بزووتنەوەی "نەوەی Z٢١٢ " داوای ئازادکردنی دەستگیرکراوان دەکات

زیاتر لە دوو هەزار و ٤٠٠ هاوڵاتی مەغریبی ڕووبەڕووی ڕێکاری یاسایی دەبنەوە، کە لە نێویاندا هەزار و ٤٠٠ کەسیان دەستبەسەرن، ئەویش بەهۆی بەشداریکردنیان لە ناڕەزایەتییەکانی بزووتنەوەی "نەوەی Z٢١٢ " کە داوای باشترکردنی خزمەتگوزاریە گشتیەکان دەکەن.

ناوەندی هەواڵ

 

 بزووتنەوەی "نەوەی Z٢١٢'' مەغریبی کە لە ماڵپەڕی تۆی کۆمەڵایەتییەوە سەریهەڵداوە، سەرکردایەتی ناڕەزایەتیەکی ئاشتیانەی کردووە و داوای چاکسازی لە بواری پەروەردە و چاودێری تەندروستی و هەروەها کۆتاییهێنان بە گەندەڵی دەکات، ئەم بزووتنەوەیە لە چەند شارێکی مەغریب سەریهەڵداوە، کە لەگەڵ داواکارییە کۆمەڵایەتییە ڕاستەقینەییەکاندا ڕووبەڕووی دەسەڵاتداران بووەتەوە.

 

دادگاکانی مەغریب سزای زیندانیکردنیان بەسەر دوو هەزار و ٤٨٠ کەسدا سەپاند، ئەویش بەهۆی بەشداریکردنیان لە ناڕەزایەتییەکانی بزووتنەوەی "نەوەی Z٢١٢''، کە لە ٢٧ی ئەیلوولەوە دەستیپێکرد و داوای چاکسازی لە سیستەمی پەروەردە و چاودێری تەندروستی و کۆتاییهێنان بە گەندەڵی بەربڵاوی وڵاتەکەیان کرد.

 

 

تەنها لە ٢٧ی تشرینی یەکەمدا، دادگاکانی مەغریب سزای زیندانیکردنیان بەسەر ٤١١ هاوڵاتیدا سەپاندوە، کە ٧٦ کەسیان منداڵی خوار تەمەنی یاسایی بوون، کە بەپێی ئامارەکانی داواکاری گشتی بەشێک لەو سزایانە هەڵپەسێردراون.

 

 

بزووتنەوەکە لە دوایین خۆپیشاندانەکانی ڕۆژی شەممەدا، داوای ئازادکردنی سەرجەم ئەو کەسانەیان کرد کە لە کاتی ناڕەزایەتییەکاندا دەستگیرکرابوون، هەروەها چەندین شاری مەغریب، لەوانە داربەیزا، ڕەبات، تەنجەر، مەراکش، فاس، وەجدە، ئەغادیر، تەتوان، مەکناس، ئاسفی، جەدیدە،  بەنی مەلال، شایەتی ناڕەزایەتییەکی بەرفراوان بوون کە تیایدا تیشک خرایە سەر داوای ''ئازادکردنی دەستگیرکراوەکان، لێپرسینەوە لە بەرپرسان، باشترکردنی خزمەتگوزارییەکانی پەروەردە و چاودێری تەندروستی و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی''.

 

 

لە یەکەم وەڵامی ڕەسمی بۆ بڕیارەکانی حکومەت، بزووتنەوەی "نەوەی ٢١٢Z "، ڕایگەیاند: ''لە کاتێکدا بزووتنەوەی ئاشتیخوازانەی ئێمە بۆ داواکارییە جەماوەرییەکان کە لەلایەن ڕای گشتی مەغریبەوە دانیان پێدانراوە، هەندێک دەستکەوتی بەدەستهێناوە، وەک خێراکردنی پرۆسەی بنیاتنانەوە و کردنەوەی هەندێک دامەزراوەی تەندروستی و پەروەردە و گرتنەبەری هەندێک ڕێوشوێن بۆ باشترکردنی کاری سیاسی، بەڵام ئێمە ئەم دەستکەوتانە سەرەڕای گرنگییەکانیان بە کەم دەزانین، تا ئەو کاتەی هیچ ڕاگەیاندنێکی ئاشکرا و میکانیزمی ڕوون بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و ناکۆکی بەرژەوەندییەکان و بەستنەوەی بەرپرسیارێتی بە لێپرسینەوە، لە پێناو دەستەبەرکردنی گۆڕانکاری ڕاستەقینە لە وڵاتەکەماندا نەبێت، هەموو ئەوانەی سەرەوە بێواتا دەبن ئەگەر هەموو دەستگیرکراوەکان ئازاد نەکرێن و کۆتایی بە ئازارەکانی خێزانەکانیان نەهێنرێت''.