"پێویستە هەموو کەسێک هەڵوێستی هەبێت"

ژنانی شەنگال هەڵوێستی خۆیان بەرامبەر بە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن دەوڵەتی تورک و هێرشەکانی بۆ سەر خاکی کوردستان دەربڕی.

شیلان ئێزیدخان

 

شەنگال – بە درێژایی مێژوو کوردستان ڕووبەڕووی جینۆساید و لەناوبردن بووەتەوە، بێ گومان یەکێک لە دڕندەترین کارەکان بەکارهێنانی چەکی کیمیاییە بەرامبەر بە مرۆڤ لە کوردستان، لە بەرامبەردا جیهان بێدەنگ و بێ کاردانەوەیە بەرامبەر بە بەکارهێنانی ئەو چەکە لە کوردستاندا، ناوەندی پاراستنی گەل-نەپەگە ڕایگەیاند، تورکیا لە ماوەی ٦ مانگی ڕابردوودا لانیکەم دوو هەزار و ٤٧٦ جار چەکی کیمیایی و بۆمبی قەدەغەکراوی بەکارهێناوە، لەم دواییانەدا ناسنامەی ١٧ ئەندامی هێزەکانی پاراستنی گەل-هەپەگە ئاشکرا بووە کە بە چەکی کیمیایی گیانیان لەدەستداوە، هەروەها وێنەی ٢ ئەندامی هەپەگە کە بەهۆی چەکی کیمیاییەوە کاریگەرییان لەسەر بووە، بڵاوکرایەوە.

 

ژنانی شەنگال هەڵوێستی خۆیان لە دژی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە دەربڕی و ڕایانگەیاند، دەوڵەتی تورکیا نەیدەتوانی چەکی کیمیایی لە دژی گەلی کورد بەکاربهێنێت ئەگەر پشتیوانی هێزە نێودەوڵەتییەکان نەبوایە.

 

"تورکیا بە بێ پشتیوانی هێزە نێودەوڵەتییەکان نەیدەتوانی چەکی کیمیایی بەکاربهێنن"

مەیان نەسیر لە لێدوانێکدا بۆ نوژنها بێدەنگی گۆڕەپانی نێودەوڵەتی دژی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی شەرمەزار کرد و وتی: ئەگەر هێزە نێودەوڵەتییەکان پاڵپشتی دەوڵەتی تورکیایان نەکردبا، نەیاندەتوانی ئەو تەکنیکە بەکاربهێنن، نەیاندەوێرا بە مادەی کیمیایی هێرش بکەنە سەر گەریلاکان، چۆن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی نابینێت و نابیستێت کە وەها دڕندەیی لەسەر شاخی کوردستان ئەنجام دەدرێت، بەرامبەر بە جوانترین منداڵانی ئەم میللەتە؟، پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی سەرجەم بنەماڵەی شەهیدان دەکەین، ئه‌وان شه‌هیدانی شه‌نگالن، قه‌ت خەباتی ئه‌وان بۆ ئه‌م میلله‌ته‌ له‌ بیر ناکه‌ین، ئه‌وان منداڵی ئێمه‌ن، ئەم هێرشانە دەریدەخەن کە دەسەڵات چەندە لاوازە، هەر بۆیە پەنا بۆ قورسترین شێواز دەبەن، بەهۆی ئەوەوە سەركەوتنەكە هی گەریلاكانە، هی گەلی ئازادیخوازە".

 

"پێویستە هەموو کەسێک هەڵوێستی هەبێت"

پەریشان خەلۆ، خەڵکی گوندی دیگورێیە، وتی: ئەگەر شەڕڤانەکانی ڕێبەر ئاپۆ بە هانامانەوە نەهاتنایە ئێمە لە فەرمان ڕزگارمان نەدەبوو و تا ئێستاش لە دەستی چەتەکانی داعشدا دەبووین، دوژمنانی داگیرکەر چەکی کیمیایی بەسەر گەریلاکاندا بەکاردەهێنن، ئەمە لە دەرەوەی ئەخلاقی مرۆڤە، ئێمە وەک ژنانی ئێزدی پشتیوانی لە گەریلا دەکەین، هێرش بۆ سەر گەریلا قبوڵ ناکەین، بانگەوازەکەمان ئەوەیە کە گۆڕەپانی نێودەوڵەتی دژی ئەم شتە بوەستێت، ئەم دۆخە دۆخێکی ئاسایی نییە، بۆیە پێویستە هەموو کەسێک بەو پێیە هەڵوێستێکی هەبێت، لە هەمان کاتدا پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی ئەو ١٧ گەریلایە دەکەین کە بە چەکی کیمیایی شەهیدبوون.

 

"ئێمە لەگەڵ گەریلاداین"

ته‌ورێ خەلیل، خه‌ڵكی گوندی بۆریكە له‌ شه‌نگال، باسی لە هاوكارییه‌كانی پەدەکە بۆ دەوڵەتی تورکیا کرد و وتی: ئێمە وەک دایکی شەنگال لەگەڵ گەریلاکانین، تا سەرکەوتن بەردەوام دەبین، ئێمە لەگەڵ گەریلادا بوونمان هەیە و لە سایەی ئەوانەوە گەشتووینەتە ئەم ڕۆژە، ئیدانەی هێرشی دەوڵەتی تورک و پەدەکە دەکەین، بەکارهێنانی چەکی کیمیایی قێزەونترین کارە، ئەم هێرشە تەنها بۆ سەر گەریلا نییە، بەڵکو لە کەسایەتی گەریلادا بۆ سەر تەواوی مرۆڤایەتی ئەنجام دەدرێت.