کۆمەڵەی ڕۆژنامەنووسانی دیجلە- فورات: ڕۆژنامەنووسان ئازادبکەن

کۆمەڵەی ڕۆژنامەنووسانی دیجلە- فورات لە بەیاننامەیەکدا کاردانەوەی بەرامبەر دەستگیرکردنی دوو ڕۆژنامەنووس لە ئامەد دەربڕی و وتی: هەوڵ دەدەن بەربەست لەبەردەم پیشەکەمان دروست بکەن.

ناوەندی هەواڵ

 

کۆمەڵەی ڕۆژنامەنووسانی دیجلە- فورات "DFG" بەیاننامەیەکی سەبارەت بە هێرشی هەڵکوتانە سەر ماڵان لە ئامەد کە تیایدا ڕۆژنامەوانان نورجان یاڵچین و دەریا ئوس دەستبەسەرکران بڵاوکردەوە، لە بەیاننامەکەدا هاتووە: هەرچەندە هۆکاری دەستگیرکردنەکە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە ئاشکرا نەکراوە، بەڵام دەزانین ئەوە یەکێکە لەو ئۆپەراسیۆنانەی کە ئامانج لێی تاوانبارکردنی پیشەکەمانە، لەم ساڵانەی دواییدا فشارەکان لەسەر ڕۆژنامەوانان لەلایەن حکومەتی ئاکەپە و مەهەپەوە زیادیان کردووە، بەتایبەتی دژی ڕۆژنامەنووسانی کورد.

 

"ڕۆژنامەنووسان ئازاد بکەن"

لە بەیاننامەکەدا هاتووە: ئیسرا سۆلین دال و محەمەد ئەسلان، پەیامنێرانی ئاژانسی میزۆپۆتامیا و ڕۆژنامەنووس ئەردۆغان ئەلیومات ماوەیەک لەمەوبەر دەستگیرکراون وەک بەشێک لە لێکۆڵینەوەیەک لەلایەن نوسینگەی داواکاری گشتی کۆماری ئیستەنبوڵ بووە، لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا نزیکەی ٤٠ کارمەندی ڕاگەیاندنی ئازاد دەستگیرکراون.

 

ئەم ئۆپەراسیۆنە بەردەوامبوونی ئۆپەراسیۆنەکانە بۆ بێدەنگی ڕۆژنامەنووسانی کورد و هەوڵدان بۆ ڕێگریکردن لە پیشەکەمان، سەرەڕای هەموو فشارەکان، ڕۆژنامەنووسانی کورد بۆ ساتێک دەستبەرداری نووسینی ڕاستییەکان نەبوون و بەردەوام دەبن لە خەباتیان، تێکۆشانی ئێمە بەردەوام دەبێت تا ئەو کاتەی ڕاستی دەگاتە گەل و هاوڕێکانمان، داوا لە هەموو ڕێکخراوە پیشەییەکان و هاوکارانمان دەکەین کە پشتگیری لە پرسی ڕۆژنامەنووسان بکەن، ڕۆژنامەوانی تاوان نییە، ڕۆژنامەنووسان ئازاد بکەن.