بۆ تێپەڕاندنی سزای زیندانیان دادگای ئینقلاب بانگهێشتی شەش ژنی بەهایی دەکات

شەش ژنی بەهایی خەڵکی هەمەدان بانگهێشتی لقی جێبەجێکردنی سزاکانی دادگای ئینقلابی لەو شارە کران، بۆ ئەوەی دەست بە جێبەجێکردنی سزای زیندانیان بکەن کە کۆی گشتییان ٣٨ ساڵ و ١١ مانگە.

ناوەندی هەواڵ

 

بەئامانجگرتنی دەسەڵاتدارانی ئێران بۆ کۆمەڵگەی بەهای لە ئێران، بەتایبەتی ئەو ژنانەی کە داوای مافەکانیان دەکەن، بریتین لە هەڵمەتی دەستبەسەرکردن، دەستدرێژیکردنە سەریان، دەستبەسەرداگرتنی موڵک و ماڵی خۆیان و سزای ئارەزوومەندانە، ئەم پراکتیزانە نەک هەر پێشێلکاریەکی ئاشکرای مافەکانی مرۆڤ پێکدەهێنن بەڵکو ڕەنگدانەوەی قەیرانێکی قوڵە لە ڕێزگرتن لە کەرامەتی مرۆڤ لەناو سیستەمی دادگای ئێراندا.

 

بە پێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، لقی جێبەجێکردنی سزاکانی دادگای ئینقلابی هەمەدان دوای وەرگرتنی ئاگاداری لە دژی ئەوان، شەش ژنی بەهایی هاوڵاتی هەمەدانیان بانگهێشتی لقەکە کردوە، ئەو ژنانە بریتین لە نیدا موحبی، عاتەفە زاهدی، فەریدە ئەیوبی، نورا ئەیوبی، زەریندەخت ئاحدزادە، و زالە ڕەزای،  ئەو ژنانە فەرمانیان پێکرا لە ماوەی ١٠ ڕۆژدا ئامادەبن لەبەردەم ئەم لقە بۆ تێپەڕاندنی سزاکەیان.

 

ئەو ژنە بەهاییانە لە ٦ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣ لە کاتی شەڕ و پێکدادانێکی بەرفراوان لە نێوان هێزەکانی حکومەت و هاوڵاتیانی بەهای نیشتەجێی شاری هەمەدان دەستبەسەر کراون، دوای لێپرسینەوە و ڕاگیران لە ژووری تاکەکەسی، دەسەڵاتداران لە مانگی کانوونی دووەمی هەمان ساڵدا بە شێوەی کاتی بە کەفالەت ئازادیان کرد.

 

مانگی حوزەیرانی ساڵی ڕابردوو، دادگای ئینقلاب لە شاری هەمەدان، بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی ڕژێم" و "پێکهێنانی گروپ و کۆمەڵەیەکی نایاسایی بەهایی" سزای ٣٨ ساڵ و ١١ مانگ زیندانی بەسەریاندا سەپاند.

 

لە بڕیارەکەدا سێ ساڵ سزای زیندانیکردنی نیدا موحبی هەڵپەسارد، هەروەها دوو ساڵ لە سزاکانی زەریندەخت ئاحدزادە، زالە ڕەزای و نورا ئەیوبی هەڵپەسارد، دواجار لقی یازدەیەمی دادگای تێهەڵچوونەوەی هەمەدان لە ١١ی ئابدا ئەو سزایەی پەسەند کرد.