لە ساڵیادی ناوەندی ئەرشیف، توێژینەوە و پەرتوکخانەی ژنی کورد سیمینارێک پێشکەشکرا
لە سلێمانی بۆ ساڵیادی دامەزراندنی ناوەندی ئەرشیف، توێژینەوە و پەرتوکخانەی ژنی کورد سیمینارێک بۆ کەوسەر حەسەن و مەعسومە ئیبراهیم ڕێکخرا.
سلێمانی
پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە ناوەندی ئەرشیف، توێژینەوە و پەرتوکخانەی ژنی کورد لە شاری سلێمانی، هاوکاتی ساڵیادی دامەزراندنی ناوەندەکەدا سیمینارێک پێشکەشکرا.
لە سیمینارەکەدا کەوسەر حەسەن، چالاکوانی ژنان بە ناونیشانی "هاوڕێیەتی ژن و کتێب" و مەحسومە ئیبراهیم بە ناونیشانی "ناساندن و گرنگی پەرتوکخانە" دوو بابەتیان پێشکەشکرد.
لە سیمینارەکەدا ڕۆڵ و گرنگی کردنەوەی ناوەندی کۆکردنەوەی پەرتوک و بەئەرشیفکردنی ژیان و تێکۆشانی ژنان باسکرا، مەحسومە ئیبراهیم باسی لەوەکرد، ژنان وەک هەریەکە لە تاکی کۆمەڵگە دەتوانێت پەرتوکخانە دابمەزڕینن بۆ ئەوەی ببێتە ناوەندیک بۆ دەستەبەربوونی هەر جۆرە پەرتوکێک تایبەت بە ژنان، لە بارەی پەرتوکخانەی ژنی کوردیشەوە وتی: ئێرە ناوەندێکە بۆ ژنان تا بتوانن پەرتوک و لێکۆڵینەوە و توێژینەوەکانیان تیایدا کۆبکەنەوە و ببێتە شوێنێک بۆ ئەرشیفی مێژووی ژنان.
کەوسەر حەسەن، چالاکوانی بواری ژنان، باسی لە هاوڕێیەتی ژن و پەرتوک کرد و وتی: هەمیشە ژنان توانیویانە هاوڕیەتی پەرتوک بکەن، چونکە بە گرنگیدان بە پەرتوک و خوێندنەوە دەگەن بەو ئامانجەی کە دەیانەوێت، هەروەها لە بارەی ئەزموونی خۆی بۆ خوێندنەوە وتی: لە ڕێگەی خوێندنوەی ڕۆمانەکان کە زیاتر تایبەت بوون بە ژنان، بووەتە پردێک بۆ ئەوەی شارەزاتر بم لە پرسی ژنان و چارەسەرکردن و هاوکاریکردنی ژنانی تر لە هەر بەرەنگاریی کێشەیەکدا.