گەنجان: ئیدانەی خیانەتی ناوخۆیی دەکەین
ئێوارەی ئەمڕۆ بە ڕێپێوانێکی جەماوەری لە شاری سلێمانی گەنجان ئیدانەی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا و هاوکارییەکانی پەدەکەیان کرد و پشتیوانی خۆیان بۆ زیندانیانی بادینان دەربڕی.
ئێوارەی ئەمڕۆ بە ڕێپێوانێکی جەماوەری لە شاری سلێمانی گەنجان ئیدانەی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا و هاوکارییەکانی پەدەکەیان کرد و پشتیوانی خۆیان بۆ زیندانیانی بادینان دەربڕی.
سلێمانی
ئێوارەی ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی بە پێشەنگایەتی ڕێکخراوی ژنانی گەنجی تێکۆشەر و کۆمەڵەی گەنجانی وڵاتپارێزی کوردستان، ڕێپێوانێکی جەماوەرییان بۆ پشتیوانی لە بەرخۆدانی گەریلا و ئیدانەکردنی هاوکارییەکانی پەدەکە بۆ دەوڵەتی تورکیا لە شەقامی سالم بەرەو باخی گشتی ڕێکخست، تێیدا گەنجان، ژنان، چالاکوان و چین و توێژە جیاوازەکان بەشداری ڕێپێوانەکە بوون.
لە ڕێپێوانەکەدا ئاڵای ژنانی گەنجی تێکۆشەر و گەنجانی وڵاتپارێزی کوردستان و هەرێمی کوردستان بەرز کرایەوە و دژی "خیانەتی ناوخۆیی پەدەکە" و دروشمی "بمرێ خیانەت، بژی بەرخۆدانی گەریلا، گەلی کورد باش بزانە پەدەکە دژی هەمووانە و ئیتر بەسە فشار و خیانەتەکانى پەدەکە” وترانەوە.
شاتوو محەمەد، ئەندامی ژنانی گەنجی تێکۆشەر بۆ ژنها دوا و وتی: ئێمە ئیدانەی هێرشەکانی پەدەکە دەکەین کە لە ماوەی نزیکەی ١٠ ڕۆژدا چەندین گەریلای شەهید کردووە، هەڵوێستی خۆمان دەردەبڕێن دژی دەستگیرکردنی چالاکوانانی بادینان کە بەهۆی ئازادی ڕادەربڕینەوە لە زینداندان بێ ئەوەی تۆمەتبار بن و سزاش دەدرێن، ئێمە پشتیوانی مانگرتنی ئەو زیندانییانەین و هەڵوێستی خۆمان بۆ ئەوان دوپاتدەکەینەوە.
دوای کۆتاییهاتنی ڕێپێوانەکە بەیاننامەی هاوبەشی ژنانی گەنجی تێکۆشەر و گەنجانی وڵاتپارێز لەلایەن ڕێدوور گەرمیان خوێندرایەوە، سەرەتا هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر هەرێمەکانی ئاڤاشین، مەتینا و زاپ و بۆردومانی شارباژێر و پێنجوێن بەبیرهێنرانەوە، هەروەها ئاماژە بە فشارەکانی پەدەکە بۆ سەر هێزەکانی گەریلا و شەهیدکردن و هێرشکردنە سەر گەریلاکانی پەکەکە.
تێیدا هاتبوو: ئیتر بەسە خیانەت و هێرشەکانی پەدەکە لەدژی گەریلاکانی ئازادیی کوردستان، کە بەرامبەر هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک وەستاونەتەوە، گەریلاکانی ئازادی مافی خۆیانە لە هەر بستە خاکێکی کوردستان بەرخۆدانی خۆیان بکەن.
هەر لە بەیاننامەکەدا ئاماژەیان بەوەدا، "دەبێت پەدەکە و تورکیا باش بزانن ئێمەی گەنجان هێز لە بەرخۆدانی گەریلا و ئیمرالی وەردەگرین، هەرگیز خەڵک و گەریلا لەیەک دانابڕێن، ئەوانەی خیانەتی نەتەوەیی دەکەن لەناودەچن".
ت.پ