"قڕكردنی داربەڕووەكانی چیای سەفین ڕابگرن"

لە گوندێکی بناری چیای سەفین دەیان داربەڕوو بڕدراونەتەوەو ڕێکخراوێکیش هۆشداری دەدات و ئاماژە بەوەدەکات ئەو کارە بەرنامە بۆ داڕێژراوە.

سلێمانی

 

ڕێكخراوی بیمە بۆ مافە ئابوری و كۆمەڵایەتییەكان ڕایگەیاند، لە بەدواداچونێكی تیمی ڕێکخراوەکە بۆ زنجیرە چیای سەفین، دەركەوتووە دەیان داربەڕوو لە بناری چیای سەفین لە گوندی قەراسنجی سەرو بڕدراونەتەوە.

 

ڕێکخراوەکە چەندین وێنەو ڤیدیۆی ئەو دارانەی بڵاوکردووەتەوە کە بڕدراونەتەوەو ئاماژەی بەوەکردووە، وەك لە ڤیدیۆ و وێنەكان دەردەكەوێت بەشێوەیەكی بەرنامە بۆ داڕێژراو و بە ئامێری تایبەت دەیان داربەڕوو بڕدراونەتەوە بە مەبەستی بەكارهێنانیان لە بڕی سوتەمەنی.

 

ڕێكخراوی بیمە ئەمە بە دەستدرێژی و هەوڵی قڕكردنی دارو سروشتی كوردستان دەزانێت، ئەوەشی خستووەتەڕوو کە ئەركی لایەنە پەیوەندارەكانە بەدواداچوونی جدی بۆ ئەو ناوچانە بكەن و بكەران سزابدەن، ئەركی هەموولایەك و ژینگە دۆستانیشە داكۆکی لە سروشت و ژینگەی كوردستان بكەن لە كاتێكدا وڵاتانی داگیركەر لە ڕێگەی بۆردومان و چەكی قوڕسەوە ڕۆژانە دارو باخ و ژینگەی كوردستان تێك دەدەن.