داوا دەکرێت چارەسەری پزیشکیی گونجاو بۆ نێرگس محەمەدی دابین بکرێت

جاکلین کیتۆلۆ، سەرۆکی کۆمەڵەی پزیشکی جیهانی وێڕای دەربڕینی نیگەرانی قوڵ سەبارەت بە بارودۆخی تەندروستی نێرگس محەمەدی، داوای لە دەسەڵاتدارانی ئێران کرد دەستبەجێ دەستڕاگەیشتن و چارەسەری پزیشکیی گونجاوی بۆ دابین بکەن.

ناوەندی هەواڵ

 

جاکلین کیتۆلۆ، سەرۆکی کۆمەڵەی پزیشکی جیهانی، دەربارەی دۆخی نێرگس محەمەدی زیندانیی سیاسیی ئێران هەڵوێستی نیشان داو ڕایگەیاند، بێبەشکردنی نەخۆشێک لە دەستڕاگەیشتن بە چاودێری پزیشکی پێویست لەمجۆرە بارودۆخانەدا پێشێلکردنی ڕوون و ئاشکرایە بۆ مافی تەندرووستی و ژیانی دەخاتە مەترسییەکی گەورەوە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، دەوڵەتەکان ئەرکیان لەسەر شانە دڵنیابن لە دەستڕاگەیشتی دەستبەسەرکراوان بە چارەسەرە پزیشکییەکان بەهەمان ئاستی چاودێری تەندروستی کەسانی ئاسایی و بەبێ هیچ جیاکارییەک.

 

دکتۆر جاکلین کیتۆلۆ سەرۆکی کۆمەڵەی پزیشکی جیهانی داوای لە دەسەڵاتدارانی ئێران کرد، دەستڕاگەیشتنی دەستبەجێ و بێ سنوور بۆ چاودێری پزیشکیی نێرگس محەمەدی دابین بکرێت، لەوانەش گواستنەوە بۆ نەخۆشخانەیەکی پڕ ئامێری باش کە بتوانێت لە لایەن پزیشکانی پسپۆڕی شارەزا چارەسەر بکرێت.

 

جێی ئاماژەیە، ڕۆژی ١ی ئایار نێرگس محەمەدی لە زیندانی زەنجان دوای ئەوەی دووجار بێهۆش بوو، تووشی جەڵتەی دڵ بووە و بەپەلە بۆ نەخۆشخانەیەکی زەنجان گواستراوەتەوە.

 

ڕۆژی سێشەمەی ڕابردووش ٥ی ئایار، شیرین ئەردەکانی پارێزەری نێرگس محەمەدی ڕایگەیاندووە، ژیانی ئەو زیندانییە سیاسییە لە مەترسییەکی گەورەدایە و ئێستا بنەماڵەکەی هەوڵی زیندوو هێشتنەوەی ئەو زیندانییە سیاسییە دەدات.