هەڵمەتی "سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان" فراوانتر بوو

بۆ ٨٥ەمین هەفتەی لەسەریەک هەڵمەتی "سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان" کە ٥٢ زیندانی لەخۆگرتبوو،، بە بەشداری کۆمەڵێک دەستبەسەرکراوی زیندانی سەبزوار، فراوانتر بوو.

ناوەندی هەواڵ

 

بەشداربووانی هەڵمەتی "سێشەممەکانی نا  بۆ لەسێدارەدان" جەختیان لەوە کردەوە، کە لەسێدارەدان پێشێلکاریەکی ئاشکرای مافەکانی مرۆڤ و سەرکوتکردنی ئازادیەکانە، داوای ڕاگرتنی دەستبەجێ و تەواوەتی ئەم جۆرە ئۆپەراسیۆنانەیان کرد لە سەرتاسەری وڵاتدا.

 

گروپێکی نوێی زیندانیانی سەبزوار بۆ ٨٥هەمین هەفتەی لەسەریەک پەیوەست بوون بە هەڵمەتی "سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان"، بەمەش ژمارەی زیندانیەکانی بەشدار لە هەڵمەتەکە گەیشتە ٥٢ زیندان، بەشداربووانی هەڵمەتەکە ڕاگەیاندراوێکیان بڵاوکردەوە و ڕایانگەیاند، بە دڵێکی پڕ لە خەم و پەژارە، جارێکی دیکە شاهیدی لەسێدارەدانێکی دڕندانەین کە نەک تەنها پێشێلکردنی مافە مرۆی و یاساییەکانی زیندانیان دەکات، بەڵکو ویژدانی کۆمەڵگەی بریندار کرد، ئاماژەیان بەوەشکرد، کە مانگرتنی دوکاندارەکان و ئەوانەی داوای دادپەروەری دەکەن لە سەمیرۆم بەڵگەیە لەسەر ئەوەی کە هاوڵاتیان لە بەرامبەر ئەو تاوانانەدا بێدەنگ نابن و تا بەدیهێنانی مافەکانیان درێژە بە خەباتی خۆیان دەدەن.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، کە لە کردەوەیەکی تری تاوانکاریدا، دەسەڵاتدارانی ئێران دوو زیندانی ویژدانییان لە زیندانی عادل ئاباد لە شیراز بە بێدەنگییەکی تەواو لەسێدارەداوە، هەروەها ئامارە دڵتەزێنەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە لە ماوەی کەمێک زیاتر لە دوو هەفتەدا ٩٢ زیندانی کە چواریان ژن بوون لە سێدارە دراون.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ڕوونیکردووەتەوە، تەنها لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا سیستمی سزای لەسێدارەدان گیانی ٤٦ کەسی بردوە، وتی: بەپێی ئامارەکان لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا ٧٥٦ کەس لەسێدارە دراون، کە ١٠٠ کەسیان لە زیندانی قەزڵ حسار لەسێدارە دراون، بە واتایەکی تر دەسەڵاتداران زیاتر لە ١٣%ی لەسێدارەدانەکانیان لە زیندانی قەزڵ حسار ئەنجامداوە.

 

گیراوانی زیندانی سەبزوار پشتیوانی خۆیان بۆ هەڵمەتی "سێشەممەکانی نا بۆ لە سێدارەدان" ڕاگەیاند، کە لەم هەفتەیەوە دەست پێدەکات و هەموو سێشەممەیەک دەست بە مانگرتن لە خواردن دەکەن بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بەو شەپۆلی لەسێدارەدانە کە لەلایەن دەسەڵاتەوە ئەنجام دەدرێت.

 

بەشداربووانی هەڵمەتی "سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان" جەختیان لەوە کردەوە، کە لەسێدارەدان ئامرازێکە بۆ پێشێلکردنی توندی مافەکانی مرۆڤ و سەرکوتکردنی ئازادیەکان، داوای ڕاگرتنی دەستبەجێ و تەواوەتی لەسێدارەدان لە سەرتاسەری وڵاتیان کرد، هەروەها وتیان کە دەنگی هەڵمەتەکە دەنگی هاوپشتی و پشتیوانییە بۆ هەموو قوربانیانی سیاسەتی نامرۆڤانە لە ئێران و ئەو دەنگە لە زیندانەکاندا بەرز دەبێتەوە تا بەدیهێنانی دادپەروەری و ئازادی و ڕێزگرتن لە ماف و کەرامەتی مرۆڤ، وتی: داوا لە هەموو هاوڵاتیانی شەرەفمەند و ئازادیخواز دەکەین، کە لە هەموو شار و کۆڵانێکدا ئاڵای "سێشەممە نا بۆ لەسێدارەدان" بەرزبکەنەوە.

 

لە ڕاگەیاندراوەکەدا  جەخت لەوە کراوەتەوە، کە ژیان مافێکە بۆ هەموو مرۆڤێک، هەروەها هیچ دەسەڵاتدارێک مافی ئەوەی نییە لە هیچ کەسێکی بسەنێتەوە، بۆیە لە ڕێزگرتن لەو خوێنەی کە ڕژاوە و لە ڕێزگرتن لە بنەماڵەکانی بارگرانی خەم و پەژارەیان بەسەردا هاتووە، دەبێت بە دروشمی: نا بۆ لەسێدارەدان، نا بۆ دیکتاتۆری و ستەم، بەڵێ بۆ دادپەروەری و سەروەری کۆمەڵایەتی.

 

ئەندامانی هەڵمەتی "سێشەممەکانی نا بۆ لە سێدارەدان" ڕۆژی ٩ی ئەیلوول بۆ ٨٥ەمین هەفتەی یەک لەدوای یەک لە ٥٢ زیندانی ئێران دەست بە مانگرتن لە خواردن دەکەن کە بۆ ٨٥مین هەفتەی یەک لەدوای یەک لە ٥٢ زیندانی لە سەرانسەری ئێران بڵاو بوونەتەوە لەوانە زیندانی ئێڤین، زیندانی قەزڵ حەسار، زیندانی ناوەندی کەرەج، زیندانی کەرەج فەردیس، زیندانی تارانی گەورە، زیندانی قەرچەک، زیندانی خورین و ڕامین، زیندانی ئەهار، زیندانی ئەرک، زیندانی قوم و زیندانی دیکە.