هۆشداری لە کەمبوونەوەی هەوڵەکانی کوتانی منداڵان و خراپتربوونی بەدخۆراکی لە ئەفغانستان دەدرێت
سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ منداڵان "یونیسێف" لە ڕاپۆرتێکی نوێدا ڕایگەیاند، ئەفغانستان لەنێو ئەو ٢٠ وڵاتەدایە کە زۆرترین ڕێژەی منداڵانیان لە کوتان بێبەشن، لە هەمانکاتدا ڕووبەڕووی قەیرانێکی سەختی بەدخۆراکی بووەتەوە.

ناوەندی هەواڵ
کوتان یەکێکە لە گرنگترین ئامرازەکانی خۆپاراستنی تەندروستی لە جیهاندا، یارمەتیدەرە بۆ پاراستنی منداڵان لە نەخۆشییە کوشندە و تووشبووەکانی وەک سورێژە و ئیفلیجی منداڵان و کۆپان، بەڵام ملیۆنان منداڵ لە ئەفغانستان هێشتا ئەم پاراستنە سەرەتاییەیان نییە بەهۆی ئەو ئاڵەنگاریە فرەییانەی کە ڕووبەڕووی سیستەمی چاودێری تەندروستی وڵاتەکە دەبنەوە.
سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ منداڵان "یونیسێف" ڕایگەیاند کە ئەفغانستان لە ڕیزی ئەو ٢٠ وڵاتەدایە کە زۆرترین ژمارەی منداڵانی کوتانیان تێدایە، بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوەکە، تەنیا ١٦.٢%ی منداڵانی ئەفغانستان کوتانی تەواویان وەرگرتووە.
یونیسێف ئاماژەی بەوەدا کە کوتانەکان تەنها لە ئەفغانستان پێشبینی دەکرێت لەنێوان ساڵانی ٢٠٢١ بۆ ٢٠٣٠ لەنێوان ٤.٩ بۆ ٥.٤ ملیۆن مردن بپارێزن، ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو پشتگیرییەی پێشکەش دەکرێت بەشدارە لە بەهێزکردنی هەوڵەکانی بۆ پێشکەشکردنی هاوکاری بۆ منداڵان لە ئەفغانستان.
پرۆگرامی خۆراکی جیهانی هۆشداری داوە لە تێکچوونی دۆخی بەدخۆراکی لە وڵاتەکەدا، دووپاتی دەکاتەوە کە لە ئێستادا چوار ملیۆن دایک و منداڵ بەدەست بەدخۆراکییەوە دەناڵێنن، هاوکات پێشبینی دەکرێت تا ساڵی ٢٠٢٥ سێ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار منداڵی دیکە تووشی بەدخۆراکی ببن.
شایانی باسە کە ئەفغانستان ساڵانێکە قەیرانی مرۆیی و ئاسایشیی بەردەوامی بەخۆیەوە بینیوە، کە بووەتە هۆی داڕمانی ژێرخانی تەندروستی بەتایبەتی لە ناوچە گوندنشینەکان و ناوچە دوورەکان، خراپی بودجە، کەمیی کارمەندانی تەندروستی و سەختی دەستڕاگەیشتن بە ناوچە زیانلێکەوتووەکانی ململانێ لە دیارترین هۆکارەکانن کە ڕێگری لە جێبەجێکردنی بەرنامە گشتگیرەکانی کوتان دەکەن.