"خوێندنەوە یەکێکە لەگرنگترین پرەنسیپەکانی پێشکەوتنی مرۆڤ"

دڵڤین تۆباڵ، بەڕێوەبەری پەرتوکخانەی ئامارا ئاماژە بەوەدەکات کە زیاتر لە ٥٠ هەزار پەرتوک بە زمانی عەرەبی و کوردی لە کتێبخانەکەدا هەیە کە هەمووان دەتوانن سەردانی بکەن و بخوێننەوە، هەروەها تیشکی خستەسەر گرنگی خوێندنەوە لەگەشەپێدان و بنیاتنانی خەڵک و کۆمەڵگا لەڕۆژئاوا و داوای لەهەموو تاکێک کرد بخوێننەوەو ببنە خاوەن زانیارییەکی فراوان.

 

عەبیر محەمەد

قامیشلۆ- خوێندنەوە یەکێکە لە گرنگترین ئەو شتانەی کە پارێزگاری لە عەقڵ دەکات، چونکە خوێندنەوە وەرزشێکی عەقڵە کە تەندروستی و هێزی خۆی دەپارێزێت بە کتێبێک، زمانێکی نوێ، شارەزاییەکی نوێ یان زانینێک کە پێشتر بوونی نەبوو، بەدەستدەخات، هاوکات خوێندنەوەو زانین گرنگترین ڕێگان بۆ یارمەتیدانی بنیاتنانی کۆمەڵگاو زیندووکردنەوەیان، بۆیە پێویستە هەموو تاکێکی کۆمەڵگا پەروەردە بکرێت و ببێت بە کەسێکی خاوەن زانیاری فراوان، لە ڕۆژئاوای کوردستان پێویستی بە هاندانی خوێندنەوە هەیە بۆ ئەوەی دوای ئەم چەند ساڵەی جەنگ ئێستا شۆڕشێکی زانین و فیکریی پەرە پێ بدرێت، لە ساڵی ٢٠١٨دا بۆ یەکەم جار پەرتوکخانەیەکی گەورە کە زیاتر لە ٥٠ هەزار پەرتوکی تێدابوو، پەرتوکخانەی ئامارا بە ئامانجی باشترکردنی خوێندنەوە دامەزراوە و بەتێپەڕبوونی کات لقەکانی دابەش کردووە لەمبارەیه وه بەڕێوەبەری پەرتوکخانەی ئامارا دڵڤین تۆبال قسەی بۆ کردین.

 

"پەرتوکخانەی ئامارا ٥٠ هەزار پەرتوکی تێدایە"

دلڤین تۆباڵ، ئاماژەی بەوەدا کە لە پەرتوکخانەی ئامارا زیاتر لە ٥٠ هەزار پەرتوک هەیە و وتی: "پەرتوکخانەی ئامارا لە ساڵی ٢٠١٨ دامەزراوە، ئامانجی دروستکردنی شوێنی ڕۆشنبیران و نووسەران و خوێندکارانی هەموو ئاستەکانە، لە سەرەتادا دوو هەزار پەرتوک بەردەست بوون، بەڵام ئەمڕۆ زیاتر لە ٥٠ هەزار پەرتوک بە ١٠ هەزار ناونیشانەوە هەیە ئەو بەشانەی لێرە دۆزراونەتەوە بریتین لە ئایین و ڕۆمان و هۆنراوە و یاسا و فەلسەفە و مێژوو بە زمانی عەرەبی و کوردی، لقەکانی پەرتوکخانەکە فراوانن، پەرتوکخانەی بۆرسەید لە ڕەقە بە هاوکاری ئامارا کرایەوە، هەروەها پەرتوکخانەی ئەمین لە کۆبانێ کرایەوە و لە ڕۆژانی داهاتوودا پەرتوکخانەی ئامارا و کەمپەینی شەماڵ لە دێریک و حەسەکە دەکرێتەوە".

 

"گەورەترین پەرتوکخانەیە لەسەر ئاستی ڕۆژئاوای کوردستان"

دڵڤین تۆباڵ تیشکی خستە سەر ڕێژەی ئەو کەسانەی ڕوو لە پەرتوکخانەکە دەکەن و وتی: "لە سەرەتای ئەم پەرتوکخانەیە لە چەند کەسێکەوە دەستمان پێکرد و ڕێژەی خەڵک کەمبوو، بەڵام ئێستا دەبینین ڕێژەی خەڵک بەرزە، ئاستی خوێندنەوەش بەرەو پێش چوو، لەکاتی جەنگدا سەردانەکانی خەڵک لە پەرتوکخانەکە نەبڕاوە و ڕۆژانە نزیکەی ٤٠ کەس سەردان دەکەن، ئەو خاڵەی ئامارا لە پەرتوکخانەکانی تر جیادەکاتەوە ئەوەیە کە هەموو پەرتوک و شتێکی پەیوەندیدار بە زانست لە بەردەستدایە کە گەورەترین پەرتوکخانەیە لەسەر ئاستی ڕۆژئاوای کوردستان".

 

"هەموو کەسێک پێویستی بە خوێندنەوە هەیە"

دڵڤین تۆباڵ، وتیشی: "ئەو پڕۆسەیەی تێیدا دەژین پێویستی بە زانین و خوێندنەوە هەیە، خوێندنەوە لەو پرۆسەیەدا زۆر گرنگە کە پێیدا تێپەڕ دەبین چونکە ئەو کەسەی دەخوێنێتەوە ئاگادارە و ئەو کەسەی دەزانیت دەتوانێت قسە بکات و ئەمەش بۆ هەموو کەسێک پێویستە، جەنگی جیهانی بەسەرماندا دێت، بۆیە پێویستمان بە زانینە بۆ ئەوەی بتوانین لە بەرامبەر ئەم شەڕە بوەستینەوە، زانست بەهێزترین چەکە لە دژی هەر جۆرە شەڕێک بۆیە دەبێت ئێمە وەک کورد بیسەلمێنین کە ئێمە ئاگادارین و گرنگی دەدەین بە خوێندنەوە بۆ پێشکەوتنمان".