"گەنمی کوڵاو" میراسێکی ژنانە کە بە ئاگری نەریت لێدەنرێت

ژنانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەردەوامن لە ئامادەکردنی "گەنمی کوڵاو"، سەرەڕای گۆڕانکارییە مۆدێرنەکان، بەهۆی بەها خۆراکی و ئابوورییەکەیەوە، ئەم ڕێوڕەسمە بۆنەیەکی کۆمەڵایەتییە کە خێزان و منداڵان کۆدەکاتەوە و ڕۆڵی گرنگی ژنانە لە پاراستنی میراسی کولتووری.

ڕۆنیدا حاجی

 

تل تەمر- لەگەڵ کۆتایی هاتنی وەرزی دروێنە و سەرەتای مانگی ئەیلوول، زۆرێک لە دایکان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا نەریتی ئامادەکردنی "گەنمی کوڵاو" دەپارێزن، کە بەرهەمێکی خۆراکی نەریتیە و لە گوندەکاندا ئامادە دەکرێت و بەشێکە لە میراسی باو، سەرەڕای ئەو گۆڕانکاریانەی کە گەشەپێدانی شار و پیشەسازی سەپێنراون، هەندێک لە ژنانی گوندەکان هێشتا پابەندن بەم داب و نەریتە کۆنانە.

 

حەمامە زاهر، تەمەن ٥٩ ساڵ، خەڵکی گوندی تل نەجمە، نزیک شاری تل تەمر لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، دایکی چوار کچ و کوڕێکە، داپیرەی هەشت نەوەیە، ساڵانە زگەنمی کوڵاو" ئامادە دەکات و کوڕ و کچەکانی بانگهێشت دەکات بۆ بەشداریکردن لەم داب و نەریتە، بە لەبەرچاوگرتنی بەهای خۆراکی و سوودە ئابوورییەکانی بۆ خێزانەکە.

 

حەمامە زاهر، ئامادەکردنی "گەنمی کوڵاو" بە میراسێکی دەوڵەمەند دەزانێت کە لە دایکان و داپیرانەوە بۆیان گوازراوەتەوە، سەرەڕای سەختی ئامادەکردنی، جەخت لەوە دەکاتەوە، کە ئەوان حەز دەکەن ساڵانە لە مانگی ئەیلوولدا بیکەن، بۆ ئەو نیعمەت و خۆشییەی کە دەیھێنێت، وتی: ئێمە بە تامەزرۆییەوە چاوەڕێی ئەم ڕۆژە دەکەین، کاتێک دانەوێڵەی گەنمەکە دەخەینە ناو مەنجەڵەکانەوە، هەست بە خۆشییەکی زۆر دەکەین.

 

سەبارەت بە شێوازی ئامادەکردنی ، وتی: دوای کۆتایی هاتنی وەرزی دروێنە، خێزانەکە بڕێک گەنم بۆ ئەو مەبەستە تەرخان دەکەن، ئامادەکارییەکان لە بەیانی زووەوە دەست پێدەکات، گەنمەکە لە بەرد و پیسی پاکدەکرێتەوە، چەند جارێک دەشۆردرێت تا تەواو پاک دەبێتەوە، دواتر دەکوڵێنرێت، دوای تەواوبوونی پرۆسەی کوڵان، گەنمەکە لەسەر سەقفی خانووە پاکەکان بڵاودەکرێتەوە تا لە ژێر خۆر و هەوادا وشک دەبێتەوە، پاشان ورد دەکرێت و ئامادە دەکرێت بۆ خواردن، لەوێش بۆ ئامادەکردنی خواردنە نەریتییەکان بەکاردەهێنرێت.

 

حەمامە زاهر، پێی وایە ڕێوڕەسمی ئامادەکردنی "گەنمی کوڵاو" بەبێ بەشداری منداڵان تەواو نییە، بەو پێیەی ئەوان بەشێکی بنچینەی ئەم داب و نەریتەن، وتی: ئەم ڕێوڕەسمە خۆشی بۆ منداڵان دەهێنێت، چونکە لە دەوری دەفرە کوڵاوەکان بە چینە بچووکەکانیان کۆدەبنەوە، بەشداری لە قۆناغە سەرەتاییەکانی ئامادەکاریدا دەکەن و بە تامەزرۆییەوە چاوەڕێی بەشەکەی خۆیان دەکەن.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، کە ساڵانە کاتێک دەست دەکەم بە دروستکردنی، خێزان و نەوەکانم بانگهێشت دەکەم بۆ ئەوەی بەشداری ئەم ساتە جوانانە بکەن و پشکی خۆیان وەربگرن، جوانی ئەم داب و نەریتە نەک تەنها لە ئامادەکردنی خواردنەکەدایە، بەڵکو لە کۆبوونەوە و چاوەڕوانی منداڵاندایە، هەروەها لەو خۆشییەدایە کە شوێنەکە پڕدەکاتەوە، کە ساتێکە پڕە لە گەرمی و خۆشی.

 

حەمامە زاهر تیشکی خستە سەر ڕۆڵی سەرەکی ژنان لە بەڕێوەبردنی ژیانی ڕۆژانەدا، جەختی لەوە کردەوە، کە ژنان پارێزەری ڕاستەقینەی میراسی کولتووری و کۆمەڵایەتین، وتی: ژنان بەدرێژایی کات، بەردەوام بوون لە پاراستنی میراتس و داب و نەریتی و بەرپرسیارێتی دەستەبەرکردنی پێداویستییەکانی خێزانەکەیان لە ئەستۆ گرتووە، بەتایبەتی لە وەرزی زستاندا، وایان لێکردووە ببێتە دڵی لێدانی ڕێکخستنی کاروباری ژیان.