەتە پایەی بنەڕەتی لە گەیشتن بە ئاسایش و سەقامگیری و گەشەپێدانی کۆمەڵگە لە ناوچەکەدا.

 

کۆمەڵەی ژنانی زەنوبیا لە ڕاگەیاندراوەکەیدا، دووپاتیان کردەوە، کە ملکەچی هیچ هەڕەشە و تۆقاندنێک نابن، هەروەها ئێمە بەردەوام دەبین لە کارە ماندوونەناسەکانمان بۆ ڕێکخستن و پەروەردەکردن و بەهێزکردنی ژنان بۆ بەشداریکردنی کاریگەرانە لە هەموو کایە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان، ئێمە وەک دەنگی ژنانی ئازاد دەمێنینەوە کە خەبات دەکەن بۆ دادپەروەری و یەکسانی، هەروەها بەڵێن دەدەین لەبەردەم گیانی شەهیدان و هەموو ژنەکانماندا، بەردەوام دەبین لەسەر ڕێگای خەبات و بەرخۆدانی فیکری و ڕێکخراوەی تا ئەو کاتەی کۆمەڵگەیەکی ئازاد و دیموکراتیک، کە باوەڕی بە دادپەروەری و یەکسانی هەبێت و لە دژی تیرۆر و توندڕەوی بە هەموو شێوەکانیەوە بوەستینەوە.

 

لە ڕاگەیاندراوەکەدا، داوا لە سەرجەم دامودەزگاکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کراوە بە توندی لە بەرامبەر هەوڵەکانی زیندووکردنەوەی ئایدۆلۆژیای داعش بوەستن کە مەترسی لەسەر ئاشتی و ئاسایشی ناوچەکە دروست دەکات، کار بۆ پاڵپشتی خەباتی ژنان بکەن لە بەرامبەر ئەو هێرشە سیستماتیکانەی کە بوونیان و ڕۆڵی پێشەنگایەتییان کردۆتە ئامانج.