گیان لەدەستدان لە کەرتی غەززە نزیک دەبێتەوە  لە ٣٥ هەزار کەس

لە دەستپێكی شەڕەوە تا ئێستا ٣٤ هەزار و ٧٣٥ هاوڵاتیی غەززە گیانیان لەدەستداوە و ٧٨ هەزار ١٠٨ كەسیش برینداربوون.

ناوەندی هەواڵ

 

وەزارەتی تەندروستی غەززە و وەزارەتی تەندروستی ئیسرائیل، لە بارەی ژمارەی گیان لەدەستدان و بریندارەكانی جەنگی نێوانیانەوە، لە دوو ڕاگەیاندراوی جیادا زانیارییان بڵاوكردەوە، لە ڕاگەیاندراوەكەی وەزارەتی تەندروستی غەززەدا هاتووە، بەهۆی بۆردوومانەكانی ئیسرائیلەوە تا ئێستا ٣٤ هەزار و ٧٣٥ هاوڵاتیی لە غەززە گیانیان لەدەستداوە، هەروەها ژمارەی بریندارەكانیش گەیشتووەتە ٧٨ هەزار و  ١٠٨ كەس.

 

بەهۆی شەڕ و پێكدادان و بۆردوومانەكانی سوپای ئیسرائیل، لە ماوەی ٢٤ كاتژمێری ڕابردوودا ٥٢كەس لە غەززە گیانیان لەدەستداوە و ٩٠ـی دیكەش بریندار بوون، ئەوەش خراوەتەڕوو، ٢١٣ ڕۆژە هێرش و بۆردوومانەكانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە بەردەوامە، هەروەها ١٠ هەزار نەخۆشی شێرپەنجە هەیە، كە بەبێ چارەسەر ماونەتەوە.

 

وەزارەتی تەندروستیی ئیسرائیلیش بڵاویكردووەتەوە ژمارەی گیان لەدەستدانی وڵاتەكەیان بەهۆی هێرشەكانی حەماسەوە گەیشتووەتە هەزار و ٤٠٤ كەس، نزیكەی پێنج هەزاری دیكەش بریندار بوون.