شەهید کردنی ناگیهان ئاکار سەل ناڕەزایەتی چالاکوانان و ڕێکخراوەکانی ژنانی بە دوای خۆیدا هێنا

تیرۆرکردن بۆ ترساندنی ژنانە بەڵام ئێستا ژنان پێشڕەوایەتی داواکردنی ماف و داخوازیەکانی خۆیان دەکەن، و چالاکوانان باس لەوەدەکەن کە لە ناوجەرگەی شارەکانی هەرێمی کوردستان ئازادی بەرتەسک بووەتەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

دوێنێ ٤ی تشرینی یەکەم ناگیهان ئاکار سەل "زیلان"، ئەندامی ئەکادیمیای ژنۆلۆژی و نوسەری گۆڤاری ژنۆلۆژی لە گەڕەکی بەختیاری و نزیک کتێبخانەکەی  خۆی بە دەستڕێژی گولە شەهید کرا، ژنان و چالاکوانان و ڕێکخراوەکانی ژنان بە توندی ئیدانەی ئەم کردەوە تیرۆرستیەیان کرد، ناڕەزایەتی و گردبوونەوەیەکیان لە شوێنی شەهید کردنی ناگیهان ئاکار سەر ئەنجامدا.

ڕێکخراوەکانی ژنان و چالاکوانان باسیان لەوەکرد کە لە هەر چوار پارچەی کوردستان ژنان شەهید دەکرێن و هەوڵی کپکردنی دەنگیان دەدرێت.

 

"ئازادیخوازان ڕێگریان لێ دەکرێت"

دەربارەی ڕێگری کردن لە ئازادیخوازان و هەوڵدانی بۆ کپکردنی دەنگیان بەهار مونزیر، چالاکوانی بواری ژنان وتی" ڕێگری لە ئازادیخوازان دەکرێت و لە ئێستادا خەباتی ژنان زیاتر لە بەرچاوە و لە دنیادا دەنگدانەوەی هەیە، وەک ئەو خەباتەی کە لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەبینرێت، ڕاپەڕینێکە ژنان پێشڕەوایەتی دەکەن، جێگەی خۆشحاڵیە بۆ ژنان لە هەر جێیەک بن کە هاتونەتە مەیدان بەرامبەر ئەو زوڵم و زۆرداریەی کە بەرامبەریان دەکرێت".

 

"ماوەوی ٤٣ ساڵە ژنان ژنان لە ژێر زوڵم و زۆرداریان"

بەهار مونزیر لە درێژەی قسەکانیدا وتی: " خەڵکی کوردستان و ئێران ماوەی ٤٣ ساڵە زوڵم و زۆرداریەکی زۆریان بەرامبەر دەکرێت، ئەمەش جێگەی ئەوەیە کە هەموومان پشتیوانی لەم ڕاپەڕینە بکەین، تیرۆرکردن و کوشتنی ژینا بووە هەوێنی ڕاپەڕینێک کە ئێستا ڕۆژانە خەڵک دەکوژرێت لەسەری ، سنگی خۆیان دەنێن بە گولەوە و پشتیوانی لەو داخوازیانەی خۆیان دەکەن".

 

"ئەوەی لێرە ڕوودەدات بەرتەسک کردنەوەی ئازادیە"

بەهار مونزیر باسی لەوەکرد لە شارەکانی هەرێمی کوردستان ئازادیخوازان ڕێگریان لێدەکرێت و وتی: " ئەوەی کە لێرە ڕوودەدات بەر تەسک کردنەوەی ئازدیەکان و ئازادی ڕادەربڕین و ئازادی بیرو بۆچوون و سیاسەتە، خەڵکی کوردستان نابێت بێ دەنگ بن بەرامبەر ئەم بەرتەسک کردنەوە و دەبێت بێنە دەنگ بەرانبەر ئەو تیرۆرکردنانەی لە ناو شارەکانی کوردستاندا ڕوودەدەن، کە شاهیدی چەند تیرۆر کردنێکی ترن هاوشێوەی ناگیهان ئاکار سەل، کە دەبێت خەبەرمان بکاتەوە لەوەی کە ئەگەر تا ئێستا بێدەنگ بوین، داوا دەکات تاوانبارنی ئەم دۆسیەیە بە سزا بگەن".

 

"تیرۆرکردن بۆ ترساندنە"

لە کۆتایدا بەهار مونزیر وتی: " هەموو کات ئەوانەی تیرۆر دەکەن هەست بە شکست دەکەن، پێموایە تیرۆر کردن خۆی بەرتەسکردنەوە و ترساندنە و دەبێت هیچ کەس لە ئێمە نەترسیت، ئێمە کارێک دەکەین کە قەناعەتمان پێیەتی، پێمان وایە ئەوەی ئەوان دەیانەوێت بە ئێمە ناکرێت کە سەرکوتکردنە،کوشتنە، یان بەدواداچوون و چاودێری کردنی کەسەکانە، دەبێت خەبەر بێنەوە لێی و خاڵێک دابنێین، لێرەوە دەست پێ بکەین و نەهێڵین ئازادیەکان بەرتەسک بکرێتەوە، ئەوەشی گرنگە ئێستا ژنان پێشرەوایەتی ئەم بزوتنەوەیە دەکەن".