هاوڵاتیانی قامیشلۆ بە ڕێپێوانێک هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیایان شەرمەزارکرد
دانیشتوانی شارۆچکەی قامیشلۆ لە دژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و هەموو کوردستان ڕێپێوانیان کرد.
قامیشلۆ
هاوڵاتیانی شارۆچکەی قامیشلو بە دروشمی "ڕێپێوانی شەرەف لە دژی خیانەت و داگیرکاری" بۆ شەرمەزارکردنی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر کوردستان و بەتایبەتی لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕێپێوانیان کرد، لە ڕێپێوانەکەدا وێنەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجەلان، ئاڵاکانی کۆنگرەی ستار و ئەنجومەنی بنەماڵەی شەهیدان بەرزکرابوەوە کە لە گەڕەکی کۆرنیش-ی سەر بە شارۆچکەی قامیشلۆوە دەستیپێکرد و لەبەردەم ناوەندی نەتەوە یەکگرتووەکان" UN" وەستان.
دوای خولەکێک ڕێزگرتن لە شەڕڤانانی ئازادی، وەلیدا بۆتی، ئەندامی کۆردیناسیۆنی کۆنگرەی ستاری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا قسەی کرد و ڕایگەیاند، کە پارتی دیموکراتی کوردستان لە هێرشەکاندا هاوکاری دەوڵەتی تورک دەکات، هەروەها دەیانەوێت گەلی کورد قڕبکەن، زیاتر وتی: " دەوڵەتی تورک بە هاوکاری پارتی دیموکراتی کوردستان بە ئاشکرا هێرش دەکاتە سەر گەلەکەمان و ئێمە بە توندی ئیدانەی ئەو کارانە دەکەین سیاسەتی کۆمەڵکوژی لە پیلانگێڕیی نێودەوڵەتیی دژی ئەو گەلە تا ئەمڕۆ لە کەسایەتی ڕێبەری ئاپۆ بەردەوامە هاوکات لەڕێگەی ئەو کارە پیسانەوە دەیانەوێت ویست و ئیرادەی ئەو خەڵکە بشکێنن کە ساڵانێک لە دژی داگیرکاریی شەڕیان کردووە بەڵام هەرگیز ناتوانن ئیرادەی گەلەکەمان بشکێنن".
"بێدەنگیی جیهان لە دژی هێرشەکان شەرمەزار دەکەین"
ویزا حسێن، ئەندامی کۆنگرەی ستار، ناڕەزایی خۆی لە هێرشەکان دەربڕی و وتی: "ئێمە بۆ شەرمەزارکردنی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر هەموو هەرێمەکانی کوردستان چووینە مەیدانەکان ئێمە بێدەنگیی جیهان لە دژی هێرشەکان شەرمەزار دەکەین، لەبەر هەموو دەوڵەتەکان بێدەنگن لە کردەوەکانی دەوڵەتی تورک لە دژی مرۆڤایەتی دەوڵەتانی ئەوروپا داوای دیموکراسی و ئاسایش و ئاشتی دەکەن، بەڵام ویژدانیان لە دژی دەوڵەتی تورک گیانی لەدەستداوە پێویستە سنوورێک بە دەوڵەتی تورک بدرێت و لێشاوی خوێنی مرۆڤ بوەستێت" .
ڕێپێوانەکە بە دروشمی بژی بەرخۆدانی گەلان کۆتایی هات