"کـوا ئەو ئەمن و ئەمانەی ئێمە شانازیمان پێوەدەکرد؟"

ڕێزان شێخ دلێر، دەربارەی نائارامی لە باشووری کوردستان و تیرۆرکردنی ناگیهان ئاکارسەل دەڵێت: "هەر بەجدی نـابێت ئیتر ڕەخنە لە سیاسەتی ئێران و تورکیا بگرین، بۆردومانمان بکـەن گەر قسەش بکەین لە نێو ماڵەکانمان تیرۆرمـان دەکـەن!"

ناوەندی هەواڵ

 

شەهیدکردنی ڕۆژنامەنووس و ئەکادیمیست و ئەندامی ئەکادیمیای ژنۆلۆژی، ناگیهان ئاکارسەل لە گەڕەکی بەختیاری شاری سلێمانی، ناڕەزایەتی ژنانی لێکەوتەوە و باس لەوەدەکەن باشووری کوردستان شوێنێکی پارێزراو نییە و دەوڵەتانی ئێران و تورکیا بە ئاسانی کردەکانی خۆیانی تێدا ئەنجامدەدەن.

 

لەو بارەیەوە ڕێزان شێخ دلێر، ئەندامی خولی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوکی خۆی، دەنووسێت: "تیرۆرکردنی نـاگیهان ئاکارسەل بە ڕۆژی ڕووناک و لە ئارامترین گـەڕەکی شار زۆر پرسیار دەورژێنێت، بۆ ئەبێت خۆمان بێ ئاگـا بکەین لە وەڵامەکانیان!؟".

 

ڕێزان شێخ دلێر دەربارەی سیاسەتی ئێران و تورکیا دەنووسێت: هەر بەجدی نـابێت ئیتر ڕەخنە لە سیاسەتی ئێران و تورکیا بگرین، بۆردومانمان بکـەن گەر قسەش بکەین لە نێو ماڵەکانمان تیرۆرمـان دەکـەن!، ئەی کـوا ئەو ئەمن و ئەمانەی ئێمە شانازیمان پێوەدەکرد لەبەردەم خەڵکی ناوەراست وباشووری عێراق، ئەی کـوا دەیان دەزگـا ئەمنیە جیاوازەکـەتان؟!.

 

لە درێژەی وتارەکەیدا دەڵێت: "ئەمە دووهەمین تیرۆری سیاسیە لە گەڕەکی بەختیاری و پێنجەمین ڕووداوە لە ماوەیەکی کەم لە سلێمانی ڕوودەدات، یەکـێتی و پارتی گـەر بۆ مانەوەی خۆیان و ڕازیکردنی ئێران و تورکیا بڕیاریانداوە چاوپۆشی بکـەن بۆ بە ئاماژەیەک ئەو هەموو پەناهەندە سیاسیە ئاگـادار ناکەنەوە، هیچ نەبێت ئاگاداری خۆیان بن و پشت بە ئەمن و ئەمانەکەی ئێوە نەبەستن!.

درود بۆ ڕووحی ئاکار ناگهان و هەموو شەهیدانی ڕێگەی ئازادی و خەباتی یەکسانی".