غەززە لە ئاگری شەڕدا؛ ٥٠ هەزار کوژراو و ٦٦٠ هەزار منداڵ لە خوێندن بێبەشکراون
دوابەدوای هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆسەر ناوچە جۆربەجۆرەکانی غەززە، بە دەیان کەس کوژران و برینداربوون، لەنێویاندا ژن و منداڵ. ئەمەش لە کاتێکدایە کە بانگەوازە نێودەوڵەتییەکان بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی جینۆساید لەم ناوچەیەدا بێ وەڵام ماونەتەوە.

ناوەندی هەواڵ- لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ جینۆساید لە غەززە بەردەوامە و زیاتر لە ٥٠ هەزار هاوڵاتی مەدەنی بە ژن و منداڵیشەوە گیانیان لەدەستداوە. هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ناوچە جۆربەجۆرەکانی غەززە بەردەوامە و ئەمڕۆش ٩ کەس لە نێویاندا منداڵ و ژن لە بۆردومانەکەدا کوژراون. دوێنێش لە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر ناوچە جۆربەجۆرەکانی غەززە ٢٩ کەس کوژران. هەروەها زیاتر لە ٦٦٠ هەزار منداڵ لە غەززە بەهۆی شەڕەوە بێبەش بوون لە خوێندن. دۆخی غەززە بەهۆی گەمارۆدانی تەواوەتی و کەمیی توندی خۆراک و دەرمان و سووتەمەنی گەیشتووەتە مەترسیدارترین ئاستی خۆی. ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی هۆشداری دەدات لە مەترسی برسێتی و کارەساتی مرۆیی لە ناوچەکەدا. جگە لەوەش زیاتر لە ٤٢٠ هەزار دانیشتووی غەززە ناچاربوون ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێبهێڵن.