ڕێکخراوەکانی ژنان لە یەمەنەوە پشتیوانی خۆیان بۆ یەپەژە دەردەبڕن
بەهیە سەقاف، سەرۆکی ڕێکخراوێکی بواری ژنان و چالاکوانی یەمەنی بەهییە سەقاف پشتیوانی خۆی بۆ یەپەژە دەربڕی و ڕایگەیاند، یەپەژە سەرچاوەی لێگەڕینی یەکسانی و ئازادیی ژنە.
ناوەندی هەواڵ
چالاکوانی یەمەنی بەهییە سەقاف، سەرۆکی ڕێکخراوی PASS لە ڕێگەی پەیامێکەوە پشتگیری خۆی بۆ یەکینەکانی پاراستنی ژن "یەپەژە" دەربڕی و وتی: وەک ژنێکی عەرەب، پشتگیریی مرۆیی خۆم بۆ ژنانی کورد لە یەکینەکانی پاراستنی ژن (یەپەژە) و تێکۆشانەکەیان ڕادەگەیەنم. تێکۆشانیان دژی توندوتیژی و تیرۆریزیم نیشانەیەکە کە ڕۆڵی ژنانی لە ناو کۆمەڵگەکەماندا سەرلەنوێ پێناسە کردەوە.
بەهییە ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوەی شەڕڤانانی یەپەژە ئەنجامیان داوە تەنها لە ڕووی سەربازییەوە سنووردار نییە، بەڵکوو لەوە زیاترە و دەبێتە مۆدێلێکی بەرخۆدانی فێمینستی؛ ئەم مۆدێلە ئەو چوارچێوەبەندییەی شکاند کە چەمکەکانی بەرگری و هێزی تەنها بە پیاوەوە گرێ دەدا، هەروەها ئەوەی سەلماند کە ژنان دەتوانن لە ڕیزی پێشەوە بن بۆ پاراستنی خۆیان، کۆمەڵگەکەیان و شکۆیان.
بەهیە سەقاف لە درێژەی پەیامەکەیدا وتی: پرسەکانی ژنان، دانەبڕاون و پەیوەست نین بە سنوورە جوگرافییەکان یان سەر بە نەتەوە و ئایینێکی دیاریکراو نین، بەڵکو پرسێکی مرۆیین. ئەو پێشێلکارییانەی ژنان لە هەر شوێنێک ڕووبەڕووی دەبنەوە، بەردەوامیی ئازارێکی هاوبەشە کە پێویستی بە هاوپشتییەکی بێ سنوور هەیە.
ئاماژەی بەوەدا، تێکۆشانی ژنانی کورد و ئیرادە و فیداکارییان بووەتە ئیلهامبەخش بۆ ژنانی جیهان و وتی: ڕێگەی بەرەو ئازادی و یەکسانی، بە شکاندنی چوارچێوە باڵادەستەکان، هەڵاوێردەکان، بە بنیاتنانی تێگەیەکی کۆمەڵایەتی لەسەر بنەمای دادپەروەری دەست پێ دەکات.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا بەهییە سەقاف جەختی لەوە کردەوە، هاوپشتیی ژنان هێزێکە بۆ گۆڕانکاری و وتی: دۆزی ژنان یەکمان دەخات.