گولیلکا ئازادی لە ئامەد دیسان سەوز بوو

کێ باوەڕی پێدەکردین ئەگەر بمان وتایە دوای ٢٧ ساڵ جارێکی تر بە گۆرانیەکانی گروپی ئامەد هەڵدەپەڕین، ئەمجارەیان لە پایتەختی دڵەکان ئامەد و لە گۆڕەپانی نەورۆز، دوای ٣٠ ساڵ جارێکی تر گولیلکا ئازادی لە ئامەد سەوز بوو.

بنەڤش ستێرک 

 

کێ بیری لەوە دەکردەوە کە دوای ٢٧ ساڵ جارێکی دیکە بە گۆرانییەکانی گروپی ئامەد هەڵپەڕین، ئەمجارەیان لە پایتەختی دڵەکان لە ئامەد و لە گۆڕەپانی نەورۆز، هەزاران کەس چەند مانگێک بوو بە جۆش و خرۆشێکی زۆرەوە چاوەڕێیان دەکرد، سەدان کەس کە لە دەرەوەی ئامەدەوە هاتبوون، لە شارەکانی کوردستان و تورکیاوە، دڵیان یەکخست و ڕوویان کردە گۆڕەپانی نەورۆز، هەروەها سەدان هەزار کەسیش لەبەردەم شاشەی تەلەفزیۆنەکانیاندا بوون و بە سۆزەوە سەیریان دەکرد، هەمووان مۆبایلەکانیان بەدەستەوە بوو، پەخشی ڕاستەوخۆیان بۆ ئازیزانیان لە دوورەوە دەکرد، سەدان کەس کە چا و خواردن و میوەیان هێنابوو، کەشێکی جەژنانەیان بە شەوەکە بەخشی، بە هەزاران کەس کە بە ئۆتۆمبێلە تایبەتەکانیان دەهاتن، ناچاربوون ئۆتۆمبێلەکانیان لە دووری سەدان مەتر لە گۆڕەپانەکەوە ڕابگرن و بە پێ بەرەو گۆڕەپانەکە بڕۆن، هەستێکی جۆش و خرۆش و وروژاندن لەم ڕێپێوانەشدا کەم نەبووەوە، لە کاتی چوونە ناو گۆڕەپانەکەدا گەڕان بەدوای خەڵکدا دەکرا و دواتر دەچوونە ناوەوە، ئاڵا و دروشم ڕەنگێکی جیاوازیان بە گۆڕەپانەکە بەخشی.

 

"ئەمشەو چوومە ساڵانی نەوەدەکان"

ئەو ساتەی هەمووان چاوەڕێی بوون هات، گروپی ئامەد کەوتە سەر شانۆ و چەپڵەکان بە دەنگی بەرز لیدران، گروپەکە بە گۆرانییەکانیانەوە ئێمەی بردەوە بۆ ساڵانی نەوەدەکان، کە ڕۆژێکی مێژوویی و پڕ واتادار بوو، شەوێک بەقەد چاوەڕوانییەکانمان، بەقەد هەستەکانمان گەرم، پرسیارمان کرد ئایا ئەمە خەونە یان ڕاستی دایکێک لە تەنیشتمەوە وەستابوو، دەیوت کوڕەکەم ئێستا بە شێوەیەکی نایاسایی لە ئەوروپایە و سەیری دەکات، دەیوت لەوێوە سەیر دەکەموەک ئەوەیخۆمی لێ بم، دایکەکە دڵخۆشەکە بە دڵەوە گوێی لێدەگرت، هەندێک جار زەردەخەنەی دەکرد و هەندێکجاریش فرمێسکی دەڕشت، وتی: ئەمشەو چوومە ساڵانی نەوەدە جوانەکان، ئەو کاتانەی کە بە نهێنی گوێمان لە گۆرانی کوردی دەگرت، بەڵام پێکەوە بووین، ئەمڕۆ هەریەکەمان لە شوێنێکی ترداین.

 

ژنانی گەنج و جلی نەتەوەیی

ژنانی گەنج جلوبەرگی نەتەوەیییان لەبەردا بوو، هەندێکیان دەموچاویان سەوز و سوور و زەردیان کردبوو بە بۆیخ و هەڵدەپەڕین، دەنگی تەپڵ و سەمبڵ لە گۆڕەپانەکە کەم نەبووەوە پێش دەستپێکردنی کۆنسێرتەکە، ئەمشەوە وەک نەورۆزی دووەم وابوو، ژنێک کە لە تەمەنی گەنجیدا گوێی لە گۆرانییەکانی گروپی ئامەد گرتبوو، لەگەڵ گروپەکەدا بە چاوی پڕ لە فرمێسکەوە گۆرانی دەوت، زۆر کەس کە تەمەنی گەنجییان بە گوێگرتن لە گۆرانییەکانی گروپی ئامەد بەسەر بردبوو، باسی ئەو گروپەیان بۆ منداڵەکانیان دەکرد.

 

دروشمەکانی "بژی ڕێبەر ئاپۆ" وتران

گولیلکا ئازادی، گۆرانی ئەڤدلمەلیک شێخ بەکر، کە یەکێک لە دامەزرێنەرانی گروپی ئامەد، ئەو کەسەی کە "گولیلکا ئازادی"ی هێنایە بوون و بۆ ئازادی پەیوەندی بە کاروانی نەمرەکانەوە کرد لە چیاکانی کوردستان، لە ناوچەی کۆنسێرتەکە بە کۆی دەنگ یادی کرایەوە و گوێی لێگیر، هەروەها دروشمەکانی "شەهیدان نامرن" بە یەک دەنگ بەرزکرانەوە، ژنێک کە تەمەنی نزیکەی ٦٠ ساڵ بوو وتی: هیوادارم ڕۆژێک لەم ناوچەیە پێشوازی لە ڕێبەرەکەمان بکەین، چەندین جار دروشمی "بژی ڕێبەر ئاپۆ" بیسترا، کەسکین بایندیر، هاوسەرۆکی دەبەپە ڕایگەیاند، کە ئازادی جەستەی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان بەدەستدەهێنن و دەنگی چەپڵە و لێدان بەرز بوو.

 

پەیامی هونەرمەندانی دەربەدەری

هەروەها ئەو پەیامە بینراوانەی کە هونەرمەندانی کورد لە دەربەدەرییەوە ناردیان، شەپۆلی هەست و سۆزیان بەرزکردەوە، بە تایبەت کە هونەرمەند خلیل خەمگین قسەی کرد و گۆرانی "ئامەد ئامەد" بیسترا، هەموو دڵەکانی دەرەوە، یەکگرتوو بوون و بەرەو ناوچەی کۆنسێرتەکە ڕژان، پەیامی سیاسەتمەدارانی زیندانیکراوی وەک سەلاحەدین دەمیرتاش و عەدنان سەلچوک میزراکلی (کە ناوی ئامەدیان بەو گروپە بەخشی) بووە هۆی بەرزبوونەوەی دەنگی ناڕازییان، هەروەها داوای ئازادییان دەکرد.

 

"با کۆما بەرخۆدانیش بێت و کۆنسێرتێک بکات"

ژنێکی گەنج بە ناوی دەلال کە لە ماردینەوە هاتووە، باس لەوە دەکات، کە بە گوێگرتن لە گۆرانی قەدەغەکراوی گروپ و هونەرمەندانی کورد گەورە بووە، ئەمڕۆ وەک ئەوە وایە لە خەودا بم، زۆر پەرۆشم، هیوادارم کۆما بەرخۆدانیش ڕۆژێک بێت و کۆنسێرتێک لەم ناوچەیە پێشکەش بکات و لە ڕۆژانی ئازاددا کۆببینەوە، دەلال، وتی: هەمیشە حەزی کردووە گوێی لە کۆما بەرخۆدان بێت بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ، بەڵام دەرفەتی نەبووە و ئەمشەو بە شەوێکی مێژوویی پێناسە دەکات، دەلال دەیەوێت لە کوردستانێکی ئازاددا بژی، بە گۆرانی ئازادی.

 

"مردن تا ڕۆژی ئازادی حەرامە"

نورژان لە باتمانەوە بۆ کۆنسێرتێک هاتۆتە ئامەد، وتی: ئەگەر ئەمشەو لە وروژاندن نەمرم، جارێکی تر نامرمەوە و دەیەوێت ڕۆژێک هەموو کورد پێکەوە لەم گۆڕەپانە هەڵپەڕکێ بکەن بۆ ئازادی، دایە لەیلا کە هەزاران خەم و ئازاری لە دڵیدا کەڵەکە کردووە، وتی: ڕۆژێک دێت لە گۆڕەپانەکاندا پێشوازی لە سەرۆکەکەمان دەکەین و تا ئەو ڕۆژە، مردن بۆ من حەرامە، منداڵەکانیش خۆیان داوەتە دەست وروژاندنی گەورەکان، ئەو منداڵانەی کە نەخشی سەوز و سوور و زەردیان لەسەر ڕوخساریانەن پرسیار لە دایک و باوکیان دەکەن، چونکە بۆ هەندێکیان ئەمە یەکەمجارە قەرەباڵغییەکی وا ببینن.

 

ڕۆژین لەبیر نەکرا

ڕۆژین کابایش کە بە شێوەیەکی گوماناوی لە شاری وان گیانی لەدەستداو هەندێک هێزی تاریک نایانەوێت ڕۆشنایی بخەنە سەر مردنەکەی، لەبیر نەکرا، ستایشی بنەماڵەی ڕۆژین کرا و پەیامی "ئێمە واز لەم دۆسیەیە ناهێنین" درا.