بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل برسێتی کارەساتبار هەڕەشە لە ٣٨٠ هەزار منداڵ لە لوبنان دەکات
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی لوبنان، ژمارەی کوژراوانی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان بۆ ٢٧١٥کەس بەرزبووەتەوە و ٨٣٥٣ کەسیش برینداربوون، ڕێکخراوی ڕزگارکردنی منداڵان هۆشداریدا، کە زیاتر لە ٣٨٠ هەزار منداڵ ڕووبەڕووی برسیتی دەبنەوە.
ناوەندی هەواڵ
قەیرانی لوبنان لە چوارچێوەی بەردەوامی گرژییە ناوچەییەکان و تێکچوونی بارودۆخی ژیان بەرەو خراپتر دەچێت، وڵاتەکە شاهیدی بەرزبوونەوەی مەترسییە مرۆییەکان و دابەزینی بەرچاوی پێوەرەکانی ئاسایشی خۆراکە، ئەمەش لەکاتێکدایە هۆشدارییەکان لەبارەی داڕمانی تەواوەتی کە مەترسی لەسەر ژیانی سەدان هەزار هاوڵاتی مەدەنی دروستکردووە.
وەزارەتی تەندروستی لوبنان ٦ی ئایار، ڕایگەیاند، ژمارەی کوژراوان لە لوبنان بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە لە ٢ی ئادارەوە بۆ ٢٧١٥ کەس بەرزبووەتەوە، هاوکات ژمارەی بریندارەکانیش گەیشتووەتە ٨٣٥٣ بریندار، بەپێی ڕاگەیەندراوێکی ناوەندی ئۆپەراسیۆنە فریاگوزارییەکانی وەزارەتەکە.
ئاژانسی هەواڵی نیشتیمانی بڵاویکردەوە، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل زنجیرەیەک هەڵمەتیان بۆسەر چەند شارۆچکەیەکی باشوور دەستپێکردووە، هاوکاتە لەگەڵ تۆپبارانی تۆپی قورس کە ناوچەکانی دیکەی کردە ئامانج. هەروەها هێزەکانی ئیسرائیل بۆردوومانی مەیدانییان لە شارۆچکەکانی علما شعب و تەیر حەرفا ئەنجامدا، هاوکات لە بۆردوومانی شارۆچکەی مەجدل زۆندا موشەکی فسفۆڕیان بەکارهێنا.
هۆشدارییە مرۆییەکان لە لوبنان چڕتر بووەتەوە و ڕێکخراوی ڕزگارکردنی منداڵان ڕایگەیاندووە، کە زیاتر لە ٣٨٠ هەزار منداڵ ڕووبەڕووی ئاستی کارەساتبار دەبنەوە لە برسێتی، لە ئەنجامی هێرشە بەردەوامەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئەو وڵاتە، ڕێکخراوەکە لە بڵاوکراوەیەکدا لە پلاتفۆرمی ”X”ی خۆیدا ڕایگەیاندووە، کە دۆخی خۆراکی منداڵان بەرەو تێکچوون دەچێت، هەروەها ئامارەکانی ئێستا ڕەنگدانەوەی قەیرانێکی بێ وێنەیە.
ڕێکخراوەکە ڕوونیشیکردەوە، باشووری لوبنان کە گرنگترین ناوچەی کشتوکاڵی وڵاتەکەیە و بەرهەمهێنەری زۆرینەی سەوزەکانیە، تووشی وێرانکارییەکی بەرفراوانی ژێرخانی وڵاتەکەی بووە، کە بووەتە هۆی داڕمانی توانای بەرهەمهێنان و دابەزینی بەرچاوی دابینکردنی خۆراک.
لە ٢ی ئادارەوە هێزەکانی ئیسرائیل هێرشەکانیان بۆ سەر شارۆچکە و گوند و شارەکانی لوبنان چڕتر کردووەتەوە، بەپێی خەمڵاندنە فەرمییەکان هەزاران کەس کوژراون و بریندار بوون، نزیکەی یەک ملیۆن و نیو کەسیش ئاوارەبوون، ئەم هەڵکشانە هاوکاتە لەگەڵ هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران.
سەرەڕای ئەوەی کە ڕێککەوتنی ئاگربەستی کاتی لە ناوەڕاستی مانگی نیسانەوە کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڵام هێزەکانی ئیسرائیل بەردەوامن لە پێشێلکارییەکانی ڕۆژانەی ڕێککەوتنەکە لە ڕێگەی هەڵمەت و تۆپباران و ئۆپەراسیۆنی سەربازیی پچڕپچڕەوە، ئەمەش دۆخی مرۆیی وڵاتەکە خراپتر دەکات.